كـلاسیــــکـۆی نـوێـی ئینگلتــــه‌ڕا
ئه‌مشه‌و كاتژمێر 6:00 چێڵسی و مانچسته‌ر یونایتد له یاریگای ستامفۆردبریدج به‌یه‌ک ده‌گه‌ن، ناسنامه‌ی ئه‌م یارییه کلاسیکۆی نوێی ئینگلته‌ڕایه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی 16 ساڵی ڕابردوو، به دیاریكراوی له دوای ساڵی 2000ـه‌وه زۆرینه‌ی نازناوه‌کانی ئینگلته‌ڕا له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی ئینگلته‌ڕا له لایه‌ن ئه‌م دوو یانه‌یه‌وه به‌ده‌ست هاتوون.
خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ ئاستی هه‌ردوو یانه، له سه‌ره‌تای وه‌رزی نوێوه که تاکوو ئێستا 8 گه‌ڕ تێپه‌ڕیوه، هیچ یانه‌یه‌کی ئینگلته‌ڕا هێنده‌ی ئه‌م دوو یانه‌یه ئاستیان به‌رزی و نزمی پێوه دیار نه‌بووه، هه‌ردوو یانه له‌م وه‌رزه‌دا به ڕاهێنه‌ری نوێ و کۆمه‌ڵێک یاریزانی نوێوه هاتنه کێبڕکێی پاڵه‌وانه‌تیه‌که، كۆنتی ڕاهێنه‌ری چێڵسی له سه‌ره‌تای وه‌رزه‌وه تاکوو ئێستا 3 جار پلانی یاریگای گۆڕیوه که پلانه‌کانی (3-5-2) (4-2-3-1) (3-4-3)، ئێستا دوو یارییه به پلانی 3-4-3 یاری ده‌کات که ئه‌مه‌ش به ڕای من باشترین پێکهاته‌یه بۆ چێڵسی، به‌هۆی ئه‌وه‌ی چێڵسی کاتێ به پلانی 4 به‌رگری یاری ده‌کات، یاریزانی باڵه‌كانی توانای هێرشبردنیان نابێ و تیپه‌که له ڕیتمی هێرشبردندا که‌م و کورتی تێ ده‌که‌وێ و تیپه‌که به شێوه‌یه‌کی خۆنه‌ویست ده‌بێ به تیپێک که زۆرترین پاڵه‌په‌ستۆی له‌سه‌ر ده‌بێ، چونکه کاتێ تۆ هێرش نه‌به‌یت، هێرشت ده‌که‌نه سه‌ر، خاڵێکی گرینگی ئه‌م پێکهاته‌یه بریتیه له لێکنزیکی یاریزانه‌کانی پێشه‌وه و ناوه‌ڕاست به تایبه‌ت نزیکی هازارد و کۆستا که ئه‌مه‌یان سوودێکی زۆر به توانای هێرشی چێڵسی ده‌گه‌یه‌نێ، به‌ڵام خاڵی لاوازی ئه‌و پێکهاته‌یه ئه‌وه‌یه که یاریزانه‌کان ئه‌بێ توانایه‌کی زۆر به‌هێزیان هه‌بێ تاکوو بتوانن 90 خوله‌ک به توانایه‌کی به‌رزه‌وه یاری بکه‌ن، به‌ڵام ئه‌مه بۆ چێڵسی گونجاوه، چونکه چێڵسی زۆربه‌ی کاته‌کان له هه‌فته‌یه‌کدا ته‌نها یه‌ک یاری ئه‌نجام ده‌دا به‌هۆی به‌شدارینه‌کردنی له هیچ پاڵه‌وانه‌تیه‌کی ئه‌ورووپیدا.
هه‌رچی چێڵسیه مۆرینهۆ سه‌ره‌تای وه‌رز به پلانی 4-3-3 یارێ ده‌کرد که ئه‌مه‌ش له پێناو شوێنکردنه‌وه‌ی واین ڕۆنی بوو له پێکهاته‌که‌دا، به‌ڵام دواتر و به تایبه‌ت دوای هاتنی پوڵ پۆگبا تیپه‌که پلانی گۆڕی بۆ 4-2-3-1 که ئه‌مه‌ش تاڕاده‌یه‌ك سه‌رکه‌وتووه له‌گه‌ڵ پلانه‌کانی مان یونایتد، به‌ڵام تیپه‌که‌ی مۆرینهۆ له ئێستادا پێویستی به یاریزانێکه که کۆتایی به له‌مسی کۆتایی بهێنێ، چونکه ئیبڕاهیمۆڤیچ ئاستی زۆر دابه‌زیوه، خۆزێ مۆرینهۆ له‌و یاریانه‌ی که به پلانی به‌رگری یاری ده‌کا پشت ده‌به‌ستێ به پلانی خاوکردنه‌وه‌ی یاری له ڕێگای (دالی بلێند) له باڵی چه‌پ و (مه‌ڕوان فیلاینی) له ناوه‌ڕاستی یاریگا، یاری کردنی ئه‌م دوو یاریزانه سوودی ده‌بێ بۆ یاری کردن به شێوه‌ی به‌رگری، به‌ڵام ڕیتمی یاری کردن بۆ هێرشبردن %٦٠ که‌م ده‌کاته‌وه، به‌ڵام کاتێ ده‌یه‌وێ له یاریه‌کدا به پلانی هێرشبردن یاری بکا پشت به هیچ کام له‌م یاریزانانه نابه‌ستێ.
پێشبینی ده‌کرێت هه‌ردوو یانه به‌م پێكهاته و پلانانه یاری بکه‌ن، چێڵسی (3-4-3)، کۆرتوا - ئازبلیکوێتا - کاهیڵ - لویز - مۆسێس - ئه‌ڵۆنسۆ - ماتیچ - کانتی - پێدرۆ - کۆستا - هازارد مانچسته‌ر یونایتد ( 4-2-3-1 ) دی خیا - ڤالانسیا - به‌یلی - سمۆڵینگ - شا‌و - فیلاینی - هێرێرا - پۆگبا - ماتا - مارتیال - ئێبراهیمۆڤیچ.
شیكردنه‌وه‌ی هـــه‌کاری قانع