لیژنەیەك بۆ دامەزراندنی فەرمانبەران پێك دەھێندرێت

"لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران چەند بڕگەیەك پەسند كران"
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

وەزیری كارو كاروبارو حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، سەبارەت بە داواكاری چەند وەزارەتێك لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاردرا لیژنەیەكی تایبەت پێك بھێنرێت و زانیاری كۆبكاتەوە و بەدواداچوون بكات.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 محەمەد ھاودیانی وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی رایگەیاند: "كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ سێ بڕگەی لەخۆگرتبوو یەكێكیان تایبەت بوو بەو رێنماییانەی جێبەجێكردنی یاسایی 11 كە تایبەتە بە پێدانی زانیاری بە دەزگاكانی راگەیاندن لەلایەن فەرمانگەكانی سەر بە حكوومەت رێنماییەكان پەسندكران دواتریش بە نووسراوێك ئاراستەی سەرجەم دەزگاكانی حكوومەت دەكرێت، بۆ ئەوەی ھاوكاری تەواوی دەزگا راگەیاندنەكان بكرێت، بە شێوەیەكی شەفاف ئەو زانیاریانەی كە ھەیە  لە چوارچێوەی پاراستنی باری ئەمنی نەتەوەیی ھەرێمی كوردستان دەخرێنە بەردەم دەزگا راگەیاندنەكان".

گوتیشی: "بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە دامەزاراندی چەند توێژێك كە ھەندێك وەزارەت داوایان كردووە، بڕیار وەرگیرا بۆ ئەوەی لیژنەیەكی تایبەت پێك بھێنرێت ئەم لیژنە تایبەتە كۆمەڵێك داتا كۆدەكاتەوە و بەدواداچوون دەكات، بۆ ئەوەی ھەم لەگەڵ بارودۆخی دارایی و داھاتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بگونجێت، ھەمیش گەشە بدات بەو وەزارەتانەی كە پێویستە لە رێی زانستی یان تەندروستیدا گرنگیان پێبدرێت".

محەمەد ھاودیانی ئەوەشی خستەڕوو: "خاڵی سێیەمی كە تایبەت بوو بە پەسندكردنی ستیجیەتی پاراستنی كۆمەڵایەتی لە ھەرێمی كوردستان كە وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی و پلان بە ھاوكاری بانكی نێودەوڵەتی ئامادەیان كردووە، كۆمەڵێك بواری زۆر گرنگ لە ھەرێمی كوردستان لە خۆ دەگرێت، بە تایبەتی لە بواری بازاڕی كار و بیمە كۆمەڵایەتییەكان و پاراستنی كۆمەڵایەتی، ئەو ستراتیجیەتە لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسند كرا".