پارێزگارانی ئێران هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یان

زه‌ریف: روخساری سیاسەتی دەرەوەی لە جیهاندا خەوشدر مەکەن

K24 - هه‌ولێر:

لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی ئێراندا کە تایبەت بوو بە پیشکەشکردنی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لە بارەی رێککەوتنی ئەتۆمی، نوێنەرانی محافزەکان بە توندی هێرشیان کردە سەر محەمەد جەواد زەریف و راپۆرتەکەی وەزیری دەرەوەی ئێرانیان بە ناراست ناوبرد. ئەمەش گرژی و ئاڵۆزی لە نێو پەرلەمانی ئێرانی لێکەوتەوە.

حیشمەتوڵلا فەلاحەتپیشە, نوێنەری ئیسلامئاوا و داڵاهۆ ده‌ڵێت: "کۆماری ئیسلامی وەک سیاسەتی خۆی رێککەوتننامەی ئەتۆمیی بەڕێوەبردووە بەڵام بەڕێوەچوونی ئەم رێککەوتنە دا هیشتا رەخنەی زۆری لەسەرە. ئەگەر کارشکێنی درێژەی هەبێ ئەوا ناوەندە جیاوازەکانی حکوومەت ئەرکی خۆیان لەمبارەیەدا بەڕێوە دەبەن".

محەمەد جەواد زەریف, وەزیری دەرەوەی ئیران گوتی: "روخساری سیاسەتی دەرەوەی شۆرشگێڕانە و خەباتکارانە و خۆڕاگری کۆماری ئیسلامی لە جیهاندا خەوشدر مەکەن. ئەگەر کەسێک ئاو لە ئاشی دوژمنی ئێران و دوژمنی شۆرشی ئیسلامی دەکات ئەوا کەسانێکن کە گومان لە بەدواداچوونی سیاسەتە بنەماییەکانی نیزام دەکەن.