ئێران "قۆناخێكی نوێی شۆڕشی سەربازی" رادەگەیەنێت

فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆمبھاوێژ نمايشده‌كات
kurdistan24.net

K24  - هه‌ولێر:

ئێران لە رێگەی نمایشكردنی ژمارەیەك فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی بۆمبھاوێژ دەڵێ، قۆناخێكی نوێی شۆڕشی سەربازی رادەگەیەنێت، هاوکات فەرماندە باڵاكانی سوپای پاسدارانیش دەڵێن، ئەو ھەنگاوەیان پەیامێكە بۆ ھەر ھەرەشەیەكی دەرەكی و خستنەڕووی توانای ھێزی بەرگری وڵاتەكەیانە.

سوپای پاسدارانیش بە بڵاوكردنەوەی وێنەی ژمارەیەك فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆمبھاوێژ، ئەو ھەواڵەی پشتڕاست كردۆتەوە و بە شۆڕشێكی سەربازیی نوێ و پەیامێك بۆ ھەڕەشە دەرەكیيەكانی سەر ئاسایشی وڵاتەكەی ناویدەبات.

ئەمیر حاجیزادە فەرماندەی ھێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانیش دەڵێت، توانای ئەو فڕۆكە سەربازییانە لە ئاستێكدایە كە چەندین شوێنی دیاریكراو لە ماوەیەكی كەمدا دەپێكێت.

ھەندێك لە راگەیاندنەكانی ئێرانیش وێنەی فڕۆكەیەكی سەربازیی بێ فرۆكەوانیان بڵاو كردەوە كە دەڵێن، فڕۆكەی ئەمریكی لە جۆری ئێم كیوو یەك سی تایبەت بە دەزگای ھەواڵگری ئەمریكا و سوپای ئەو وڵاتەیە و لە لایەن ئێرانەوە دەستیبەسەردا گیراوە بەڵام ئاماژەی بە شوێن و كاتی دەستبەسەرداگرتنی ئەو فڕۆكە سەربازییە ئەمریكییە نەكردووە و دەشڵێن، نمایشی ئەو مووشەكانە خستنەرووی قۆناغێكی نوێی توانای بەرگری وڵاتەكەیانە.