ئێران: كورد ياريزانێكى گرنگى هه‌رێمايه‌تييه

K24 – هه‌ولێر:
جێگرى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران حوسێن جابر ئه‌نسارى رايگه‌ياند، كورد ياريزانێكى هه‌رێمايه‌تى گرنگه و مه‌رجى بنه‌ڕه‌تييه بۆ ده‌ستنيشانكردنى چاره‌نووسى سووريا.
له كۆنگره‌يه‌كى رۆژنامه‌وانييدا كه له مۆسكۆ ئه‌نجاميدا، ئه‌نسارى گوتى: ئێران پێشوازى له هه‌ر پلانێك ده‌كات كه ببێته هۆى چاره‌سه‌ركردنى قه‌يرانى سووريا و زه‌مينه‌سازى بۆ دانووستانى نێوان حكومه‌ت و ئۆپۆزيسيۆنى سووريا بكات.
سه‌باره‌ت به كورديش گوتى: كورد به ياريزانێكى هه‌رێمى به‌هێز هه‌ژمار ده‌كرێت و پێويسته خواسته‌كانيان له‌به‌ر چاو بگيرێن وه‌ك مه‌رجێكى گرنگ بۆ ده‌ستنيشانكردنى چاره‌نووسى سووريا.
رۆژى چوارشه‌ممه‌ى رابردوو، ئه‌نسارى له مۆسكۆ له‌گه‌ڵ هاوتا رووسييه‌كه‌ى ميخائيل بوگدانۆڤ كۆبوويه‌وه و هه‌ر دوولا له باره‌ى ره‌وشى سووريا و دۆزينه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى سياسى بۆ قه‌يرانى سووريا وتوێژيان كرد.