هاووڵاتییه‌كی به‌رتلله دوای 28 مانگ ده‌چێته‌وه ماڵه‌كه‌ی
K24 - هه‌ولێر:
ئێره به‌رتله‌یه، لێره‌وه مووسڵ ته‌نیا 6 كیلۆمه‌تر دووره، كه ڕیشه‌و ڕه‌گی داعشی لێی ڕوواوه. چه‌كدارانی داعش هه‌ر شوێنێك ده‌ستیان پێگه‌یشتبێت وێرانیكردووه، دوای خۆشیان بۆمبیان له كوچه كۆڵانه‌كان چاندووه. زۆر گه‌ڕاین به‌نێو گه‌ڕه‌كه‌كانی به‌رتله، بۆئه‌وه‌ی دیمه‌نه‌كانی ئه‌م شاره تۆمار بكه‌ین، به‌ڵام له ناكاو شتێكمان بینی.
ئێره شوێنی له‌دایك بوون و ژیانی محه‌ممه‌ده، به‌ڵام ئێستا ئه‌م شاره وه‌ك خه‌ونێك وایه بۆی، چونكه ئه‌وه‌نده‌ی بیر ده‌كاته‌وه، نازانێت ئاخۆ ڕاست هاتووه، ئێره به‌رتله‌ی جارانه، یان بۆ شوێنێكی دیكه هاتووه. له‌گه‌ڵ ئه‌و بیركردنه‌وانه‌شدا ئاماژه بۆ ناوی خاوه‌ن دوكانه‌كانی گه‌ڕه‌كه‌كه‌یان و دراوسێكانیان ده‌كات.
له به‌رتله پێكه‌وه ژیانی ئاینه‌كان پێش هاتنی داعش، به‌جۆرێك بووه، هاووڵاتی كریستیان و مووسڵمان, له‌پاڵیاندا ئێزیدی و كاكه‌ییه‌كان له یه‌ك گه‌ره‌ك و له ته‌نیشت یه‌كه‌وه ژیاون، به‌ڵام داعش نه‌ك له یه‌كتری جیاكردبونه‌وه، بگره مۆریشی له خانووه‌كان داون.
هه‌ستمان به خێرای لێدانی دڵی محه‌ممه‌د ده‌كرد، دیاربوو، ده‌یه‌ویست زوو بگاته نێو ماڵه‌كه‌یان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ گه‌یشتمان، ڕووخساری محه‌ممه‌د و هه‌موو شتێك گۆرا.
ماڵه‌كه‌ی محه‌ممه‌د وێرانكراوه، ده‌گه‌ڕا له نێو ژووره‌كان، ده‌یوست تۆماری ڤیدیۆكان بۆ كه‌س و كاری بباته‌وه، ئێستا نازانێت نه پێبكه‌نێت، نه بگرێێت، به‌ڵام ئاسووده‌یه دوای نزیكه 3 ساڵ جارێكی دیكه به یادی جاران ده‌گه‌ڕێته‌وه نێو ماڵه‌كه‌ی.
محه‌ممه‌د دوای گه‌ڕانێكی زۆر به نێو ماڵه‌كه‌یدا، له‌لایه‌ك دڵخۆشه كه شاره‌كه‌ی ئێستا ئازادكراوه، له‌لایه‌كی دیكه‌ش نیگه‌رانه، چونكه نه‌ك ماڵه‌كه‌ی، به‌ڵكو ته‌واوی شاره‌كه‌ی خاپووركراوه، بۆیه له‌گه‌ل هه‌ڵگرتنی چه‌ند وێنه‌كی یادگاری كه‌س و كاره‌كه‌ی ماڵه‌كه‌ی جێهێشت و به ئومێدی گه‌ڕانه‌وه‌ی ژیانه بۆ جارێكی دیكه له‌م شاره‌دا.