ئێران دوای شه‌ش مانگی هاووڵاتییه‌ كه‌نه‌دی ئازاد ده‌كات

هوما هودفه‌ر مامۆستای زانكۆیه‌ له‌ كه‌نه‌دا

K24 - هه‌ولێر:

ھۆما ھودفەر ھاووڵاتی ئێرانی - كەنەدی، كە لەكاتی سەردانی بۆ ئێران لە لایەن ھێزە ئەمنییەكانی ئەو وڵاتەوە دەستگیر كرابوو دوای 7 مانگی لە زیندانەكانی ئێران ئازاد كرا و گەڕایەوە كانادا.

وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریكاش نیگەرانن لە دەستگیركردنی ھاووڵاتیانی وڵاتەكەیان لە لایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە و داوای ئازادكردنیان دەكەن.

پرسی ھاوڵاتیانی خاوەن دوو رەگەزنامە لە ئێران، بووەتە باسێكی ھەستیار بۆ ئەو كەسانەی دەیانەوێ سەردانی ئەو وڵاتە بكەن. پرسێك كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیشی ھێناوەتە دەنگ، دوای ئەوەی لە ماوەی یەكساڵی رابردوودا چەندین ھاووڵاتی خاوەن دوو رەگەزنامە لە لایەن ھێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە دەستگیر كران.

یەكێك لەو ھاوڵاتیانە، ھۆما ھودفەر ھاووڵاتی ئێرانی - كەنەدی، كە مامۆستای زانكۆی كۆنكوردیا بوو لە كەنەدا، دوای 7 مانگ زیندانی لە زیندانەكانی ئێران ئازاد كرا و رۆژی پێنجشەممە گەڕایەوە بۆ كانادا. ھودفەر لە فڕۆكەخانەی تۆرنتۆ لە لایەن كەسوكار و ھاورێكانییەوە پێشوازی لێكرا.