تیمی وه‌زاریی گۆڕان: ته‌نها ساڵێك و 3 مانگ له حكوومه‌ت به‌رپرسیارین
24 - هه‌ولێر:
تیمی وه‌زاریی گۆڕان له حكوومه‌ت، كه ئێستا پۆسته‌كانییان به وه‌كاله‌ت پڕكراوه‌ته‌وه، به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی ساڵێك به‌سه‌ر دوورخستنه‌وه‌یان له حكوومه‌ت، راگه‌یه‌ندراوێك بڵاوده‌كه‌نه‌وه و ده‌ڵێن: "ته‌نها ساڵێك و سێ مانگ به‌رپرسیارێتیمان له حكوومه‌ت هه‌بووه و ئه‌و ماوه‌یه له حكوومه‌ت به‌رپرسیارین".
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی تیمی وه‌زاریی گۆڕان، كه پارتی دیموكراتی كوردستان به خۆسه‌پێن وه‌سفده‌كات، هاتووه، ئه‌وان له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شی راسته‌قینه و به دامه‌زراوه‌ییكردنی فه‌رمانگه‌كانی حكوومه‌ت و نه‌هێشتنی شوێنه‌واری دوو ئیداره‌یی به‌شدارییان له حكوومه‌تی بنكه‌فراوان كرد.
تیمی وه‌زاری گۆڕان، كه به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، 16 پۆستیان له كابینه‌ی هه‌شته‌می حكوومه‌ت به‌ركه‌وتووه به پله‌ی وه‌زیر، ئاماده‌یی خۆیان بۆ لێپرسینه‌وه له‌به‌رده‌م په‌رله‌مان نیشانداوه، هاوكات خۆیان له هه‌موو لایه‌نه به‌شداره‌كانی حكوومه‌ت جیاده‌كه‌نه‌وه و ئاماژه به‌وه‌ده‌كه‌ن، ره‌وا نییه هه‌موو لایه‌نه به‌شداربووه‌كانی حكوومه‌ت وه‌ك و یه‌ك به‌رپرسیارێتییان بخرێته‌ئه‌ستۆ و ده‌ڵێن: "دوای دورخستنه‌وه‌مان هیچ به‌رپرسیارێتییه‌ك ناكه‌وێته سه‌ر شانی ئێمه، بۆیه ناكرێ و ره‌وا نییه هه‌مو لایه‌نه به‌شداربوه‌كانی كابینه‌كه وه‌ك یه‌ك به‌رپرسیار بكرێن".
له به‌شێكی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌شدا هاتووه: "بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به وه‌رگرتنی "چوار وه‌زیر و یەک سه‌رۆكی ده‌سته و دو بریكاری وه‌زاره‌ت و دو راوێژكار و شەش به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی، یەک نوێنه‌ری حكومه‌ت له ده‌ره‌وه" به‌شداریی كردوه".
راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌كاتێكدایه، هێشتا تیمی وه‌زاریی ئه‌و حزبه، نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆیان به فه‌رمی پێشكه‌ش به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان نه‌كردووه.