داهاتی سلێمانی بۆ پێداویستییه‌كانی سلێمانی خه‌رج ده‌كرێت

بانكی ناوه‌ندی هه‌رێم له‌ سلێمانی روونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بانكی ناوه‌ندی هه‌رێم له‌ سلێمانی رایگه‌یاند" داهاته‌كانی پارێزگای سلێمانی پاش ئه‌وه‌ی رێكاری یاسایی خۆی وه‌رده‌گرێت ئه‌وكات داهاتەكه‌ خەرج دەكرێت بۆ پێداویستی پاڕێزگای سلێمانی، واتە ئیجرائاتی یاسایی وئیداری خۆی وەردەگرێت، دواتر بۆ پڕ كردنەوەی پێداویستی فەرمانگەکان وكارە خزمەتگوزاریەكان خەرج دەكرێت.

له‌و روونكردنه‌وه‌یه‌دا عه‌بدولڕه‌حمان ساڵح ره‌شید به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بانكی ناوه‌ندی هه‌رێم له‌ سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ بە دیكۆمێنت پاڕێزراوە لەلای فەرمانگە پەیوەندیدارەكان و گەنجینەكان و وەزارەتی دارایی وئابوری حكومەتی هەرێم، كە داهاتی پاڕێزگای سلێمانی دەخرێتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی نەك هیچ لایەكی تر، ئەو حسابەش لەژێر چاودێری وەزارەتی دارایی وئابورییدایە وبەردوەام زانیارییان لەسەری هەیە وچاودێری دەكەن،به‌ڵام داهاته‌كه‌ بۆ پێداویستییه‌كانی پارێزگای سلێمانی خه‌رج ده‌كرێت.

به‌گوێره‌ی ئه‌و روونكردنه‌وه‌بێت،داهاته‌كانی پارێزگاكه‌ بۆ پێداویستییه‌كانی سلێمانی خه‌رج ده‌كرێت و ره‌وانه‌ی بانكی ناوه‌ندی هه‌رێم له‌ هه‌ولێر ناكرێت، به‌ڵكو له‌ بانكی ناوه‌ندی هه‌رێم له‌ سلێمانی به‌كاریده‌هێنن و له‌و پارێزگایه‌ خۆیدا خه‌رج ده‌كرێته‌وه‌.

ده‌قی رونكردنه‌وه‌كه‌

دوای ئەوەی لەچەند كەناڵێكی ڕاگەیاندن هەواڵ وڕاپۆرتی چەواشەكارانە بڵاو كرایەوە  لەسەر بڕی داهاتی ناوخۆی سلێمانی ونەناردنی ئەو داهاتە بۆ بۆ وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم لە هەولێر، بە پێویستمان زانی كورت وپوخت بە چەند خاڵێك وەڵام بدەینەوە..

یەكەم: بە دیكۆمێنت پاڕێزراوە لەلای فەرمانگە پەیوەندیدارەكان و گەنجینەكان و وەزارەتی دارایی وئابوری حكومەتی هەرێم، كە داهاتی پاڕێزگای سلێمانی دەخرێتە سەر حسابی وەزارەتی ناوبراو نەك هیچ لایەكی تر، ئەو حسابەش لەژێر چاودێری وەزارەتی دارایی وئابورییدایە وبەردوەام زانیارییان لەسەری هەیە وچاودێری دەكەن ..

دووەم: لەڕێی ئەو حسابە و گەنجینەكانی سلێمانی وفەرمانگەكان، ئەو داهاتە خەرج دەكرێت بۆ پێداویستی پاڕێزگای سلێمانی، واتە ئیجرائاتی یاسایی وئیداری خۆی وەردەگرێت، دواتر بۆ پڕ كردنەوەی پێداویستی فەرمانگەکان وكارە خزمەتگوزاریەكان خەرج دەكرێت..

سێیەم: بە هیچ شێویەك ئەم پرۆسەیە مۆركی هیچ حیزبێكی پێوە نیە وداهاتی ناوخۆی سلێمانی نە دەچێتە گیرفانی حیزب ونە حیزبیش دەتوانێت هەڵسوكەوتی پێوە بكات و ته‌نها لایه‌ن که‌ بۆی هه‌یه‌ ته‌سه‌رفی پێوه‌ بکات وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوریه‌ ، له‌ژێر چاودێری و ووردبینی دیوانی چاودێری دارایی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان.

 لەگەڵ ڕێزدا...

 عبدالرحمن صالح رەشید

بەڕێوبەری گشتی بانكی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی