ئەردۆغان داوای بەشداریكردن لە شەڕی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی رەقە دەكات

K24 – هه‌ولێر

سه‌رۆك كۆماری توركیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان داوای كرد سوپای وڵاته‌كه‌ی به‌شداری له‌ شه‌ڕی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاری ره‌قه‌ بكات، كه‌ بڕیاره‌ به‌ به‌شداری هێزی كوردی و پشتگیری هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا به‌ڕیوه‌ بچێت.

ئه‌ردۆغان له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ ئه‌مریكا له‌ناو فڕۆكه‌ به‌ رۆژنامه‌نووسانی رایگه‌یاند: "وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و به‌رپرسانی سه‌ربازیمان سه‌رقاڵی دانوستانن له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئه‌مریكی بۆ تاوتوێكردنی پرسی شاری ره‌قه كه‌ له‌مباره‌وه‌ هه‌ڵوێستمان خستووه‌ڕوو".

گوتیشی: "پێكه‌وه‌ كاركردن بۆمان گرنگه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا له‌و كاره‌دا په‌یه‌ده‌ یان یه‌په‌گه‌ به‌شدارییان پێ نه‌كات، ئیمه‌ ده‌توانین له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا به‌شداری له‌و شه‌ڕه‌ بكه‌ین".‌

توركیا ئه‌ندامی ناتۆیه‌ و به‌شێكه‌ له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا له‌ شه‌ڕی دژی داعش، پشتگیری له‌ عه‌ره‌بی سونه‌ و توركمانه‌كانی سوریا ده‌كات كه‌ مانگی رابردوو پێكه‌وه‌ به‌شدارییان له‌ شه‌ڕی جه‌رابلوس كردبوو.

توركیا له‌ماوه‌ی نزیكه‌ی شه‌ش ساڵ شه‌ڕی سوریا قورسایی خۆی خستبووه‌ سه‌ر له‌سه‌ر كار لادانی به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆك كۆماری سوریا، له‌ جیاتی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ داعش، به‌ڵام پاش پێشڕه‌وییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی كورد، هه‌ڵوێستی گۆڕیوه‌ و هه‌وڵی پێشیگرتن به‌ پێشڕه‌وییه‌كانی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات و كۆتاییهێنان به‌ پشتگیرییه‌كانی ئه‌مریكا له‌ رۆژئاوای كوردستان ده‌دات.