یه‌كگرتووی ئیسلامی: چه‌ند رۆژی داهاتوو به‌رهه‌می شانده‌كه بۆ به‌غدا روونده‌بێته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
یه‌كگرتووی ئیسلامی رایده‌گه‌ینێت له چه‌ند رۆژی داهاتوو به‌رهه‌می چوونی شانده‌كه بۆ به‌غدا روونده‌بێته‌وه له به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌شدا عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی به توندی هێرشده‌كاته سه‌ر ئه‌مینداری یه‌كگرتوو كه یاوه‌ری شانده‌كه‌ی بارزانی بووه، ئه‌مینداری یه‌كگرتووش له روونكردنه‌وه‌يه‌كدا داوايكردووه، رێز له بۆچوون و تێڕوانينى جيا بگيرێت.
له‌نێو حزبه ئیسلامییه‌كان، ته‌نیا ئه‌مینداری یه‌كگرتوو یاوه‌ری شانده‌كه‌ی بارزانی بوو بۆ به‌غدا، یه‌كگرتووش دڵنیاییه كه شانده‌كه به ده‌ستی به‌تاڵ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه، به‌رپرسێكی باڵای ئه‌و حزبه‌ش ده‌ڵێت له چه‌ند رۆژی داهاتوو هه‌مووان به‌رهه‌می سه‌ردانه‌كه ده‌بینن.
كۆمه‌ڵ به توندی هێرشده‌كاته سه‌ر یه‌كگرتووی ئیسلامی، عه‌لی باپیریش له كۆڕێكدا ده‌ڵێت، ئێمه فێرنه‌بووین به‌دوای كه‌س بكه‌وین، به‌رپرسێكی كۆمه‌ڵیش نكۆڵی له‌وه ده‌كات، به فه‌رمی ره‌خنه‌یان له یه‌كگرتوو گرتبێت.
بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی بانگێشت نه‌كراوه، به‌ڵام به‌لای ئه‌وانه‌وه گرینگ نییه، كێ ده‌چی، گرینگ ئه‌وه‌یه، سه‌ردانه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندی كورد بێت.
به‌پێی زانیارییه‌كانی كوردستان24 سێ جار سه‌لاحه‌ددین به‌هائه‌ددین داوای له بارزانی كردووه كه عه‌لی باپیر یاوه‌ری شانده‌كه بێت، دوای ڕازی بوونی بارزانی، ئه‌میندار داوا له ئه‌میری كۆمه‌ڵ ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وان نه‌ك ڕازی نابن، به‌ڵكو به‌تووندیش وه‌ڵامی یه‌كگرتووی ئیسلامی ده‌ده‌نه‌وه.