ئەوانەی دوێنێیان لەبیرکرد و ناشیانەوێ لەمڕۆ تێبگەن

Kurd24

ماوەیەکە هەڵمەتێکی نەرم لەسەر سەدام و رژێمەکەی لە هەندێک سایت و ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستی پێکردووە و بێشەرم و بە ئاشکرا، باس لە لایەنێکی پۆزەتیڤی ژیانی سەدام حوسێن دەکەن، کە خوێنەر بیەوێ یان نەیەوێ، ئەو گەورە دیکتاتۆرە وەک کەسێکی زۆر بەوەفا و مرۆڤ دۆستی دێتە بەرچاو. جگە لەوە زۆرجار لە شاشەکانی تەلەفزیۆنیش باسی سەدام حوسێن دەکرێ و هەندێ کەس بە ئاشکرا مەدحی دەکەن و ئەویان لە سکرتێر و سەرۆک حزبەکانی کوردستان و حکومەتەکەی هەرێم زۆر لاباشترە.

ئەم هەڵمەتە دیار نییە لەلایەن چ کەسێک دەستی پێکردووە، ناشزاندرێ ئەوانەی بە نەرمە نەرم مەدحی سەداممان بۆدەکەن، بە ڕادان ئەو کارە دەکەن یان پێشتر خۆیان یان باوکیان جاش یان بەعسی بووینه‌ یانیش لە گێلی و نەفامی خۆیانە، بەڵام بۆ ئێمە هیچ جیاوازی نییە و لەهەموو حاڵەتەکان ئەو کەسانە دەبی بزانن، بەرگری لە دیکتاتۆرێکی هەرە گەورەی سەدەی بیست دەکەن.

ئەوەی سەدام لەماوەی حوکمڕانی خۆی (1968- 2003) دژ بەگەلانی ئێراق بە گشتی و خاک و خەڵکی کوردستان بەتایبەتی کردی، جیاوازی زۆری نییە لەوەی هیتلەر دژ بە جو و قەرەج و کەم ئەندام و گەلانی سڵاڤی کردی.

ئەو کەسانەی سەدامیان لە سەرکردەکانی کورد لاباشترە، نازانن یان نایانەوێ بزانن، سەدام نزیکەی پێنج هەزار گوندی کوردی کاول کرد. ئەو تەنیا ئەو پێنج هەزار گوند و شارۆچکانەی کوردستانی سوتاند، ڕووخان، کیمیاباران کرد، لەبەر ئەوەی نەبوو نەیویست زیاتر گوند و شار و شارۆچکەکانی کوردستان وێران بکا، بەڵکو لەبەر ئەوەی هیچی دیکە لە کوردستان نەبوو یا نەمابوو تا بیسوتێنێ، بیڕوخێنی، وێرانی بکا. لەم بەشە جوانە شاخاوییەی کوردستان، هەر ئەوەندە گوند و شارۆچکەی تێدابوو، خۆئەگەر لەو ناوچانە چل هەزار گوند و شار و شارۆچکەی کوردی هەبوونایە، هیچ گومانێک نییە، سەدام حوسێن هەر هەموویانی دەڕوخاند، دەسوتاند، کیمیاباران دەکرد و کانییەکانی ژەهر تێدەکرد و کۆنکرێت دەکرد. هەر سەدام بوو هەڵەبجەی بە چەکی کیمیاوی لە بەهاری 1988 بوردومان کرد و بەلای کەم پێنج هەزار کوردی لە چرکەساتێک شەهید کرد، تەنیا لەبەر ئەوەی کوردبوون. هەر سەدام بوو، هێڕشی وەحشییانەی هەشت ئەنفالەکانی لە رۆژی سێشەم ڕێکەوتی 23ی شوباتی 1988 دەست پێكرد و لە ڕۆژی دووشەم رێکەوتی 8ی ئابی 1988 کۆتایی پێهێنا. ڕژێمی بەعس تەنیا لەم هەشت هێڕشە، لەماوەی 168 رۆژ، رۆژانە 1083 ژن و منداڵ و کچ و پیاو و کوڕی کوردی زیندەبەچاڵ کرد و کوشت. هەر ئەو ڕژێمە بۆگەن و پیسەبوو، هەشت هەزار پیاو و مێرمنداڵی بارزانی لەسەر سنوورەکانی سعودییەی عەرەبی و بیابانەکانی باشوور زیندەبەچاڵ کرد و کوشت،

خۆ ئەوەی سەرەوە هەموو کارە پیسەکانی سەدام نەبوون دژ بە کورد، رۆژانە لە بەندیخانەکانی موسڵ و ئەبوغرێب گەنج و تێکۆشەرانی کوردی لەسێدارە دەدا، لە شارەکانیش بە ئاشکرا خانووی پێشمەرگە و لایەنگرانی شۆڕشی لەبەرچاوی هەزاران کەس تەخت دەکرد و فیلمیشی دەگرت.

هەر ئەو ڕژێمە پیس و دیکتاتۆرە بوو، شوانی کوردی دەگرتن و لە کۆپتەر لە ئاسمان بەریدەدانەوە، خوشک و دایکی شەهید و پێشمەرگەی لەبەندیخانەکان ئەشکەنجە دەدا.

هەر ئەو سەدامەبوو، شەڕێکی دژ بە ئێران لە 22ی ئەیلولی 1980 دەستپێکرد و لە 20ی ئابی 1988 ڕایگرا و لە ماوەی هەشت ساڵ شەرێ نێوان هەردووک وڵات بەگوێرەی ژمارە رسمییەکان ئێراق نزیكەی 300 هەزار سەربازی كوژرا و زیاتر لە 500 ملیارد دۆلاریش خەرجی شەڕەكەی بوو. ئێرانیش بەگوێرەی ڕای پسپۆران 500 هەزار تا یەك ملیۆن کەسی لێکوژراوە و زیانی ئابووریش بە زیاتر لە 500 ملیارد دۆلار دەخەمڵێندرێ.

سەدام حوسێن بوو لە ٢ی ئابی 1990 هێڕشی کردە سەر وڵاتی کوێت و داگیری کرد، هەر ئەو بوو ئەهواڕەکانی باشوری ئێراقی وشک کرد، کە مێژوویێكی زۆر جوانیان بۆ جیهان دەگێڕایەوە و شارستانییەتی سۆمەری و بابلییان تێدا دەبیندرا. بە فەرمانی سەدام بە ملیۆنان دارخورما لە ناوەڕاست و باشوری ئێراق بڕدران، بیرەنەوتەکانی کوێتی تەقاندەوە و دوکەڵی چیاکانی کوردستانیان ڕەش و ڕەتکرد. سەدام بوو ئابووری وڵاتێکی زۆر دەوڵەمەندی تێکدا و وڵاتی خستە ژێر قەرزی دەرەوە.

کاریگەری رژێم و حکومەتە فاشیلەکەی سەدام بوو، 25 ساڵ بەسەر ڕوخان و نەمانی ڕەتبووە، هێشتا لەکوردستان لە کێشە گەورەکانی دارایی و ژینگە و کۆمەڵایەتی و دەروونی و شەڕ و ئاژاوەکان ڕزگارمان نەبووە.

ئەو کەسانەی سەدامیان خۆش دەوێ و بە نەرمە نەرم دەیانەوێ لەچاوی خەڵک بیکەن بە پاڵەوان و مرۆڤدۆست، بۆ لەسەر ئەو هەقیقەتانەی سەرەوە نانووسن یان تەقویمی وێرانکردنی کوردستان بڵاوناکەنەوە، یادی شەهیدانی تێکۆشەر ناکەنەوە، داستان و نەبەردەکانی پێشمەرگە وەبیری خەڵک ناهێننەوە...

خیانەتێکی زۆر گەورەیە، نەرمە رێکلام بۆ سەدام بکرێ یان ئەو لەگەڵ سەرکردەکانی کورد بەرواورد بکرێ (با سەرکردەکانیشمان فریشتە نەبن)، باس لەوە هەرناکەین، زۆربەی هەرە زۆری ئەفسەر و ئەندامانی حزبەکەی سەدام، ئێستا لەژێر ناوی داعش وەک جاران خەریکی وێرانکردنی کوردستانن و بە ئاشکرا جارێکی دیکە خوشک و کچ و ژنی ئێمەی کورد لە سوقەکانی خۆیان هەراج دەکەن.