ژمارەیەك گومان لێكراو لە كەركووك دەستگیركراوە

K24 - كەركووك

ھێمن دەلۆ پەیامنێری كوردستان24 لە كەركووك رایگەیاند: "شەوی رابردوو زانیاری بە دەزگا ئەمنییەكان دراوە كە ژمارەیەك خۆكوژ ھاتوونەتە نێو گوندی باجوان لە رۆژئاوای شاری كەركووك، بۆیە لە ھەڵمەتێكی گەڕان و پشنكنین ھێزە ئەمنییەكان ژمارەیەك گومان لێكراویان دەستگیركرد".

بەڕێوبەری پۆلیسی قەزاو ناحیەكانی كەركووك عەمید سەرحەد قادر بە كوردستان24 گوت: "دوای ئەوەی كە زانیاری پێگەیشت چەند خۆكوژێك ھاتوونەتە ناوچەكە، وەك پۆلیسی قەزا و ناحییەكان و ئاسایش و پێشمەرگە، ھەڵمەتێكی گەڕان و پشكنینمان ئەنجامدا و 15 گومان لێكراومان دەستگیركردووە".

گوتیشی: "كۆمەڵێك كەسی دیكەش دەستگیركران كە بە بێ ئاگاداری و رەزامەندی ھێزە ئەمنییەكان لەو ناوچەیە نیشتەجێبوونە".