بۆ " شەهامەت " ی عەدنان عوسمان

Kurd24

د. ساقی بارزانی

 

شەهامەت ئەوە نیە کە لاسایی شۆڕشگێران بکەیت و بۆ سێلفی یەک دەست بدەیتە چەک و لە سەر گردەکە پۆزلێبدەیت و لە سەر فەیسبوک لە گەل ووتەی ئاگرین  دژ بە بەرەی نیشتمانی بڵاوی بکەیتەوە. شەهامەت ئەوەیە کە ئەو چەکەی هەلتگرتووە لە مەتەرێزی شەڕەف لە پاڵ پێشمەرگە قارەمانەکان ڕووبەڕووی دڕندەترین دوژمنی سەردەمی بکەیتەوە و لە گەل برا پێشمەرگانمان بەرگری لە ئازادیی و مرۆڤایەتیی بۆ سەرجەم جیهان بکەیت.  ئەو پێشمەرگانەی شەڕەف و ناموسی ئەم گەلە دەپارێزن و ئازادییت بۆ فەراهەم دێنن تا جەنابت بە ئازادیی و دیموکراسیی تەواو لە سەر شاشەکانی تیڤی بە میلیشیا ناویان بهێنی و بە چەکەوە سێلفی بگریی و ببیتە قارەمانی فەیسبووک. بەڵام، جەنابت باوەڕت بەوە نیە؛ چۆنکە پێشمەرگە بە میلیشیا ناوزەت دەکەیت و لە گەل هاوبیرەکانت ڕەوتێكی توندتان دامەزراندووە بۆ دژایەتیی سەربەخۆیی کوردستان.

ئەگەر شەهامەت لە لای ئێوە " شتە بچوکەکە " یە، بەلای ئێمەوە گەلێ گەورەترە، تەنانەت لە بەرژەوەندییە تاکەکەسی و حیزبی یەکانیش.  شەهامەت ئەوەیە کە وەکو پێشمەرگە چاونەترسەکانی کوردستان لە بەرەی شەڕدابیت و داکۆکی لە گەل و نیشتمان بکەیت بێ ئەوەی نەبوونی مووچە و پارە ببێتە کۆسپی بەردەمیان. جیاوازیی نێوان جەنابت و هەڤاڵانت ئەوەیە کە ئێوە چەکداری بن دیوار و فسفس پاڵەوانەکانی فەیسبوک و ڕاگەیاندن و کامیراکانن و  پێشمەرگەکانیش خۆبەخشانی ئازایەتیی و مرۆڤایەتیی ناو سەنگەرەکانی شەڕ.

شەهامەت ئەوەیە کە لە هێلی بەرگری ئەو ١٥٠٠ شەهید و ٨٠٠٠ برینداری پێشمەرگەی شەڕی داعش بیت و لە گەل هەڤاڵانت سەردانی بەرەی شەڕ بکەن؛ سەردانی بریندارەکانی پێشمەرگە بکەن، سەردانی ماڵی شەهیدان بکەن، دڵنەوایی منداڵانی شەهیدان بدەنەوە... نەک شەوانەڕۆژ سەرقالی پیلان داڕێژتن بن بۆ گەل و نیشتمان و بە لاڕێبردنی دۆزی ڕەوای گەلی کورد.

خاوەن شەهامەت ئەو سەرۆکە پێشمەرگەیە کە  لە گەل بنەماڵەی پتر لە ٢ ساڵە لە ناوجەرگەی شەڕەکاندا، هاوڕێزی پێشمەرگە قارەمانەکانمان داکۆکی لە گەل و نیشتیمان دەکەن. و ئێوە لە بری سوپاسگوزاریی و دەستخۆشی لێی، لە گەل پیلاندارێژەکانتان، سەرقالی کودەتا بوون لێی. بەڵام نوێنەری ئەمریکا لە شەوی کودەتا باشی پێگووتن کە : ئێوە چۆن گەلێکن، سەرۆکتان ئێستا لە ناو جەرگەی شەڕە و سەرقالی بەرگرییە لێتان ئێوەش پیلان دادەڕێژن کودەتای لە سەر بکەن !! دیارە ئەوانیش بە باشی لێتان تێگەیشتوون !

خاوەن شەهامەت دکتۆر سلێمانە کە هەرچەند خەلکی باکووری کوردستان بوو، بەڵام لە پاش شەڕی داعش براکانی بەجێ نەهێڵا و لە ئەڵمانیاوە گەڕایەوە کوردستان بۆ داکۆکی لە مافەکانی ئێمە و ئێوە و لە پاش  پووچەڵکردنەوەی ٥٠٠٠ بۆمب خۆی بەخت کرد بۆ نیشتمانەکەی...

بە داخەوە هەڵە تێگەیشتوویت کە دەڵێی : ئەمە جەنگی نوخبەیە، نوخبەی بێ شەهامەت و زۆرینەی خاوەن شەهامەت.  ئەمە جەنگێکە لە نێوان پیلانداڕێژەرانی وابەستە و داڕێژەرانی هزری نەتەوەیی و سەربەخۆیی کە ئێوە لە ڕێزی یەکەمی ئەم بەرەیەن. لە ناو شەڕێک بە ناحەق خۆتان گلاندووە کە بوونەتە بەربەست هەمبەر گەل و نیشتمان !

برام ئەم ڕێیە خۆخۆرییە تەنێ دەتانگەیێنێتە کەنارێک کە زەلکاوی بێ شەهامەتی وبێ هەڵوێستی یە لە ئاست شەرعیەتیی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان.  نیازتان پاک بکەنەوە و لە سەر گردەکە وەرنە خوارێ و بگەڕێنەوە بۆ باوەشی نیشتمان؛ بۆ یەکڕێزی و یەک دەنگی و یەک هەڵوێستی گەلی کورد؛ بۆ تەبایی حیزبەکان و ئاراستەی سەربەخۆیی. با پێکەوە ئەم نیشتمانە بریندارە هەتوان بکەینەوە ودەرفەتە زێڕینەکان لە کیس نەدەین.  بێگومان مێژوو چاودێرە و ڕۆلەکانی نیشتیمان بڕیار دەدەن کە چۆن ئێوەمانان بەربەست بوون بە سەربەستیی گەل و نیشتمان.