مەسرور بارزانی: زۆر بەرنامە و پیلان داندران بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان لاواز بکرێت
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ شەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2024، لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەر و بازرگان و پیشەوەر و خاوەنکارانی دهۆک ڕایگەیاند: زۆر بەرنامە و پیلان داندران بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان لاواز بکرێت، بەڵام شکستیان هێنا.
شەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2024 مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەر و بازرگان و پیشەوەر و خاوەنکارانی دهۆکدا گوتی: ئەمڕۆ خۆشحاڵم کە لە خزمەتی ئێوەداین لەگەڵ بەربژێرانی لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، خۆشحاڵم کە دەبینین هەموو ئامادەن بۆ هەڵبژاردنی چەند ڕۆژی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، پشتیوان بەخوای گەورە بە دەنگی خۆتان چارەنووسی خۆتان دیاریی دەکەن و دەنگی خۆتان دەدەن بە پارتی دیموکراتی کوردستان.
مەسرور بارزانی گوتی: هەڵبژاردن هەموو کاتێک چارەنووسسازە بۆ وڵاتەکەمان، بۆ هەر کۆمەڵگە و نەتەوەیەکیش، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا کاتی هەڵبژاردنەکە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، ئەنجامی هەڵبژاردنەکەش بۆ داهاتووی وڵاتەکەمان زۆر گرنگە، دەزانین ناوچەکە بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، پێشتریش هەوڵی بەرنامە و پیلانی زۆر هەبوون لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە پشتیوانی خودا و خۆڕاگریی و پشتیوانی خەڵکی کوردستان ئەو قەیرانەمان تێپەڕاند، بەڵام بۆ داهاتوو پێویستمان بە بڕیاڕی خەڵکی کوردستانە، بە دەنگی خەڵکی کوردستانە بۆ ئەوەی بزانین داهاتووی وڵاتەکەمان چۆن دەبێت و بەرەو کوێ دەچێت.
گوتی: لەبەر ئەوە زۆر گرنگە هەر کەسێک بڕیاری خۆی لە بەرژەوەندی وڵاتی خۆی بدات، بەرژەوەندی نیشتمانی و نەتەوەیی، بۆ داهاتووی میللەتی خۆی، بۆ داهاتووی منداڵەکانی خۆی، داهاتووی وڵاتی خۆی، پێویستە هەر تاکێک کە مافی دەنگدانی هەیە، ئامادەبێت بۆ دەنگدان و بچێت دەنگ بدات، ئەو کەسەی دەنگ نەدات، دڵنیابن خەڵکێکی دیکە لەبری ئێوە دەنگ دەدات کە ڕەنگە ئەنجامەکەی بە دڵی ئێوە نەبێت، لەبەر ئەوە ئەگەر ئێوە حەز دەکەن ئەنجامی هەڵبژاردنی داهاتوو بە دڵی ئێوە بێت، بە دڵی خزم و کەسەکانتان بێت، بە دڵی دروسێکانتان بێت، هەر کەسێک کاریگەریتان لەسەریان هەبێت، هانیان بدەن بچن دەنگ بدەن، بۆ ئەوەی زۆرینەی ڕای خەڵکی کوردستان چی بێت، ئەنجامی هەڵبژاردن بەو شێوەیە بێت.
مەسرور بارزانی گوتیشی: لەبەر ئەوە پارتی بێ منەتە، چونکە لەو باوەڕەیە وەک حزبێکی ڕزگاریخوازی کورد و کوردستانی، هەر کەسێک و هەر تاکێک، هەر ئاین و نەتەوەیەک بێت، جێی لەنێو پارتیدا دەبێتەوە، لەبەر ئەوە چەندی دەنگدەری ئەو هەڵبژاردنە زیاتر بن، باوەڕی ئێمە وایە دەنگی پارتی زیاتر بێت، لەبەر ئەوە هیوادارم هەمووتان بچنە دەنگدان.
مەسرور بارزانی گوتیشی: پارتی لە دەستپێکی خەباتی سیاسی خۆیدا تاکوو ئێستا، هەموو کاتێک چەترێک بووە بۆ کۆکردنەوەی هەموو بیر و بۆچوونە جیاوازەکان لە کوردستاندا، هەمیشە حزبێکی نەتەوەیی و نیشتمانی بووە، هەموو بۆچوونێکی جیاواز شوێنی خۆی لەنێو پارتیدا کردەوە، پارتی لەژێر سەرکردایەتی کردنی بارزانی نەمر تاکوو ئەمڕۆ، ڕۆژێک موساوەمەی لەسەر مافەکانی خەڵکی کوردستان نەکردووە و ناشیکات، هاوکات لە مێژووی پارتیدا دەستکەوت و دوای دەستکەوت بۆ ئەو میللەتە بەدەستهاتووە، سوپاس بۆ خوای گەورە ئێستا کەسێک ڕێبەرایەتی ئەو حزبە دەکات کە هەموومان شانازیی پێدەکەین کە خاوەنی چەندین دەستکەوتە، لەژێر سایەی سەرۆک بارزانی چۆن تاکوو ئێستا پارتی سەرکەوتوو بووە، پشتیوان بەخوای گەورە بۆ داهاتووش سەرکەوتنی گەورەتر بەدەست دێنێت.
جێگری سەرۆکی پارتی دەڵێت: دەستکەوتی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان بەرهەمی خەباتی خوێنی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان و خۆڕاگری خەڵکی هەرێمی کوردستانە، ئەم دەستکەوتانە بە ئاسانی بەدەست نەهاتوون و ئێمەش بە ئاسانی لە دەستی نادەین.
ئاماژەی بەوە کرد، هەر کەسێک بیەوێت ئەو دەستکەوتانەی کە لە هەرێمی کوردستان بەدەست هاتوون لەناو ببات بۆ بەرژەوەندی کەسی یان حزبی خۆی، دەبێت ئەوە بزانێت ئەم وڵاتە خاوەنی هەیە و خاوەنەکەشی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، پارێزەری وڵاتیش سەرۆک بارزانی و پێشمەرگە قارەمانەکانن.
هاوکات باسی لەوە کرد، هەر کەسێک بیەوێت دۆخی وڵات بشێوێنێت دەبێت ئەوە بزانێت کە ڕووبەڕووی گەلێک دەبێتەوە، ڕووبەڕووی پێشمەرگە دەبێتە کە هیچ جارێک بۆ دووژمن خۆی نەچەماندییە، دەستکەوتی ئێمە لە هەموو بوارێکدا زۆرن دەستکەوتەکانمان تەنیا لە خۆڕاگی خۆی نابینێتەوە، بەڵکو لە ئیدارەدانی وڵاتیش خۆی دەبینێتەوە، هەر شوێنێک پارتی لێبێت ئاوەدانی لێیە و ئەمن و ئاسایش تێیدا بەرقەرارە.
مەسرور بارزانی، گوتی: "پارتی لە کاتی ئاشتیدا پێش دەکەوێت، بەڵام خەڵکی ناحەز هەمیشە دەیانەوێت دۆخی وڵات تێک بدەن، بۆیە هەرکەسێک خواستی تێکدانی دۆخی هەرێمی کوردستان هەبێت دەڵێم ناتوانن".
لەبارەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، جێگری سەرۆکی پارتی دەڵێت: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێکی زۆر دژواردا تێدەپەڕێت، کەس نازانێت بارودۆخەکە چی لێ دێتەوە، بەڵام لەژێر سەرکردایەتی حەکیمانەی بارزانی و پارتی هەموو هەوڵێک دەدەین خەڵکی هەرێمی کوردستان و قەوارەی هەرێم تێکەڵی هیچ کێشە و ململانێیەک نەکرێت، بەڵام ئەگەر هەر دۆخێکی ناهەموار ڕووی لە هەرێم کرد دەبێت هەموو لایەک بزانن کە کێ ئامادەیە بەرگری لە هەرێمەکە بکات و ژیانی خۆی بکاتە قوربانی پاراستنی، پارتی ئامادەیە خۆی بکاتە قوربانی کەڕامەت و دەستکەوتی گەلی کورد.
جەختی لەوە کردەوە، زۆر لایەن دڵخۆشن و بەڵێن بە خەڵک دەدەن و درووشم بەرز دەکەنەوە، بەڵام کاتێک بارودۆخی وڵات تێک دەچوو لە هیچ شوێنێک دیار نەبوون، کاتێک داعش هاتن دیار نەبوون، کاتێ پەلاماری هەرێمی کوردستان درا لە پردێ و سحێلا جگە لە پارتی کەس ئامادەنەبوو بەرگریی لە قەوارەی هەرێمی کوردستان بکات، هەر کاتێک پێوێست بکات ئامادەین بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
لە بارەی پارتییەوە، مەسرور بارزانی، دووپاتی کردەوە، ئەگەر سەیری درووشمی لایەنەکان بکەن تەنیا پارتی باس ئاوەدانی، خۆڕاگری و پێکەوەژیان دەکات، درووشمی لایەنەکانی دیکە بۆ تێکدانە و خراپکردنی دۆخی هەرێمی کوردستانە، هیچ کاتێک لایەنەکان نەیانتووانیوە بەبێ پارتی دەستکەوت بۆ میللەت بەدەست بهێنن، پارتی خودا و گەلی کوردی لە پشت بێت لە هەموو کەسی دیکە بێ منەتە.
جێگری سەرۆکی پارتی پەیامێکی ئاراستەی لایەنەکان کرد و گوتی: بە وێرانکردن و کۆتایی پێ هێنان ئەم وڵاتە پێشناکەوێت و کێشەکانی چارە نابن، بەڵام دەبێت خەڵکی هەرێمی کوردستان بڕیار بدەن کە کام لایەن هەڵدەبژێرن، ئایا دەنگ بەو لایەنە دەدەن کە لەگەڵ ئارامی و ئاوەدانیی دایە، یان ئەو لایەنەی کە دەیەوێت دۆخی کوردستان تێکبدات و دەستکەوتەکانی لەناو ببات.
گوتیشی: هەموو لایەنەکان دەیانەوێت پارتی ڕاگرن و رێگربن لە ئارامی و ئاوەدانی کوردستان، بەڵام بە پشتیوانی خەڵکی کوردستان و بە دەنگی خەڵک، پارتی بەردەوام بێت لە ئاوەدانی و بەرەوپێشبردنی هەرێمی کوردستان. پارتی هەر درووشمێک هەڵبگرێت و هەر بەڵێنێک بدات جێبەجێی دەکات.
مەسرور بارزانی، لە درێژەی قسەکانیدا، ئەوەی خستەڕوو، لایەنی دیکە شانازی بەوە دەکەن کە مافی دەستووریی هەرێمی کوردستانیان پێشێل کردووە، هەروەها لەگەڵ هەندێک لایەنی دیکە ڕێککەوتوونە کە مافی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان پێشێل بکرێت و دەسەڵات ڕادەستی حکوومەتی فیدراڵ بکەن، هەروەها شانازی بەوە دەکەن کە پێکەوەژیانی هەرێمی کوردستان تێک بدەن، ویستییان مافی پێکهاتەکان پێشێل بکەن، بەڵام نازانم ئەمڕۆ بە چ ڕووێکەوە هاتوون داوای دەنگ لە تورکمان و کریستییان دەکەن.
هێمای بۆ ئەوەش کرد، بەرنامەی پارتی جێگەی ئومێدی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، ئەگەر خەڵک لە ئێمە ناڕازی بن دەبێت بزانین هۆکار چییە و گوێ لە داواکانیان بگرین، ئەگەر هەر کەموکوڕییەک و کێشەیەکمان هەبێت و بێت و لەنێو خۆمان چارەی بکەین، ئەوا پارتی نەک تەنیا دەیباتەوە بەڵکو بە شێوازێک سەرکەوتوو دەبێت کە هەموو ناحەزێک تووشی شۆک دەبێت.