مه‌حموود عوسمان باسی سه‌ردانی شانده‌ باڵاكه‌ی هه‌رێم ده‌كات بۆ به‌غدا

"بۆ جیابوونەوەش بێت، دەبێت سەرەتا لەگەڵ بەغدا رێكبكەوین"
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

سیاسەتوانی كورد مەحموود عوسمان دەڵێت, چارەسەركردنی كێشەكان و گەیشتن بە ئامانجەكان لە ڕێگەی بەغداوە دەبێت نەك شوێنێكی دیكە. داواش دەكات لە داھاتووشدا سەردانی لەمجۆرە بەردەوام بن.

ئەمە لە كاتێكدایە ھەندێك لایەن رەخنەیان لە سەردانی شاندە باڵاكەی ھەرێمی كوردستان گرت و بە گەڕانەوە و تەسلیمبوون بە بەغدا لەقەڵەمیاندا.

داوا دەكرا سەركردایەتی سیاسی كورد، بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بچنە بەغدا ، كەچی كاتێك كە چوون لەلایەن ھەندێك كەس و لایەنەوە رەخنەیان لێدەگیرێت، سەردانەكە بە گەڕانەوە و ملكەچ بوون بۆ بەغدا سەیر دەكەن.

ئەم سیاسەتمەدارە كە لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا سەرۆكایەتی چەندین شاندی كردووە بۆ بەغدا، ھەرچەندە سەردانەكە بە درەنگ وەخت وه‌سفده‌كات، به‌ڵام بە گرنگیشی دەزانێت.

ھەفتەی رابردوو شاندێكی باڵای ھەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی بارزانی سەردانی بەغدایان كرد و لەگەڵ سەرۆكوەزیران و گەورە بەرپرسانی عیراقی كۆبوونەوە، پرسی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ھەولێر و مافی بریاردانی چارەنووس و ئازادكردنەوەی موسڵ, گرنگترین تەوەرەكانی كۆبوونەوەكانیان بوون.

مامۆستایەكی زانستە سیاسییەكانیش وایدەبینێت, ئەگەر بۆ جیابوونەوەش بێت، دەبێت سەرەتا لەگەڵ بەغدا رێكبكەوین.

لەگەڵ گەڕانەوەی شاندەكە بۆ ھەرێمی كوردستان، لە لایەن ھەندێكەوە ڕەخنەی ئەوە یان ئاراستە كرا،  كە دوای تێپەڕبوونی 3 ساڵ بەسەر گرفتەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا، دواجار ھەرێم پێویستی بە بەغدا بووەوە و بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دارایی, خۆی لە دەرگای حكومەتیيەكەی دەدات.