سه‌لمێندراوه كه ره‌وشتی یاریزانانی بارسێلۆنا به خراپ رۆیشتووه
به گوێره‌ی ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندنی ئیسپانیا، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا سه‌ره‌ڕای سزادانی یانه‌ی ڤالێنسیا به بڕی 1500 یۆرۆ، به‌ڵام گله‌یی زۆریش له یاریزانانی بارسێلۆنا كراوه كه هه‌ڵسوكه‌وتی نه‌شیاوایان بۆ تۆڕه‌كردنی هانده‌رانی ڤالێنسیا كردووه.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، 26 ئۆكتۆبه‌ری، 2016، رۆژنامه‌ی ماركا، ئاشكرای كردووه كه لێژنه‌ی پێشبڕكێیه‌كان له فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا گفتووگۆی له باره‌ی كاردانه‌وه نه‌شیاوه‌كانی یاریزانی بارسێلۆنا كردووه كه له دوای گۆڵی سێیه‌م له یاریگه‌ی مێستایا، كه به ئاراسته‌ی هانده‌ران ئه‌نجامیانداوه، ئه‌مه‌ش تۆڕه‌بوون و كاردانه‌وه‌ی توندی هانده‌رانی لێكه‌وته‌وه.
به گوێره‌ی ماركا، ئه‌ندامانی لێژنه‌ی پێشبڕكێی فیدراسیۆنه‌كه كه تایبه‌تن به چاودێریكردنی یارییه‌كانی لالیگا ره‌خنه‌ی توندیان له ڕه‌وشتی یاریزانانی بارسێلۆنا گرتووه و به یاننامه‌یه‌كیشیان بڵاو كردۆته‌وه كه جه‌خت له‌وه كراوه‌ته‌وه كه مامه‌ڵه‌ی یاریزانانی بارسێلۆنا زۆر نه‌شیاو بووه.
یانه‌ی بارسێلۆنا له دوایین یاری خۆی له لالیگا، رۆژی شه‌ممه‌ی رابردوو له یاریگه‌ی مێستایا بووه میوانی یانه‌ی ڤالێنسیا، یارییه‌كه زۆر نزیك بوو له یه‌كسانبوون به 2 گۆڵ بۆ هه‌رلایه‌كیان، به‌ڵام 10 چركه پێش كۆتایی یارییه‌كه، مێسی به لێدانی سزا گۆڵی سێیه‌م و بردنه‌وه‌ی بۆ بارسێلۆنا تۆمار كرد، هانده‌رانیش به‌رگه‌ی ئاهه‌نگ و خۆشیده‌ربرینی مێسی و هاوڕێیه‌كانیان نه‌گرت و ده‌ستیان كرد به ده‌به‌هاویشتن، ده‌به‌یه‌كیشیان له ده‌م و چاوی نێیمار گیر كرد و له زه‌وییان درێژ كرد.