دەربارەی: کشانەوە یان نەکشانەوەی یەکێتی لە حکوومەت

Kurd24

کۆمەڵێك ئەندام و کادری پێشکەوتووی یەکێتی هەن، دەترسن لەم ڕەوشەی بەسەر هەرێم هاتییە، باجە زۆرەکە خۆیان بیدەن، لە کاتێکدا سەرۆک وەزیران لە یەکێتی نییە و بەرپرسیارێتی ئەوانیش لە حکوومەت کەمترە، بۆیە کشانەوە لە حکوومەت لەم کاتە ئاڵۆز و ناخۆشە بە بڕوای ئەم کۆمەڵە کادرە، خۆدزینەوە و هەڵاتن و سەنگەر گۆڕین نییە، بە پێچەوانەوە خزمەتکردن و پشتیوانی شەپۆلی جەماوەری ناڕازییە، بەجێهێنانی دروشمەکانی هەڵبژاردنە، بە هاناهاتن و پشتگیری خەڵکی ڕەشوڕووتە بۆ وەرگرتنی مووچە و دابینکردنی ژیانێكی جوانتر و خۆشتر... بەشێك لەم ناڕازی و توڕەبوونە، بێگومان پەیوەندی بە ئیمزاکردنی گرێبەستە نەوتییەکان هەیە، بە فرۆشتنی نەوت و خەرجکردنی داهاتی نەوتەوە هەیە.

پرسی نەوت لە کوردستان، پرسێكی زۆر هەستیارە، رای جیاواز لە تێگەیشتن و شێوەی باسکردنی هەیە. کادر و بەرپرسانی باڵای پارتی دەیانجار دووبارەیان کردووه‌تەوە، کە هەردووك جێگری سەرۆکی حکومەت (عماد ئەحمەد و قوباد تاڵەبانی) لە گرێبەستە نەوتییەکان ئاگادارن. لە راستیدا عماد ئەحمەد و قوباد تاڵەبانیش زیاد لە جارێك ئەم قسانەیان پشتڕاست کردووه‌تەوە.

دەبی بنووسین، هەبوونی زانیاری و ئاگاداری لە گرێبەستی نەوت، هیچ ناکاتە بەشداربوون لە نووسینی بەندەکانی گرێبەستی نەوت، ناکاتە ئەوەی، جێگرانی نێچیروان بارزانی ئەگەر ویستبیان، دەستەڵاتیان هەبووە و توانیویانە پێش ئیمزاکردن، گرێبەستەکان بەجۆری دیکە بگۆڕن یان هەڵبوەشێننەوە یان خاڵی تازەی بۆ زیاد بکەن، ناکاتە ئەوەی ئەوان لەکاتی گفتوگۆ و نووسین ئامادەبووین... هەبوونی ئاگاداری و زانیاری تەنیا بە ناردنی کۆپییه‌کی گرێبەست دوای ئیمزاکردن، هیچ ناکاتە پشتگیریکردن لەو گرێبەست و بەشداربوون لە هەڵە و کەموکورتییەکان.

بێگومان لێرە ڕەخنەکان تەنیا ئاڕاستەی نێچیروان بارزانی وەک سەرۆکی حکوومەتی هەرێم ناکرێ و بەڵکو ئەگەر لەم دوو ساڵەی حوکمداری د. بەرهەم ساڵح گرێبەستی نەوت یان گرێبەستی دیکەی گەورە بێ پرسی سەرکردایەتی پارتی ژێر بەژێر ئیمزا کرابێ، ئەویش نابی لە بەرپرسیارێتی خۆی بدزێتەوە.

کشانەوەی یەکێتی لە حکوومەت، لەم کاتە ناسکەی کوردستان، یەکێتی لە بەرپرسیارێتی خاوێن ناکاتەوە، چونکە مێژوو و خەبات و رابردووی یەکێتی زۆر لە مێژوو و پەیدابوونی حزب و گروپە ئیسلامییەکان جیایە. لەکاتێکدا ئەگەر حزبە ئیسلامییەکانیش لە حکوومەت و کابینەی هەشت بکشێنەوە، بۆ بەرژەوەندی گشتی و هێنانە کایەی کەشوهەوایەکی ئارام، باشە یەکێتی لەگەڵ پارتی حکوومەتێکی تازەی تێکنۆکرات دروست بکەن.

ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان بە راستی دەیەوێ کار بۆ خۆڕزگارکردن لەم ڕەوشە ناخۆشە بکا، ئەگەر بیەوێ گوزەرانی خەڵک خۆش بکا وەک دەڵێن دەبی، لە کلك و پشتی شەیتان بێنەخوار و سیاسەتی (هەموو هەنگاوێك لەپێناو نیشتمان) پەیڕە و بکا، دەبی تێبگەن سڕکردن یان وازهێنان لە هەندێك دروشم بۆ خزمەتکردنی خەڵک و دابینکردنی مووچە و لادانی دڵەڕاوکێێ هاوڵاتییان، هیچ ناکاتە لادان لە هێڵی سوور و گشتی و رێبازی خۆیان، بەڵکو وەك هەنگاوێکی باش و پێویست و جوان لەلایەن ئەندام و دۆست و لایەنگران پێشوازی لێدەکرێ.

دەبی سەرکردایەتی یەکێتیش باش بزانن، کشانەوەی یەکێتی لە حکوومەت ناکرێ لەگەڵ کاری خێری مەلا پێش نوێژی بەیانی بەروارد بکرێ، بە سێ جار خۆنوقمکردن لە کانی گەورە و سێ دوعا خوێندن، جەستە و ڕوحی پاکبێتەوە و بۆ پێشنوێژی ئامادەبی، بەڵکو زۆر لەوە گرانترە و پێویستی بە بەرنامە و پلانی تۆخمە هەیە، بە گفتوگۆ و پێکهاتن و کردنەوەی لاپەڕەیەکی تازە لەگەڵ پارتی هەیە. ئەزموونی 25 ساڵ حوکمڕانی کوردی پیشانیدا، هیچ لایەکیان ناتوانن بەتەنها پاپۆڕی کونبووی ئێمە بە ئارامی و سەلامی بەرەو بەندەر ببەن.