ڕەوتی نیشتمانیی کوردانی فەیلی لە عێراق دامەزرا

بەغدا
بەغدا

ڕەوتی نیشتمانیی کوردانی فەیلی کە لە کەسایەتی سیاسی و ئەکادیمی و کۆمەڵایەتی پێک هاتووە، لە بەغدا بەشێوەیەکی فەرمی خۆیان ناساند.

شەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2024، ڕەوتی نیشتمانیی کوردانی فەیلی لە بەغدا، بەفەرمی خۆیان ناساند کە لە کەسایەتی سیاسی و ئەکادیمی و کۆمەڵایەتی پێک هاتووە.

دادوەر مونیر حەداد، سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانیی کوردانی فەیلی لە بەغدا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: لەسەر بنەمای ئەو کۆبوونەوەیەی کە کەسایەتییە کوردە فەیلییەکان کردیان، ڕەوتی نیشتمانیی کوردانی فەیلی وەک ڕێکخراوێکی سیاسی دەناسێنن بە ئامانجی، یەکخستن و سەربەخۆیی گوتار و بڕیاری سیاسیی فەیلی، هاوکات ئازادکردنی لەژێر ئەو فشار و کاریگەرییانەی لەسەریەتی، لەگەڵ کۆتایی هێنان بە دابەشکاریی و ململانێ و ئاڵۆزیی سیاسیی.

دادوەر مونیر حەداد سەرۆکی ڕەوتەکە دەڵێت: ئامانجی ڕەوتەکە ئەوەیە ماڵی ناوخۆی کوردی فەیلی یەک بخات، لەگەڵ ئەوەشدا گوزارشتی ڕاستەقینە لە بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و بنەما دەستووریی و یاساییەکان و مرۆییەکان، ئاماژەی بەوەش ڕۆڵی چالاکانەی خۆیان دەبینن لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق.

بە وتەی حەداد، "یەکێک لە ئامانجەکانی بزووتنەوەکە بریتییە لە دروستکردنی چوارچێوەیەکی ڕێکخراو و هەماهەنگیی هاوبەش و کەش و هەوای لێتێگەیشتن لە نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق و بەهێزکردنی ڕۆڵی سیاسی فەیلی و بەشداریکردنی لە پێکهاتنی نیشتمانی و بڕیاردانی سیاسی لەعێراق، لەگەڵ  نوێنەرایەتی کردنی ڕاستەقینەی کوردانی فەیلی لە دامەزراوە دەستوورییەکان و دەسەڵاتە گشتییەکانی دەوڵەتدا، بە پشتیوانی حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییە کاریگەرەکان لە پرۆسەی سیاسیدا".