قەیرانی دارایی كۆنسێرتە عەرەبییەكانی لە كوردستان نەوەستاندووە

بەم قەیرانی داراییە كۆنسێرتە عەرەبییەكان لە ھەرێمی كوردستان بەردەوامن

K24 – ھەولێر

ماوەی دوو ساڵە قەیرانی دارایی تەنگی بە ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان ھەڵچنیووە، بەجۆرێك زۆربەی چالاكییەكان لە ھەموو بوارەكان وەستاون، بواری ھونەریش وەك ھەر بوارێكی دیكە سستی زۆری بەخۆوە بینیووە، بەڵام كۆنسێرتە عەرەبییەكان لە مۆڵ و شوێنە گشتییەكانی ھەرێمی كوردستان بەردەوامن.

لە كاتێكدا ھونەرمەندانی كورد لە باشووری كوردستان بەھۆی قەیرانی داراییەوە ناتوانن بەرھەمەكانیان تۆماربكەن، كۆمپانیا و مۆڵەكان گۆرانی بێژ و گروپە میوزیكییە عەرەبییەكان بانگێشتی كوردستان دەكەن و كۆنسێرتیان بۆ رێك دەخەن، ئەمە جگە لەوەی كە لەرووی مادییەوە سوودمەند دەبن لە ھەمانكاتدا ریكلام بۆ خۆیان و تەلەفزیۆنەكانیان دەكەن.

بەشێك لەو گروپە ھونەریانەی بانگێشتی كوردستان دەكرێن سەر بە تەلەفزیۆنە عەرەبییەكانی تایبەت بە منداڵانن كە ئەمەش بە جۆرێك لە جۆرەكان كاریگەری نەرێنی بۆ سەر منداڵانی كورد دەبێ، لە بری ئەوەی لە سەرەتاوە زمانی دایك بە باشی فێربن و ئاشنای ھونەر و میوزیكی كوردی بن كاریگەری زمان و ھونەری عەرەبیان لەسەر دەبێت.