پەلە لە پێشکەوتن ناکرێ

Kurd24

هەموو گەل و وڵاتێک دەبی بە قۆناغەکانی پێشکەوتنی سرووشتی خۆیدا بڕوات و ناشبێ هیچ پەلە لە پێشکەوتن و ریفۆرمە یەکلاکەرەوەکان بکرێ. ئەگەر کۆمەڵگایەک قۆناغەکانی پێشکەوتنی سرووشتی خۆی نەبڕیبێ و بە عەمەل هەر لە سیستێمی فیوداڵی (دەرەبەگی) مابێتەوە، ناکرێ بە پاڵ و پازدان و پەلە و ڕاکێشان بۆ سەردەم و کاتی ئێستا بهێندرێ، چونکە گواستنەوەی زۆرەملێ و بەخورتی زیانی لە قازانج بۆ حکومەت و کۆمەڵگا زیاترە. نەبووە و ناشبی کێشەی گەورە بە نووسین و دەرکردنی یاسای پێشکەوتوو، حکومەت و گەل لە قۆناغێکی دواکەوتوو و ناخۆش بۆ قۆناغێکی پێشکەوتوو و خۆش بگوازرێتەوە.

هەر بۆ نموونە: تا پێش ڕاپەڕین، ژمارەی تەلەفۆنی زەوی لە ماڵەکانی کوردستان زۆر کەم بوو و لەهەر کۆڵانێک لە چەند ماڵێک زیاتر خاوەنی تەلەفۆن نەبوو. لەماوەیەکی زۆر کەم وێستگەی تەلەفۆنی مۆبایل بۆ کوردستان هات و لە چەند ساڵێک نیوەی زیاتری سەرووی تەمەن ١٥ ساڵ، خاوەنی ژمارەیەکی تایبەت و ئامێرێکی پێشکەوتووبوو. هەزم نەکردن یان پێڕانەگەیشتن بە هەزمکردنی ئەم تەکنۆلۆجیا تازەیە، کێشەی زۆری بۆ کۆمەڵ دروست کرد و سەدان کچ و ژنی لەسەر کوژرا و هێشتا زیاتریش دوژمنداری دروستکرد.

بە هەمان شێوە تا پێش ڕاپەڕین، ژمارەی ئەو کەسانەی لە کوردستان ئۆتۆمبیلیان هەبوو، زۆر نەبوون و لەماوەی چەند ساڵێک ژمارەیان زۆر زیادی کرد و بیندرا، شەقامە تەسکەکان بەشی ئەو لێشاوەی نەکرد و بەرگەی نەگرت. قەیرانی بەنزین پەیدابوو و لەهەمووشی خراپتر ئەخلاقی ئۆتۆمبیل لێخوڕین نەما یان نەزاندرا و حکومەت پیڕانەگەیشت بە یاسا ئەم کێشەیە چارەسەر بکا. تا ئێستاش وەک هار خەڵک ئۆتۆمبێل لێدەخوڕن و کەس ڕێگا بەوەی پێش یان دوای خۆی نادا. لەجیاتی تام و سوود لەم ئۆتۆمبیلە جوان و نوێ و باشانە وەربگرن، رۆژانە کۆمەڵێک کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ دەمرن و هێشتا زیاتریش برینداردەبن.

هەر لەسەر پێشکەوتنی سرووشتی: تەلەفزیۆن مێژوویێكی دووری هەیە و بە فەرمی لە ئۆلۆمپیاتی بەرلین لە ساڵی ١٩٣٦ بەکار هاتووە، بەڵام زیاتر لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو بە جیهان بڵاوبووەوە. تەلەفزیۆن لە وڵاتانی پێشکەوتوو و بناغە پتەو، هەموو قۆناغەکانی پێشکەوتنی لەسەرخۆ و بە سرووشتی بڕی. سەرەتا پەخش بەڕێگای زەوی دواتر بە ڕێگای کابل ئینجا سەتەلایت پاش ئەوانە بە ڕێگای برێدباند و دواهەمیشیان گەیشتە قۆناغی دیجیتاڵ... هیچ لەم پێشکەوتنانەی سەرەوە لە کوردستان نەبوون، بۆیە ٢٥ ساڵ بەسەر دامەزراندنی کابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێم ڕەتیکرد، نەیانتوانی کەنالێکی حکومی یان نیشتیمانی بۆ هاوڵاتییانی کوردستان دابمەزرێنن و بەڕێوەیببەن. شاشەی کوردی نەیتوانی وەک شاشەی وڵاتانی دراوسێ جوان و پڕزانیاری و پەروەردەیی بێ، هەستی کوردایەتی بەرزبکا و خەڵک کاتی خۆشی بەرامبەر بەسەر ببا. (لەگەڵ هەبوونی ئەو تێبینیانەش، دەبی بنووسرێ شاشەی کوردی ئێستا لە بەر لە دەساڵ زۆر باشتر و جوانترە.).  لەڕاستیدا، دەکرا هەندێک باشتر سوود لەتەلەفزیۆن وەرگیرابا، شاشەکان کەمێک جوانتر کرابان، بەرنامەی باشتر ئامادە و پەخشکرابان، ئەگەر جوانتر لەم لکە گرنگەی ڕاگەیاندن گەیشتبان و بودجەی زۆرتریان بۆی خەرج کردبا.

هۆی یەکەمی ئەو بەرەڵاییەی لە هەندێک کەنالی تەلەفزیۆن هەیە، بۆ کەمی ئەزموون و بەشنەکردنی رۆژنامەنووسی پسپۆر دەگەڕێتەوە.

دەبی ئاماژە بەوەش بکرێ، کە پێشکەوتنەکانی تەلەفزیۆن وەک خڕ پێشکەوتنەکانی دیکە، لە کوردستان بە شێوەی سرووشتی نەبووە و بە کۆپی و پازدان بووە، بەتایبەتیش لەوکاتەی ئەو هەقیقەتە دەزانین، کە تەلەفزیۆنی کوردی لە پاش ڕاپەڕین بە نەساغی لەدایک بوو و زۆری نەبرد خۆی لە قۆناغی سەتەلایت و دیجیتاڵ دۆزیەوە.

هەر ئەم خراپ تێگەیشتن و بەشنەکردنی ئەزموون و پازدانەشە بۆتە یارمەتی، پەیامنێر بێ دیتنی خولی پێویست و پەروەردەکردنی باش بۆ بەرەکانی جەنگ ڕەوانە بکرێ و لەوێندەر ژیانی خۆی و پێشمەرگە هەندێکجار بخاتە مەترسی.

وێدەچی، بەرپرسانی گەورە، توێژەرانی کۆمەڵایەتی و سیاسەتمەداران، باڵادەست و ڕۆشنفکران، تێناگەن یان نایانەوێ تێبگەن، کۆمەڵگای کوردەواری لە چ ئاست و قۆناغێکی پێشکەوتن دایە... ئەو بەرزڕوانینەی هەمووان، جگە لەوەی ڕاکردنە لە واقع، هەوڵ و هەنگاوەکانیش ئیستۆک دەکا، بەرنامە ستراتیژییەکان پووچەڵ دەکاتەوە... بۆیەش تێڕوانین و بۆچوونەکان ڕاست دەرناچن... بۆکەس نامۆنییە، زۆر لە یاسا دەرچووە تازەکانی پەرلەمانی کوردستان، لە ڕۆژی دووەمەوە پێویستیان بە هەموارکردن هەبووە، چونکە پەرلەمانتاران لە دونیایەکی خەیاڵاوی خۆیان ژیاون و لە کۆمەڵ دووربووین.

ئەوان نازانن، پێشکەوتنی کۆمەڵ بە نووسینی دوو گوتاری باش تەواو نابی، بە کردنەوەی دوو قوتابخانەی ئەهلی و سێ زانکۆ گەلێک لە ناخۆشی و بەدبەختی ڕزگاری نابێ، بەڵکو پێویستی بە گەیین و کاتی پێویست هەیە.

ئاشقبوون و خۆشەویستی بۆ وڵات، ناکاتە ئەوەی پەلە لە ڕیفۆرم و گۆڕانکارییەکان بکرێ و بە پازدان کۆمەڵگای کوردەواری بۆ قۆناغێکی باڵا ببەیت، بەڵکو ئاشقبوون و خۆشەویستی بۆ وڵات، دەبی یارمەتیت بدەن، وڵات بەوشێوە ببینی، کە لە واقع هەیە، نەک ئەو واقعەی تۆ دەتەوێ بیبینی یان کاری بۆدەکەیت و خەونی پێوەدەبینی.