مۆراتا: به‌رده‌وام بۆ سوود وه‌رگرتن چاودێری هێرشبه‌رێك ده‌كه‌م
مۆراتای هێرشبه‌ری یانه‌ی ریال مه‌دریدی ئیسپانیا له لێدوانێكدا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه به‌رده‌وام سه‌یری شێوازی گۆڵه‌كانی لیڤاندۆڤسكی ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی شتی زیاتری لێ فێربێت، ده‌شڵێت: زۆر له یانه‌ی چێڵسی نزیك بووم، به‌ڵام له ریال مه‌درید گره‌نتی یاریكردنیان پێدام.
ئه‌لڤارۆ مۆراتای یاریزانی ریال مه‌درید له لێدوانێكدا كه له پێگه‌ی Telegraphـی بریتانیا بڵاو بۆته‌وه، ده‌ڵێت: یانه‌ی چێڵسی گرێبه‌ستێكی پێشكه‌ش كردم كه پێشتر هیچ یاریزانێكی ئیسپانیا ئه‌و نرخه‌ی پێ نه‌دراوه، به‌ڵام زینه‌دێن زێدانی راهێنه‌ری ریال مه‌درید دڵنایی ته‌واوی پێدام كه به‌شێكی گه‌وره ده‌بم له پلانه‌كانی.
مۆراتا لێدوانێكی دیكه‌ی دا كه ره‌نگه به‌هۆیه‌وه كریستیانۆی هاویانه‌ی توڕه بكات، كاتێك ده‌ڵێت: لیڤاندۆڤسكی یاریزانی بایرن میونشن باشترین هێرشبه‌ره لای من و به‌رده‌وامیش سه‌یری شێوازی یاریكردن و گۆڵه‌كانی ده‌كه‌م تا شتی زیاتری لێ فێربم.
مۆراتای ته‌مه‌ن 23 ساڵ، ده‌شڵێت: ڕاسته لیڤاندۆڤسكی جه‌سته‌یه‌كی قورسی هه‌یه، به‌ڵام گۆڵكه‌رێكی ترسناكه و له هه‌ژاندنی تۆڕی به‌رامبه‌ر زۆر لێزان و به توانایه.
ئه‌لڤارۆ مۆراتا، له یانه‌ی ئاتڵێتیكۆ مه‌درید ده‌ستی به یاریكردن كردووه، دواتر له 2008 په‌یوه‌ندی به تیپی تازه‌پێگه‌یشتووانی ریال مه‌درید كردووه، له دوو وه‌رزی رابردووش له سێریا ئه‌ی یاری بۆ یوڤێنتۆس كرد، له هاوینی ئه‌مساڵیش بۆ یانه‌ی شایانه گه‌ڕایه‌وه.