عێراق نێوه‌ندگیری ئێران و سعوودییە دەکات

"هه‌وڵه‌كان بۆ به‌رزركردنه‌وه‌ی نرخی نه‌وت به‌رده‌وامن"

K24 - هه‌ولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئێوارەی دوێنێ لە جەزایری پایتەخت رایگەیاند، وڵاتەکەی لە بارەی رێککەوتنی ئێران و سعوودیە بە مەبەستی رێکخستنی هەناردەی نەوت، نێوه‌ندگیری نێوان ئەو دوو وڵاتە دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە کۆبوونەوەی نافەرمی وەزیرانی نەوتی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپێك، لە پایتەختی جەزائیر سازده‌كرێت و وڵاتانی ئەندام هەوڵ دەدەن نرخی فرۆشتنی نەوت بەرز بکەنەوە.

عێراقیش بە مەبەستی رێکخستنی هەناردەی نەوتی ئێران و سعوودیە، هەوڵ دەدات ئەو دوو وڵاتە لە یەکتر نزیکبکاتەوە.

لە چەند مانگی رابردوودا، هەناردەکارانی نەوت هەوڵیاندا بە کەمکردنەوەی هەناردەکردن، نرخی نەوت بەرز بکەنەوە.

لە کۆبوونەوه‌یەکدا کە پێشتر لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوەچوو، سعوودیە بەڵێنیدا، ئاستی هەناردەی نەوتی خۆی دابەزێنیت، بەڵام ئێران دەڵێت بە هۆی ئەوەی لە کاتی گەمارۆکاندا نەیتوانیوە پشکی خۆی هەناردە بکات، ئێستا ئامادە نییە ئاستی هەناردەکردنی نەوتی خۆی دابەزێنێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، عێراق ئاماده‌یی خۆی ده‌ربڕیوه‌ بۆ نێوه‌ندیگیریركردنی ریاز و تاران.