گۆڕان خۆی یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌

بۆ كشانه‌وه‌ له‌ حكوومه‌ت
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

وابڕیارە 10ی ئەم مانگە، جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان کۆببێتەوە و دوایین بڕیاری خۆی له‌ باره‌ی مانەوە یان کشانەوە لە کابینەی ھەشتەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بدات.

لەسەر ئەو پرسە شۆڕش حاجی، گوتەبێژی فەرمی بزووتنەوەی گۆڕان، تایبەت بە کوردستان 24ی راگەیاند، جڤاتی نیشتمانی حزبەکەیان کە سەرجەم ھەڵوێستە فەرمی و بڕیارەکانی بزووتنەوەکەی لێوە رادەگەیەنرێت لە رۆژانی 10 و 11 ی ئه‌م مانگه‌، لە شاری سلێمانی کۆدەبێتەوە.

وەک خۆیشی دەڵێت: "لەمێژە سەرقاڵی ئەنجامدانی زنجیرەیەك کۆبوونەوەی یەك لە دوای یەکی سەرجەم ئۆرگان و ڕێکخستنەکانی بزووتنەوەکەن، بۆ ئەوەی سەرنجی ھەموو لایەک بزانن بەوەی بزووتنەوەکەیان چ ھەنگاوێك بنێت".

شۆڕش حاجی گوتیشی: "ئاراستەی کشانەوە لە کابینەی ھەشتەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەھێزترین ئاراستەیە"، بە دووریشی نەزانی پاش ھەشت رۆژی دیكه‌ بگەنە دوا بڕیار.

ووتەبێژەکەی گۆڕان ووتیشی کابینەی ھەشتەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کابینەیەکی  شکست خواردووە.

لەسەر ھەمان پرس نەوشیروان مستەفا ئەمین رۆژی 29ی مانگی ڕابردوو لە وتارێکیدا بۆ رێکخستنەکانی بزووتنەوەکەی لەشاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، داوای لەسەرجەم ئۆرگانەکانی حزبەکەی کرد کە بۆچوونی خۆیان بڵێن بەوەی بزووتنەوەکەیان لەم قۆناخەدا چی بکات و دەتوانێت چی بکات.