لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی مووسڵ چەند ناوچەیەك بە پێشمەرگە دەسپێردرێن

kurdistan24.net

K24 - باشیك

مووسا گەردی فەرماندەی فەرماندەیی ھەڵگوردی ھێزی پێشمەرگە بە كوردستان24 گوت: "بەپێی ئەو ھەماھەنگییەی لە نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا و ھاوپەیمانان ھەیە بۆ ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ، وەك ھێزی پێشمەرگە لە ئامادەباشیداین و چاوەڕێی فەرمانی سەركردایەتی خۆمان و كاتژمێری سفر دەكەین بۆ ھێرشكردن".

راشیگەیاند: "بەپێی رێككەوتنی سەربازی نێوان ھەرێمی كوردستان و ئەمریكا و بەغدا، ھەندێك ناوچە بە ھێزی پێشمەرگە سپێردراون كە بە تەنیا ھێرشیان بۆ دەكات، ئەو ناوچانەش ناوچە كوردستانییەكانن".

 

لە لایەكی دیكە محەمەد حاجی مەحموود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ دوایین گورزە كە لە دەوڵەتی بەناو ئیسلامی (داعش) دەدرێت، بۆ ئەنجادانی ئەو ئۆپەراسیۆنە ھەماھەنگی لەنێوان ھەموو ھێزەكانی ھاوپەیمانان و سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان و پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەكان كراوە".

لەبارەی بەشداری ھێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ گوتی: "پێشتر رێككەوتنی سەربازی لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریكا كراوە، بەپێی ئەو رێككەوتنە پێشمەرگە لەو شەڕە ھاوبەشە و دوای ئۆپەراسیۆنەكەش ھاوبەش دەبێت لەو ناوچانەی رزاگار دەكرێن".

محەمەد حاجی مەحموود ئاشكرای كرد: "لە قۆناغی یەكەمی ئازادكردنی مووسڵ پێشمەرگە ناچێتە ناوشارەكە، رەنگە لە قۆناغی دووەمدا بۆ پاراستنی رەوشی ئەمنی و پاراستن بچێتە ناومووسڵ".