جـەنگی جیهانی تاکتیک ناونیشانی یارییهكهی ئهمشهوه
.jpg)
ئـەمشەو کاتژمێر 9:45 خولەک به كاتی باشووری كوردستان لە یاریگای کامپ نۆی تایبەت بە بارسێلۆنا یاری لوتکەی ئەم هەفتەیەی چـامپتۆنز لیگ لە نێوان مانچستەر سیتی و بارسێلۆنا بەڕێوە دەچێت، ناونیشانی ئەم یارییە جەنگی جیهانی تاکتیکە و گەڕانەوەی گواردیۆلا و بڕاڤۆیە بۆ ئەو یاریگایەی گشت نازناوەکانیان تیادا بەدەست هێناوە.
بارسێلۆنا لە کۆمەڵەکەی خۆیدا بە دوو سەرکەوتن سەرووی کۆمەڵەکەی گرتووە بە 6 خاڵ و مان سیتیش بە 4 خاڵ دووەمی کۆمەڵەکەیەتی .
هەردوو یانە هەوڵی بەدەست هێنانی یەکەمی کۆمەڵەکە دەدەن بۆ ئەوەی لە قۆناغی داهاتوو تووشی زەحمەتیەکی زۆر نەبنەوە، لە سێ یاری ڕابردوودا مانچستەر سیتی هیچ سەرکەوتنێکی بەدەست نەهێناوە و لە دوو یاریدا یەکسان بووە و لە یارییەکدا بەرامبەر بووە، هەرچی بارسێلۆنایه لە کۆتا 3 یاریدا دوو سەرکەوتن و شکستێکی هەیە، بەڵام خاڵی وەچەرخانی هەردوو یانە گەڕانەوەی یاریزانی یەکەمی تیپەکەیانە کە بریتیە لە (دی برۆین و لیۆنێل میسی) کە هەردووکیان بەهۆی پێکانەوە دوور کەوتبوونەوە، بەڵام لەم هەفتەیەدا هەردوو یاریزان گەڕانەوە و میسی لە یەکەم یاریدا گۆڵی تۆمار کرد و دیبرۆینیش لێدانێکی سزای لەدەست دا.
لەگەڵ هاتنی پیپ گواردیۆلا هەندێک پێیانوایە کە ئێستا مانچستەر سیتی ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیپە گەورەکانە و تیپەکە لە لایەنی هونەریەوە گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتووە گواردیۆلا توانیویەتی تیکی تاکا بسەپێنێ بەسەر تیپەکەدا و هەندێکیش پێیانوایە کە هێشتا گواردیۆلا نەیتوانیوە کە لایەنی تەکنیکی یاریزانەکان بەرز بکاتەوە بۆ ئەوەی ئەو پلانەی کە پیپ دەیەوێ جێبەجێی بکەن.
شایەنی باسە لە وەرزی ڕابردوودا مانچێستەر سیتی گەشتە قۆناغی پێشکۆتایی ئەم پاڵەوانەتییە و بارسێلۆنا لە قۆناغی 8 ماڵئاوایی کرد.
شیكردنهوهی هەکاری قانع