زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێرو زانکۆی زەرقائی ئوردنی رێكکەوتننامە واژوو دەكەن

K24 - ھەولێر

بەچاودێری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێمی كوردستان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێرو، زانکۆی زەرقائی ئوردنی رێكکەوتننامەیەکیان واژوو كرد.

لە راگەیاندراوێكدا وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند: "بەچاودێری و ئامادەبونی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان، هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێرو، زانکۆی زەرقائی ئوردنی ڕێكکەوتننامەیەکیان واژووكرد، ئەمەش لە چوارچێوەی سەردانی شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بۆ شانشینی ئوردن هات".

بە گوێرەی ئەو راگەیاندراوەی خوێندنی باڵا شاندێكی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و، د.ئامانج سەعید ڕاوێژکاری وەزیرو، د.نەژدەت ئاکرێی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی توێژینەوەو پەرەپێدان و، د.کاوە شێروانی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەوەکالەت سەردانی زانکۆی زەرقائی شانشینی ئوردنی كردووە و لەلایەن د.محمود وادی سەرۆکی زانکۆکەو یاریدەرو راگری کۆلێژەکان بەگەرمی پێشوازییان لێکرا.

لە بەشێكی راگەیاندراوەكەدا ھاتووە لە دیداری نێوان ھەردوو شاندا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ھەرێمی كوردستان، باسی ستراتیژی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان لەبواری چۆنیەتی بەرزکردنەوەی ئاستی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانیان بۆ فراوانکردنی بازنەی پەیوەندییە ئەکادیمیەکان بەتایبەت لەگەڵ زانکۆ پێشکەوتوەکانی دنیا باس کردووە.

لە راگەیاندراوەكەدا روونكراوەتەوە: "بەپێی رێكکەوتنەکە هەردوو زانکۆ کار بۆ ئاڵوگۆڕی ستافی مامۆستاییان و خوێندکارو ئەنجامدانی توێژینەوەی هاوبەش دەکەن، لەگەڵ بەشداریکردن لە کۆڕو کۆنفرانسە زانستیەکان و ئاڵوگۆڕکردنی بڵاوکراوە زانستیەکانی نێوانیان".