هونه‌ر ئه‌حمه‌د و دیار یاخی بایكۆته‌كه‌یان شكاند و گه‌ڕانه‌وه یانه‌ی زاخۆ
دوای دوو مانگ له بایكۆتكردن و دووركه‌وتنه‌وه له یانه‌ی زاخۆ، هونه‌ر ئه‌حمه‌د و دیار یاخی په‌یوه‌ندیان به یانه‌ی زاخۆ كرده‌وه، سه‌رۆكی یانه‌ی زاخۆش چه‌ند زانیارییه‌ك له باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌م دوو یاریزانه بۆ كوردستان24 ده‌دركێنێت.
عه‌بدولوه‌هاب محه‌مه‌د عیسا، سه‌رۆكی یانه‌ی زاخۆ له لێدوانێكدا بۆ كوردستان24، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه هونه‌ر ئه‌حمه‌د و دیار یاخی به‌پێی رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌كه گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
سه‌رۆكی یانه‌ی زاخۆ ده‌ڵێت: له ماوه‌ی دوو رۆژی داهاتوو ده‌بێت ئه‌م دوو یاریزانه په‌یوه‌ندی به یانه‌ی زاخۆ بكه‌نه‌وه، بڕیاریشه پێش ده‌ستپێكی یاری داهاتوومان له خولی نایابی عێراق به‌رامبه‌ر یانه‌ی به‌غدا، 40%ـی گرێبه‌سته‌كه‌یان پێ بده‌ین.
عه‌بدولوه‌هاب محه‌مه‌د، ده‌شڵێت: سه‌ره‌ڕای پێدانی مافه‌كانیان، به‌ڵام به‌هۆی بایكۆتكردنیان و دابڕانیان بۆ ماوه‌ی دوو مانگ، له‌سه‌ر سزایه‌كی بچو‌وكیش له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو یاریزانه رێككه‌وتووین.
هونه‌ر ئه‌حمه‌د و دیار یاخی، پێشتر داوای 50% گرێبه‌سته‌كه‌یان له ئیداره‌ی یانه‌ی زاخۆ كرد بوو، به‌ڵام داوایه‌كه‌یان ڕه‌ت كرایه‌وه، ئه‌وانیش بایكۆتی یانه‌كه‌یان كرد و یاوه‌ری كه‌مپی مه‌شق و راهێنانی یانه‌كه‌یان له وڵاتی ئه‌رمینیاش نه‌كرد.