داوا لە سەرۆكی نوێی ئەمەریكا دەكەم دان بە سەربەخۆیی كوردستاندا بنێ

ستیفن مانسفیڵد‫:‬
kurdistan24.net

گفتوگۆ - ئاڤا هۆما:

له‌ گفتوگۆیەكی تایبەت لەگەڵ نووسەری ناسراوی ئەمەریكایی ستیڤن مانسفیڵد، كە نووسەری چەندین كتێبی پڕفرۆشی نیویۆرك تایمزە و یەكێكیان لەو كتێبانه‌ش له‌سەر كوردە بەناوی (موعجیزەی كورد).

ستیفن یەكێكە لەوانەی پشتیوانی لە پێگەی كورد دەكات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست, بەتایبەتیش لە شەڕی دژی داعش.

* كوردستان 24: بەخێر بێی بەڕێز ستیفن،

- ستیفن مانسفیڵد: زۆر سوپاس

كوردستان 24: با لە هەڵبژاردنەوە دەستپێبكەین, بە پێی راپرسیەكان، ململانێ وكێبەركێی هەڵبژاردن زۆر تووندە، پێتوایە لە چەند رۆژی داهاتوو هیچ شتێكی كتوپڕ لە بارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان روودەدات؟

- ستیفن مانسفیڵد: نەخێر من پێموانییە بەتایبەتیش كە رۆژی هەڵبژاردن زۆر نزیك بووەتەوە، پێموانییە سكانداڵی ئیمەیلەكانی هیلاری كلینتن هیچ گۆڕانكارییەكی وا دروست بكات. خاتوو كلینتن بە رێژەی 3% لە پێشەوەیە. كە ئەمەش رێژەیەكی گەورەیە لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكادا. بۆیە پێموایە هیلاری دەیباتەوەو هیچ سوپرایەزێك روونادات ورۆژێكی نوێ دەبێت لە سیاسەتی ئەمەریكادا.

كوردستان 24: پێتوایە هەڵبژاردنی ئەمساڵ، هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی پێشووی سەرۆكایەتی ئەمەریكادا هەبێت ؟

- ستیفن مانسفیڵد: بەڵێ جیاوازی هەیە، بەرلەهەموو شتێك دەتوانم بڵێم زۆرینەی ئەمەریكاییەكان حەزیان لە چارەی هیچ كام لە دوو كاندیدەكە نییە و باوەڕیان پێناكەن. بۆیە ئەنجامی راپرسییەكانی پێشووتر هەرگیز بەو شێوەیەی ئێستا نەبوون. كاندیدێكمان هەیە كە دەوڵەمەندترین پیاوەو یەكەمجارە خۆی بۆ سەرۆكایەتی كاندید كردووە. كە ئەمەش كاریگەری خۆی هەیە، هەرچەندە پارەیەكی زۆری خۆشی خەرجكردووە بەڵام هێشتاش پێویستی بە پارەیە. بۆیە دەتوانم بڵێم ئەم هەڵبژاردنە یەكێكە لە هەڵبژاردنە پڕململانێكان. بۆیە هەڵبژاردنی ئەمجارە زۆر جیاوازە، خەڵك دەنگ نادەن بۆ ئەو كەسەی كە باوەڕی پێ دەكەن بەڵكو بەوەی كێ گوزارشت لە توورەكانیان دەكات. بۆیە ئەم هەڵبژاردنە زۆر یەكلاكەرەوەو بڕیاردەرە وكارێگەری نیگەتیڤیش بە دوای خۆیدا بەجێ دەهێڵێ.

* كوردستان 24: شتێكی سەرنجڕاكێشە! با لە روانگەی خەڵكی دەرەوەی ئەمەریكا تەماشای بكەین. ئایا پێتوایە ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە هیچ گۆڕانكارییەك لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا دروست بكات؟

- ستیفن مانسفیڵد: بەڵێ گۆڕانكاری روودەدات. هەردوو كاندیدەكە خۆپارێزترن لە بەڕێز ئۆباماو حكومەتەكەی. خاتوو كلینتن كەمێك خۆپارێزترە بەڵام بەڕێز ترامپ زۆر پارێزگارترە. پێموایە گۆڕانكاری دەبێت لە شێوازی ئاراستەكردنی سیاسەتی دەرەوە.

ئەو پرسیارانە كە پێویستە بكرێن ئەوەیە ئایا دامەرزاوەی كلینتن و ئەو هەموو پارەیەی كە لەوڵاتانی دەرەوە وەریانگرتووە هیچ كاریگەرییەك لە سیاسەتی دەرەوەی هیلاری كلینتن دەكات، ئایا راستە خەڵك پارەی بۆ ئەوە داوە كە كاریگەری لە سیاسەتی دەرەوە بكەن؟ بۆیە پێموایە گۆڕانكاری لە ئاراستەكردنی سیاسەتی دەرەوە روودەدات بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەو كاندیدەی دەیباتەوە.

* كوردستان 24: با گفتوگۆ لەبارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بكەین. بەتایبەتی پرسی كورد، كە كورد رۆڵێكی سەرەكی دەگێڕن لە شەڕی دژی داعش, هەروەها كورد هەوڵی بەدەستهێنانی سەربەخۆییش دەدەن, ئایا گۆڕانكاری لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا هیچ كاریگەرییەكی لە سەر پرسی كورد دەبێت؟

- ستیفن مانسفیڵد: بەڵێ پێموایە كاریگەری لە سەر پرسی كورد دەبێت. بەڕێز ئۆباما رارابوو لەوەی بە تووندی پشتگیریی لە كورد بكات. چونكە تەنیا لەم دواییانە دەستی بەوە كرد پشتیوانی لە كورد بكات لە كاتێكدا دەبوو بە درێژایی ماوەی سەرۆكایەتییەكەی پشتیوانی بكردایە. بۆ نموونە تەنیا لەم دواییانە هەڵوێستی بەرامبەر بەڕێز ئەردۆغان دەربڕی لە شەڕی دژی داعش لە رەققە لە سوریا. پێموایە هیلاری كلینتن و ترامپ بڕیاردەرتر دەبن لە ئۆباما. نازانم بەڕێز ترامپ تا چەند شارەزایی زۆری لە بارەی كوردەوە هەیە. بەڵام خاتوو كلینتن رایگەیاندووە كە پشتیوانی لە كورد دەكات و دووجاریش باسی كوردی كرد لە كاتی كەمینەكانیدا. پێموایە هەردووكیان پشتیوانی لە كورد دەكەن. بەڕێز ترامپیش هەڵوێستیكی تووندی بەرامبەر داعش هەیە و پشتیوانی لە كورد دەكات كە شەڕی داعش دەكەن. بۆیە پێموایە ئەم هەڵبژاردنە پرسی كورد بەرەو پێشتر دەبات.

* كوردستان 24: تۆ ئاماژەت بەوە كرد كە خاتوو كلینتن زیاتر پشتیوانی لە كورد دەربریوە, بەڵام چاودێران بەردەوام پێیانوایە كە واشنتن سیاسەتێكی روونی بەرامبەر كورد نییە و ئەوەی دەیانەوێ كورد وەك كارتێك بەكاربێنن و خۆشت چیرۆكی پشتكردن لە كورد دەزانی لەلایەن ئەمریكاوە، پێتوایە مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە؟ ئایا واشنتن هیچ سیاسەتێكی ستراتیجی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پرسی كورد هەیە بەتایبەتیش دوای نەمانی داعش ؟

- ستیفن مانسفیڵد: من بۆچوونێكی نیمچە جیاوازم هەیە لەو نووسەرانەی لەو بارەوە دەنووسن. پێموایە واشنتن دەزانێت چی دەكات و پلانێكی ستراتیجیشمان هەیە بەڵام ئێمە دەترسێین پلانەكەمان جێبەجێ بكەین. پێموایە ئەمەریكا یارییەكی هەڵە لەگەڵ عەرەبستانی سعودی وتوركیا دەكات و كوردیش لە دەست دەدات. هەروەها ئەمەریكا زۆر لایەنگیری بەغداش دەكات. پێموایە پێویستە دەستكاری وپێداچوونەوە بە رێككەتنەكانمان لەگەڵ ئێرانیش بكەین. دەبێ راستەوخۆ پشتیوانی لە كورد بكەین. ئەوەش ئەو ئاراستەیەیە كە ئێستا لە واشنتن هەیە و تەنانەت لە كۆشكی سپیش باسی ئەوە دەكرێ كە دەبێ راستەوخۆ پشتگیریی كورد بكرێ، بگرە بەڕێز ئۆباماش باسی لەم مەسەلەیە كردووە. بۆیە پێموایە ئەمەریكا دەزانێت كە پێویستە چیبكات، كێشەكە تەنیا ئەوەیە ناوێرێت پلانەكە جێبەجێ بكات. چونكە دۆستی هەڵەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵبژاردوون.

* كوردستان 24: هەرچەندە توركیا هاوپەیمانێكی گرنگی ئەمەریكایە و ئەندامی ناتۆیە و ئەمەریكاش بنكە سەربازییەكانی توركیا بە كاردەهێنێت. بۆچی پێتوایە كارێكی دروستە كە ئەمەریكا سیاسەتی خۆی بگۆڕێت وكورد هەڵبژێرێت لە جیاتی دوژمنەكانی ؟

- ستیفن مانسفیڵد: وەك دەزانین سیاسەتەكانی بەڕێز ئەردۆغان مایەی ئیحراجی بوون بۆ واشنتن. چونكە بە بیانووی پەكەكە هێرش دەكاتە سەر كوردەكانی وڵاتەكەی ورێگری لە چوونی هێزەكانی ئەمەریكا دەكات بۆشاری رققە هەرچەندە بەڕێز ئۆباما هەر سوورە لە سەر ناردنی. بۆیە پێموایە ئەمەریكا گەیشتوووەتە ئەو باوەڕە كە دۆستێكی هەڵەی هەڵبژاردووە. تەنانەت لە بزنسیشدا دەبێ دۆستەكان رێز لە بەڵێنەكانیان بگرن. بەڵام ئەردۆغان لە بەڵێنەكانی بەرامبەر كورد و خەڵكی وڵاتەكەی، بۆیە ئەمەریكا خەریكی پێداچوونەوەیە بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا و چونكە هەست دەكات هاوپەیمانێكی باشی نییە. بۆیە كاتی ئەوەیە بەپەیوەندییەكانمادا بچینەوە و لە جیاتی توركیا پشتگیریی كورد بكەین و تەنیا ئەوكاتە وەك هاوپەیمان تەماشای توركیا بكەین كە رێز لە رێككەوتنەكان بگرێت.

* كوردستان 24: تێبێنی ولێكدانەوەكانت گرنگ بوون، بەڵام لە سەرووی ئەمانە پێویستە فاكتەری بوونی رووسیاش لە ناوچەكە لە بەرچاوبگرین كە نزیكبوونەوەیەك لەنێوان توركیا ورووسیادا هەیە. پێتوانییە لەدەستدانی توركیا و چوونی بۆ بەرەی رووسیاو ئەسەد وئیران، هەڕەشەیەك بێت بۆ پەیوەندییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە ؟

- ستیفن مانسفیڵد: من پێموایە ئەمەریكا هەوڵدەدات پارێزگاری لە هەموو هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا بكات. بەڵام لەوانەیە بەرێز پوتنیش سەربەخۆیی كوردستانی لە پلانی داهاتووی خۆی دانابێت وتەنانەت باسیشی كردووە. بۆیە سیاسەتی پوتن ئەگەرچی لەگەڵ مانەوەی ئەسەدە بەڵام زۆر روون نییە لە سوریا. بەڵام دەتوانم بڵێم هیچ خۆشەویستییەك لە نێوان ئەردۆغان و پوتن نییە. بۆیە پێموانییە توركیا ببێتە هاوپەیمانێكی بەهێزی رووسیا لە ناوچەكە. بۆیە هێشتاش پرسی كورد گرنگی خۆی لە دەست نادات و ئەمەریكاش پێوستە گفتوگۆی زیاتر لە گەڵ رووسیا بكات و فشاریش بخاتە سەر ئەسەد بۆ ئەوەی لە قازانجی خەڵكەكەی گۆڕانكاری بكات و لەوانەشە ئەم هەنگاوە ئەنجامی باشی لێبكەوێتەوە.

* كوردستان 24: وەك دەزانین كورد بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو دەنێ گفتوگۆ هەیە لەبارەی ئەگەری ئەنجامدانی ریفراندۆمێك بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنی ئەمەریكا. رای ئێوە لە مبارەیەوە چییە؟

- ستیفن مانسفیڵد: من بە گەرمی پشتیوانی لە ئەنجامدانی ریفراندۆم دەكەم و زۆرینەی ئەمەریكاییەكانیش لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستانن. چونكە ئێمە لە رێگەی بزووتنەوەیەكی ئاواوە سەربۆخۆییمان بەدەستهێنا. منیش كاتێك قسە لەگەڵ گوێگرەكانم دەكەم ودەڵێم كورد میللەتێكی 30 تا 35 ملیۆنییە و سەربەخۆ نییەدەڵێن دەبێ كوردیش وڵاتی خۆی هەبێت. كوردیش شایانی دەولەتن بەتایبەتیش كە ئێستا زۆر بوێرانە شەڕی داعش دەكەن. هەروەها زۆر رووبەڕووی زوڵم وچەوساندنەوەش بوونەتەوە. بۆیە ئەمەریكاییەكان كورد بە هاوپەیمانی خۆیان دەزانن.

* كوردستان 24: بەڵام گرفتەكە ئەوەیە را وهەڵوێستی حكومەتی ئەمەریكا جیاوازە لە رای خەڵكی ئەمەریكا و رای هەردوولا وەك یەك نییە ؟

- ستیفن مانسفیڵد: راستە حكومەت مامەڵەی تایبەتی خۆی لە گەڵ هاوپەیمانەكانی و رێكەوتن وپەیمانەكانی دەكات. بەڵام بزووتنەوەیەكی بەهێزیش لە ئەمەریكا هەیە بۆ پشتیوانیكردن لە كورد. بۆیە لە دییەیتەكانی سەرۆكایەتیش باسی كورد كرا. بۆ نموونە خاتوو كلینتن لە گرنگی رۆڵی كورد تێدەگات بۆیە دووجار ناوی كوردی هێنا. بۆیە پێموایە پشتیوانییەكی گشتی هەیە بۆ سەربەخۆیی كوردستان وئەنجامدانی ریفراندۆم و خاتوو بەیان سامی عەبدولرەحمان كارێكی زۆر باشی كردووە بۆ روونكردنەوەی پرسی كورد لە ئەمەریكا، بۆیە من وخەڵكێكی زۆری ئەمەریكا پشتیوانی لە كورد دەكەین.

* كوردستان 24: زۆرباشە، ئایا بەڕای تۆ كورد لە ئەمەریكا چی بكەین بۆ ئەوەی زیاتر بناسرێن و پشتیوانیان زۆر بێت؟

- ستیفن مانسفیڵد: من بە تووندی هانی كورد دەدەم كە لە ئەمەریكا دەنگی خۆیان هەڵبڕن و باسی پرسی خۆیان بكەن. هەروەها خۆیان پێبگەیەنن و بخوێنن و زیاتر كێشەی كورد روون بكەنەوە. چونكە ئەمەریكاییەكان زۆر شارەزاییان لە بارەی پرسی كوردەوە نییە وتەنانەت بەزەحمەتیش كورد لە خەڵكی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بۆیە پێویستە زیاتر پرسی كورد روون بكرێتەوەو لەسەری بنووسرێت. چونكە ئەمەریكاییەكان زۆر تامەزرۆی ئەوەن زیاتر لە بارەی كوردەوە بزانن. بۆیە كتێبەكەی من و كتێبی تر لەبارەی كوردەوە زۆر پڕفرۆش بوون.

* كوردستان 24: تۆ ئاماژەت بەوە كرد كە كورد پێویستە زیاتر بناسرێت و ئەمەریكاییش زۆر تامەزۆرن لەبارەی كوردەوە شت بزانن. بەڵام كورد میللەتێكی پەراوێزخراون و لەو پێگەیە نین كە بتوانن ئەو خوێندەوارییە بەدەست بێنن لە بەر كۆمەڵێك هۆكار بۆ نموونە چونكە پەنابەرن و رەوشی ژیانیان سەختە. كەواتە كورد چی بكەن تا پەیامی خۆیان بە ئەمەریكاییەكان بگەبەنن ؟

- ستیفن مانسفیڵد: من چەندین ساڵ لە شاری ناشڤیل ژیاوم و كوردی ناشڤیلیش چالاكبوون لەوەی خەڵك و بەرپرسانی ئەمەریكا بانگێشت بكەن بۆ كۆبوونەوە و بۆنەو سەیرەكانیان و ئەو ئەمەریكاییانەش دواتر لە بارەی كورد وكلتوورەكەیەوە ششتیان دەنووسی وقسەیان دەكرد. بۆیە كورد لە ناشڤیل ناسراون چونكە چالاكن. بۆیە پێویستە لە شوێنی تریش ئەوە بكەن. هەوڵبدەن ئەو میواندارییە بێ وێنەیەی هەتانە بەكاربهێنن و خۆتان بناسێنن وكاریگەری لە سەر خەڵك دابنێن. بۆ نموونە یەكێك لە ئەندامانی كۆنگرێس كە زۆر پشتیوانی لە كورد دەكات خاتوو مارشا بلاكبێرن-ە چونكە كوردی ناشڤیل پەیوەندییەكی بەهێزیان لەگەڵ هەیە. بۆیە پێویستە ئەو جۆرە كارانە بكرێ و سیمینار لە بارەی كوردەوە بگێڕن و وتار بنووسن و لە زانكۆكان قسە بكەن و خەڵكی ئەمەریكاش كراوەن بۆ ئەوەی گوێ بگرن وزانیاری وەربگرن لەبارەی ئەوشتانەی پێویستە بیزانن.

 

موعجيزهی كورد

ستیفن مانسفیڵد كە نووسەری چەندین كتێبی پڕفرۆشی نیویۆرك تایمزە, لەوانەش كتێبێك بەناوی موعجیزەی كورد، هەروەها ناسراویشە بە پشتیوانیكردن لە كورد و سەربەخۆیی كوردستان و رۆڵی كورد لە شەڕی دژبە داعش.

* كوردستان 24: بەڕێز مانسفیڵد, تۆ چەندین كتێبت لەبارەی سیاسەت و بایۆگرافی نووسیوە، چی وای لێكردی كە بەتایبەتی لە بارەی كوردەوە بنووسی؟

- ستیفن مانسفیڵد: من لە شاری ناشڤیلی ویلایەتی تێنسی دەژیام و لەوێش گەورەترین ژمارەی كورد دەژین. من زۆرم لە بارەی كوردەوە نەدەزانی و ئەوكاتیش من زۆر تێكەوڵاوبووم لەگەڵ چالاكی سیاسی لە ئەمەریكا و بۆیە قسەو گفتوگۆم لەگەڵ كوردەكان دەكرد و پەیامەكانم دەگەیاندە دۆستەكانم لە كۆنگرێس و بوومە دەنگی ئەوان. دواتر چەندجارێك لەگەڵ چەند رێكخراوێكی ناحكومی سەردانی كوردستان كرد و كە چوومە ئەوێ و كورد زۆر كاریگەرییان لەسەر من دانا و چوونە دڵمەوە و ئەوە بوو كتێبێكم لە سەر نووسین.

* كوردستان 24: دەتوانی وردتر باسی بكەی كە چۆن كورد كاریگەرییان لە سەر تۆدانا؟

- ستیفن مانسفیڵد: ئای خودایە ! وەك دەزانین كورد میللەتێكی زۆر تایبەتن و زۆر تایبەتمەندییان هەیە، زۆر دۆستانەن ومیواندۆسن ومێژوویەك و كلتوور وجلوبەرگی تایبەتیان هەیە. زۆر بوێرانەش بەرامبەر سەدام داعش وەستانەوە ئەمانەش كاریگەرییان لەسەر من دانا. جگە لەوە من مێژوو نووسم و زۆرم لە بارەی كوردەوە خوێندەوە و زۆر شت فێربووم كە لە قوتابخانەوە فێرنابین و هەموو ئەو شتانە كاریگەرییان لە سەر من دانا.

* كوردستان 24: تۆ مێژوونووس بووی و لیكۆڵینەوەشت لە سەر چەند نەتەوەیەك كردووە لەوانەش بەتایبەتی كورد. بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەوشتانەی لەبارەی كوردەوە باست كردن وەك ئەوەی میللەتێكی ئاشتیخوازن و وڵاتی كەسیان داگیرنەكردووە و دەستدرێژییان نەكردووەتە سەر كەس. كەواتە بۆچی یەكێك لە پڕ ئازارترین مێژوویان هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟

- ستیفن مانسفیڵد: لە سەدەی رابردوواد با نەڵێم هەڵەی كورد بوو بەڵام لە ساتێكی ستراتیجی و مێژووییدا دەرفەتی سەربەخۆبوون بۆ كورد هاتە ئاراوە بەڵام كورد ئامادنەبوون. من ئەوەم لە كتێبە مێژووییەكان خوێندووەتەوە كە باسی كورد لە كۆتایی سەدەی هەژدە دەكات. پاشان لە شەڕی یەكەمی جیهانی خیانەتێكی گەورەیان لێكرا. ئەوكاتەش لەبەر كێشە وململانێی ئاینی بایەخیان لە كورد نەدا. بۆیە كورد خیانەتیان لێكرا وپشتیوانیان لێ نەكرا. كوردیش لەو كاتە تەنیا ئەوەی پێدەكرا خۆی ئامادە بكات بۆ سەركردایەتی و بە هێزكردنی پێگەی خۆی بەڵام ئەو دەرفەتەی پێنەدرا. بەڵام پێموایە ئێستا بارودۆخەكە گۆڕاوە و شتی سەرنجڕاكێش لە ساڵانی داهاتوو روودەدات.

* كوردستان 24: لێكدانەوەیەكی قووڵ وسەرنجڕاكێشە. چونكە ئەگەر تۆ نەتەوەیەكی ستەملێكراو و ئاوارە بیت و دەرفەتی خۆپێگەیاندنت وتێكەڵابوونت لەگەڵ جیهان بێ رەوا نەبینرێت. ئیدی چۆن دەتوانی خۆت ئامادە بكەیت. بەڵام وەك گوتت بارودۆخەكە ئێستا دەگۆڕێت. و لەوانەیە ئێستا باشترین دەرفەت بێت بۆ كورد لە مێژوودا. تۆ باسی ئامادەسازیی كرد، دەكرێ وردتر باسی بكەی وبەڕای تۆ پێویستە ئێمە چی بكەین؟

- ستیفن مانسفیڵد: من كە لە كۆنگرێس و واشنتنەوە باسی كورد دەكەم، كوردیان خۆش دەوێ بەڵام نێگەرانیشیان لە بەرامبەر هێندێك شت هەیە و پرسیار دەكەن ئایا كورد ئامادەن بۆ دیموكراسی، چونكە كوردیش لەناوخۆدا ناكۆكییان هەیە. چونكە بۆ ئامادەسازی بۆ دیموكراسی وسەربەخۆییش پێویستە ئەو نیگەرانییانە لەبەرچاو بگرین. بەتایبەتی كێشەی گەندەڵی و ئەو جۆرە گرفتانە، من كەسێكی بیانیم و ناتوانم وەك پێویستە قسە بكەم. هەروەها خەڵكیش پێوستە ئامادە بێت بۆ دیموكراسی. بۆ نموونە دەبێ لە بازاڕی ئازاد تێبگەن. من لەوباوەڕەدام كورد دەتوانن زۆر بەباشی ئەو كارە بكەن وئامادەبن بۆ لە باوەشگرتنی دیموكراسی زیاتر لە گەلێك وڵاتی تر ئەمەشم بە زۆر كەس لە كۆنگرێس گوتووە. من كە دەچمە كوردستان و رەوشی ژنان دەبینم و بەشی ئێزیدی و مەسیحییەكان لە حكومەتدا هەیە ئەمەش نیشانەی دیموكراسییە كەلە زۆر وڵاتدا نییە. بۆیە پێموایە كورد ئامادەن بەڵام ئەو نیگەرانییانەش هەن كەباسم كردن لە بارەی سەربەخۆیی كوردستانەوە. بۆیە پێویستە ئەو گرفتانە چارەسەر بكرێن وئەو شتانە روون بكرێنەوە.

* كوردستان 24: شتەكە وەك ئەوە وایە كە نەتەوەیەك لە كۆتوبەندابێت و لە پڕ كۆتوبەندەكان تێكبشێنێت بۆیە بە نارێكی دەڕوات، بۆیە دەپرسن بۆ وا دەڕوات. بەڵام پێتوانییە ئەمەریكاییەكان پێویستە لە مێژووی كورد باشتر تێبگەن تا كێشەكان باشتر بزانن ؟

- ستیفن مانسفیڵد: تۆ پەنجەت لە سەر خاڵێكی گرنك دانا، ئەو چیرۆكەی باستكرد لەبارەی مێژووی كوردەوە زۆر باسك نەكراوە و پێویستە زیاتر روون بكرێتەوە و ئێوە خەڵكی واتان نییە شتەكان روون بكاتەوە، بۆ نموونە ئیسرائیل نەتانیاهوی هەیە كە دێت وشتەكان بە ئینگلیزی روون دەكاتەوە و قسە لەگەڵ سەرۆك دەكات و شای ئوردنیش بە هەمان شێوە بۆیە ئێوەش دەبێت لێرە كەسێكتان هەبێت باسی پرسی كورد بكات. چونكە باش نییە من تەنیا باسی كورد بكەم دەبێ خۆشتان وخەڵكی تریش باسی كورد بكەن. چونكە زۆربەی ئەمەریكیەكان شت لەبارەی كوردەوە نازانن و ئەو چیرۆكە نازانن كە بۆچی سەربەخۆییان بە دەست نەهێناوە.

* كوردستان 24: تۆ باسی گرنگی لۆبی كوردت و كێشەكەش ئەوە نییە كورد كەسی بە توانای نییە بەپێچەوانەوە ئێمە دەیان كوردی دڵسۆزمان هەن. چەندین كورد خەریكی ناساندنی پرسی كوردن بەڵام ئێمە دەرفەتمان وەك پێویست پێنەدراوە كۆشكی سپی و لە میدیای گرنگی وەك سی ئێن ئێن و فۆكس نیوز قسە بكەین. كەواتە بەڕای تۆی چی بكەین بۆ بەهێزكردنی پێگەی كورد؟

- ستیفن مانسفیڵد: پێویستە خۆتان بگەیەننە خەڵكی بڕیار بەدەست و ناسراو بەناوودەنگ، من كە كوردم ناسین بە وشێوەیە ناسراو نەبووم و ئێستا بوومەتە دۆستی كورد و كورد دەناسێنم، بۆیە ئەگەر نەشگەنە كۆنگرێس و بەرپرسانی گەورە، پێویستە كتێب بنووسن و لە رۆژنامەكان وتار بنووسن. بۆ نموونە من خۆم خۆپیشاندانێكی كوردم لە پێش كۆشكی سپی بە ڤیدیۆ تۆماركرد كە دژی داعش بوو بەڵام كەس نەبوو لەوێ فیلمی لێ بگرێت، من بە ئایفۆنەكەم كردم و نیشانی ئەمەریكاییەكانم دا، بۆیە دەبێ خۆتان ماندوو بكەن وئەمەریكاییەكان زیاتر تێبگەیەنن و شت بنووسن و لە سۆشیال میدیا چالاك بن، بۆ نموونە منداڵێكی كورد دەتوانێ لە سۆشیال میدیا و تویتەر زۆر ششت بكات. هەروەها پێویستە سەنتەری لێكۆڵینەوەی كوردی هەبێت لە ئەمەریكا. پێویستە ئۆفیسی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە واشنتن دەجاران لەوەی ئێستا گەورەتر بێت. من ستایشی كارەكانی بەیان سامی عەبدولرەحمان دەكەم بەڵام پێویتە كاری زیاتر وگەورەتر بكرێت. من نامەوێ بەشێوەیەكی نێگەتیڤ قسە بكەم شتی باش كراوە و بۆچوونی خەڵك دەگۆڕێت لە بارەی كوردەوە بەڵام پێویستە زیاتر بكرێت.

* كوردستان 24: بەپێی ئەو شارەزاییەی هەتە، پێشنیار و ئامۆژگاریت بۆ سەرۆكی داهاتووی ئەمەریكا چییە بەتایبەتی لە بارەی كوردەوە؟

- ستیفن مانسفیڵد: پێیدەلێم بە پەیوەندییەكاندا بچۆوە لەگەڵ سعودیە وتوركیا. هەروەها بە رێككەوتنەكانیشدا بچۆوە لەگەڵ بەغدا. پشتگیریی خۆت بە سەربەخۆیی كوردستان رابگەیەنە و منیش بكە بالًیۆزی ئەمەریكا لە دەولەتی سەربەخۆی كوردستان (گاڵتە دەكەم).

هەروەها خۆت ئامادەبكە بۆ سەربەخۆیی كوردستان ویارمەتی سەربازی و دارایی كوردستان بدە بەتایبەتی دارایی چونكە لەم قەیران و شەڕەدا پیویستی بە هاوكاری داراییە. هەورەها بە هۆی شەری موسڵەوە وهاتنی ئاوارەوە كورستان دووچاری قەیرانی مرۆیی بووەتەوە وپێشموایە هیچكام لە هیلاری كلینتن و دۆناڵد ترامپ ئەو وردەكارییە نازانن. ئەوە ئامۆژگارییەكانم بوو، پیشموایە لە چوارپێنج ساڵی داهاتوودا كوردستانێكی سەربەخۆ دەبینین.

* كوردستان 24: زۆر خۆشحاڵبووین بە ئامادەبوونت لەو بەرنامەیەی كورستان 24 و زۆر سوپاس بۆئەو هەموو هاوكاریەی پێشكەشی كورد ت كردووە.

داوا لە سەرۆكی نوێی ئەمەریكا دەكەم دان بە سەربەخۆیی كوردستاندا بنێ