مه‌لا به‌ختیار به توندی وه‌ڵامی میدیاكانی گۆڕان ده‌داته‌وه
مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان وه‌ڵامی هێرشیی میدیاكانی گۆڕان ده‌داته‌وه و له ژێر ناوی" كه‌ی وایه نوسه‌رانی
K.N.N" بابه‌تێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه به توندی ره‌خنه‌ی له‌و شێوازه نوسینه‌ی چه‌ند كه‌سێكی راگه‌یاندنی گۆڕان گرتووه و به كاڵفام و بێ ئاگا له رووداوه مێژووییه‌كان ناویان ده‌بات و بێمنه‌تیان ده‌كات له‌وه‌ی چی ده‌ڵێن بیڵێن و و ده‌ڵێت رۆژێك دێت زۆر بابه‌ت باسبكه‌ین كه زیانی بۆ رێككه‌وتن و نێوان یه‌كێتی و گۆڕان نه‌بێت.
هه‌روه‌ها نوسیوویه‌تی" چه‌ند كه‌سێكی راگه‌یاندنی گۆڕان، زانیاریان له‌چه‌ند فه‌رمانده‌یه‌كی ده‌رون رقاوی یه‌كێتی، وه‌رگرتووه.. گوایه، وه‌ڵامی به‌نده‌یان نوسیووه، له‌سه‌ر ئه‌و گوتاره‌ی له‌كۆنفرانسی مێری پێشكه‌شم كرد..
دیاره هه‌رگیز ئاماده نیم، پێڵاوی پێشمه‌رگایه‌تی خۆم، له‌زه‌لكاوی ئه‌و جۆره وتاره بژه‌نم. سبه‌ینێ له‌سه‌روتاری چاودێردا، بۆچونم له‌مباره‌وه، پێچه‌وانه‌ی ئه‌و زمانه ئاست نزمه، ده‌رده‌بڕم. لێره‌دا ته‌نها هێنده ده‌ڵێم:
له‌شۆڕشدا په‌رێزم هێنده پاكه‌و بێباكه له‌ته‌واوی ئه‌رشیفه‌كانی به‌رپرسه‌كانی ئێستای گۆڕاندا، ناتوانن تاقه روداوێكم له‌سه‌ر بكه‌نه ماڵ، كه‌ماڵی كه‌سێكم وێران كردبێ. ئاماده‌شم لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شی یه‌كێتی‌و گۆڕان، بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌هه‌ر روداوێك.. لایان مه‌به‌سته، دروستبكرێ بۆ ده‌رخستنی راستیه‌كان. نوسینه‌كانی حه‌مه‌ئاوات (گۆڕان)و حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عیدو مامۆستا پشكۆش، گه‌واهییان تیایه له‌سه‌ر شه‌ڕه‌كه‌ی (كانی ژنان- دوای كاره‌ساتی هه‌كاری). روداوه دڵته‌زێنه‌كه‌ی شه‌هیدكردنی (جه‌زای عه‌لی كاتب)یش، له‌كاك (ره‌فعه‌تی مه‌لا- گۆڕان)و كاك (وه‌هاب- گۆڕان)و ئاسۆی شێخ نوری‌و حاكم قادر‌و حاكم عومه‌رو حه‌مه‌ی فه‌ره‌ج بپرسن كه ئه‌و كاره‌ساته كێ لێی به‌رپرسیاره؟ به‌ڵكو ده‌توانم زیاتر له (200) كه‌سی زیندوو له‌سه‌ر چۆنیه‌تی شه‌هیدكردنی شه‌هید جه‌زا بهێنمه‌وه. روداوه‌كه‌ی (كانی ژنان)ی ده‌شتی كۆیه‌ش خه‌ڵكی گونده‌كه‌و پێشمه‌رگه‌كان زۆربه‌یان ماوون كه چۆن كه‌وتوینه‌ته بۆسه‌یان و پاشان له‌ناو ژورێكدا كه هه‌ر منی لێنه‌بوم، چۆن روداوه‌كه قه‌وماوه.
له به‌شێكی دیكه‌ی وه‌ڵامه‌كه‌ی مه‌لا به‌ختیاردا نوسراوه"ئه‌وه‌ی لای من سه‌یره.. وتار نوسه‌كانی گۆڕان، هه‌ڕه‌شه ده‌كه‌ن گوایه، ئه‌گه‌ر دژیان قسه بكه‌م،زۆر شتی ترم له‌سه‌ر ده‌ڵێن، له‌وه‌ڵامی ئه‌م قسانه‌دا ده‌ڵێم:ئه‌م كه‌سانه ده‌یانه‌وێ، نێوان یه‌كێتی‌و گۆڕان تێكبده‌ن،قه‌تیش ناتوانن په‌لكێشم بكه‌ن بۆ ئه‌و پیلانه، به‌ڵام خۆیان بێمنه‌ت، بێمنه‌ت، بێمنه‌ت بن، هه‌رچی چه‌واشه‌كاری هه‌یه له‌سه‌ر من با بیڵێن. رۆژێكیش دێ وتنی راستیه‌كان، زیانی بۆ دۆخی سیاسی‌و باری ده‌روونی خه‌ڵك‌و په‌یوه‌ندی یه‌كێتی‌و گۆڕان نه‌بێ، هه‌ر هه‌مووی باسبكه‌ین، ئه‌م كاڵفامانه ده‌بێ بزانن،خه‌رمانێك راستی‌و بیره‌وه‌ری‌و بڕیاری تایبه‌تیمان لایه هێشتا كاتی بڵاوكردنه‌وه‌یان نه‌هاتووه. چونكه بیره‌وه‌ری، ئه‌مانه‌تی مێژووییه مێژوو نه‌ك قومارخانه‌ی قومارچیه‌كان.. ئه‌ی كاڵفامه‌كان.
ئه‌م وه‌ڵامه‌ی مه‌لا به‌ختیار پاش ئه‌وه هات كه شه‌وی رابردوو راگه‌یاندنه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ڵمه‌تێكی توندی راگه‌یاندنیان دژی ناوبراو ده‌ستپێكرد.