ئەمریکا دژی سەربەخۆیی کوردستان نییە
K24 - واشنتن
"زاڵمای خەلیلزاد" باڵوێزی پێشووی ئەمەریکا لە نەتەوەیەکگرتوەکان و عێراق و ئەفغانستان له واشنتنهوه قسهی بۆ"ئاڤا هۆما" پێشكهشكاری بهرنامهی بهرهو كۆشكی سپی كردووه، لهو دیدارهدا به ووردی لهبارهی پرسی سهربهخۆیی كوردستان و ههنگاوهكانی كورد لهم قۆناغهدا و رهوشی رۆژههڵاتی ناوهڕاست و ئاستهنگهكانی بهردهم بهربژێرهكانی سهرۆكایهتی ئهمریكا و پرسه چارهنووسسازهكانی ناوچهكه به تێر و تهسهلی وهڵامی پرسیارهكانی كوردستان24 داوهتهوه.
خهلیلزاد له قسهكانیدا ئاماژهی بهوهكردووه كه ئهمریكا دژی سهربهخۆیی كوردستان نییه، بهڵام بهلایهوه باش و گرنگه كورد لهگهڵ بهغدا به دیالۆگ لهسهر ئهو پرسه بچنه پێشهوه.
ئهو باڵیۆزهی پێشووی ئهمریكا له عێراق و ئهفغانستان نموونه به چهند ناوچهیهكی جیهان دێنێتهوه وهك چیكوسلۆڤاكیا و وڵاتانی ئهوروپا و تهنانهت قۆناغه دژوارهكانی كه ئهمریكا پێیدا تێپهڕیووه و پێیوایه ماوهیهك پێكهوه ژیان و مانهوه به شێوازی كۆنفیدراڵی له بهرژهوهندی ناوچهكهدا بێت و كورد ههوڵهكانی بخاته گهڕ بۆ ئهوهی به جیهان بڵێت ههموو ههوڵێكی لهگهڵ بهغدا داوه و پێویسته لهگهڵ دراوسێكانیشی ههر به گفتوگۆ بگاته چارهسهرێك بۆ راگهیاندنی سهربهخۆیی كوردستان.
ههروهها ئاماژهی بهوهكردووه به گرنگی دهزانێت كوردهكان له ژێر چهتری مهسعوود بارزانی دا كۆببنهوه و كێشه لاوهكییهكانیان وهلاوه بنێن بۆ ئهوهی بتوانن دهرفهت لهم قۆناغه و پاش رزگاركردنی موسڵ و شهڕی داعش وهربگرن.
كوردستان24:
بەرێز خەلیلزاد لە کاتی ھەڵبژاردن نزیک دەبینەوە، کێبڕكێكهش زۆر تووندە،بە باوەڕی ئێوە لە ماوەی داھاتوودا چ روو دەدات؟
زهڵمای خەلیلزاد:
بێ گومان نازانین چ روودەدات و وەکوو خۆشت ئاماژەت پێکرد کێبەڕکێکەش زۆر لێک نزیک بۆتەوە، ئەگەر ئەم رەوتەش ھەر ئاوا بچێتەپێش ئەوە ھەڵبژاردنێکی زۆر گرینگ دەبێت و زۆر کێشەی مەزن لە ئارادایە بە تایبەتی لە کاروباری سیاسەتی دەرەوەدا، لە کاتێک دا جیھان بۆتە شوێنێکی ناجیگیر لە ماوەی پتر لە ھەشت ساڵی رابردوودا بە تایبەتی کاتێک ٨ ساڵ بەر لە ئێستا سەرۆک ئۆباما جێگای سەرۆک بووشی گرتەوە.
ھەروەھا لە نێوخۆشدا دوو جەمسەریی لە ئەمریکا پەرەی سەندووە لە ماوەی سەرۆکایەتی ئۆبامادا، ھەر بۆیە خانم کلینتۆن و بەڕێز ترەمپ نە تەنیا نائارامی نێوخۆیی بەڵکوو ناسەقامگیری نێونەتەوەیشیان به میرات بۆ ماوهتهوه، کەوایە چۆن دەتوانین ستراتیژیهتێكی ئەوتۆمان ھەبێ کە وەڵام دهرهوهی ئهم جیهانه نائارام و پڕ مەترسیە بێت و ھاوکات ھەر دوو حیزب پاڵپشتی سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە بکەن، چوونکە ئەم میراتە بۆ ھەر دوولایان دژوار و بە زەحمەتە، کەوایە ململانێ ئهمجارهی ھەڵبژاردنی ئەمریکا زۆر سهخته.
كوردستان24:
بەرێزتان کەسێک بوون کە لە واشنتن بانگھێشتی دۆناڵد ترەمپتان کرد بۆ ئەوەی لەسەر سیاسەتی دەرەوە قسە بکات، بە ڕای ئیوە کام لە بەربژێرەکان دەتوانێ باشتر رۆژھەڵاتی ناوهڕاست بەرەو سەقامگیریی ببات و ئێوە بۆ خۆتان پشتگیریی لە کام کاندید دەکەن ؟
زهڵمای خەلیلزاد:
رۆژھەڵاتی ناوهڕاست یەکێک لەو شوێنە گرینگ و پر مەترسیانەی جیھانە کە لە مێژە سەقامگیر نیە،ئێستاش دۆخی ئهو ناوچهیه ئاڵۆز و پڕكێشهیه،به جۆرێك له ماوهی 30 تا 40 رابردوودا كێشهكانی زۆرترن، بۆیه سەرۆکی داھاتوو لەگەڵ زۆر ئاستەنگی نوێ رووبەروو دەبێتەوە، بە تایبەتی لە بواری توندوتیژی و تیرۆردا.
داعش یەکێک لەو مەترسیانەیە کە لە ئارادا دەبێت. سڵاوم بۆ پێشمهرگه دهنێرم و سوپاسیان دهكهم كه بە لەخۆبردوویی رووبەرووی مەترسی داعش بوونەتەوە و تەنانەت لە موسڵیش درێژە بە تێکشکاندنی داعش دەدەن.
ئەم گرفتە نەک تەنیا لە عێراق بەڵکو لە سوریاش لە ئارادایە،داعش لە وڵاتانی دەرەوەی رۆژھەڵاتی ناوهڕاستیش پەرەی سەندووە، لە لیبیا و ئەفغانستان و زۆر شوێنی دیکەش، کەوایە لە چ رێگایهکەوە دەتوانیین داعش تێکبشکێنین نەک تەنیا لە رووی تەکتیکیەوە بۆ نمونه موسڵیان لێوەرگرینەوە،كه تهنها ئهمه بهس نییه بەڵکو دهبێت لە ڕووی ستراتیژیشەوە رێگربین لەوەی سەرھەڵدەنەوە، ئەمەش دوای داعش و لە دوای رزگار کردنی موسڵەوەیە کە لەوێ چ روو دەدات و چ جۆرە سیاسەتێک دەگرینەبەر و دەوڵەتی عێراق چۆن لەگەڵ خەڵک و پێكهاتهكانی ئەوێ ھەڵسوکەوت دەکات و حەشدی شەعبی چ رۆڵێک دەگێرێ و کاردانەوەی تورکیا چ دەبێ و بێگومان کوردستانیش لەو نێوەدا رۆڵێ دەبێت.
ھەوەھا دەتوانین سەرجەم ئەم باسانەش لەسەر سوریا بڵێین و کاریگەری شەڕی نێوخۆیی عێراق و سوریا لەسەر ئەم وڵاتانە وھەروەھا رۆڵی وڵاتانی بەھێزی ناوچەکە چی دەبێ، بۆ وێنە ئێران و سعودیا و تورکیا ئەوەتا ناراستەوخۆ پێکەوە لە شەردان و ئەمەش وادەکات کە زۆر ئاستەنگ و گرفت لەبەردەم سەرۆکی نوێدا بێت.
من وایدەبینم کە ھیلاری کلینتن و ترەمپ جیاوازتر لە سەرۆک ئۆباما سیاسەت دەکەن.،ھیلاری کلینتن دەتوانێ بە شێنەیی گۆڕانکاری بکات، بەڵام ترەمپ ئەو ئامانج و ستراتیژانهی کە ئەمریکا لەو ناوچانهدا بە دواوهیەتی دەباتە ژێر پرسیار و گۆرانکارییەکانی ترەمپ لەھی ھیلاری مەزنتر دەبن.
كوردستان24:
وەکو بەرێزتان ئاماژەتان پێکرد بە گوێرەی پێوانەکانی رۆژھەڵاتی نێوەراست ئەو ناوچەیە لە قەیراندایە و بەھۆی ئەوەی زۆر لایەن رۆڵی تێدا دەگێڕن و گەیشتن بە چارەسەری ئاسان نیە،ئێوە رەخنەتان لە سیاسەتەی ئەمریکا گرتووە کە پاش چوونە نێو عێراق و ئەفغانستان لەوێ بەردەوام نەبوون، کەوایە ئەگەر سەرجەم بۆچوون و روانگەکانی ڕابردوو لەسەر ئەم بابەتە لێکبدهینهوه، سەرۆکی داھاتووی ئەمریکا چۆن دەتوانێ ھەنگاو بنێ بەشیوەیەک کە مێژوو دیسان خۆی دووبارە نەکاتەوە؟
زهڵمای خەلیلزاد:
ئەوە پرسیارێکی زۆر گرینگە، من وابیر دەکەمەوە کە ئێمە ھەڵەمان کردووە، بۆ وێنە ئەو کاتەی چووینە عێراقەوە، چەند ھەڵەیەکی گەورەمان کرد لە پاش شەرەکە، بەرێوەبربردنی دەوڵەتی عێراقمان بە عێراقییەکان سپارد و لەسەر ئەو بیرۆکەیەی کە دەتوانن
خۆیان بەرێوەی ببەن، سەرۆک بووش زوو زانی کە ھەڵەی کردووە ھەر بۆیە توانی زوو بەر بە ھەڵەی بگرێ، بەڵام دووبارەبوونەوەی ئەم ھەڵانە وای کرد کە ھێزێکی وەکوو داعش بێتە ئاراوە. باوەڕم وایە دەبێ بۆ داھاتوو پهیوەندی نێوان ستراتیژی و ئامانجمان پێکەوە گرێ بدەین، بۆ وێنە چەند ساڵ بەر لە ئێستا سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما بڕیاریدا کە ئەسەد دەبێت بڕوا، بەڵام پلانێکمان بۆ جێبەجێ کردنی ئەو کارە نەبوو ھەر بۆیە قەیرانەکان قوڵتر بوونەوە و ئێمە نەمانتوانی خواستەکانی خۆمان بچەسپێنین و وەکوو پێویست نەمانتوانی رۆڵ بگێرین و لە ئاکامدا رووسەکان ھاتنە نێو یاریەکەوە، ئەمەش دەرئەنجامی سیاسەتی لاوازی ئێمە بوو.
خوێندنەوەی من ئەوەیە کە دەبێ ئێمە لەگەڵ ھاوپەیمانەکانمان لە تێکشکاندنی تیرۆریستان بەردەوام بین،ههر چهنده ھەموو لایەک لەسەر تێکشکاندنی داعش مکوڕن، بەڵام نازانن چۆن کۆتایی بە شەری خوێناوی نێوان شێعە و سوننە، یان ململانێی نێوان تورکیاو سعودیا بھێنن!
ئەمریکا تاکو ئێستا رێگاچارەیەکی نیە بۆ قوتارکردنی توندوتیژی لەو ناوچانهدا. خەڵکی رۆژھەلاتی ناوەراست دەبێ پێکەوە سامان و دەسەڵات دابەش بکەن و گەشە بە فیدرالیزم یان کۆنفدرالیزم بدەن، ئەگەر ئەمریکاش نەتوانێ ئەمە بکات ئەوە ھەر لایەنە و بۆ خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات.
سەردەمانێک زلھێزەکان باڵادەست بوون و نەیاندەھێشت نەتەوە بچووکەکان دەرکەون، ھەڵبەت کورد لەم نێوەدا بەردەوام حزووری نەتەوەیی ھەبووە و ئەم بابەتە ئەوان ناگرێتەوە کە ئێستا ھەر گرووپێکی بچووک ھەوڵ دەدات ناسنامەیەکی جیاواز لە خۆی نیشان بدات.
ئەوەی ئێستا لە ئەمریکا زۆر ھاوڕایی لەسەر نیە ئەوەیە کە چۆن پێوەندی خۆمان لەگەڵ ئەو ھێزە بچووکانە دامەزرێنین و چی لە ململانێی ئەو ھێزە بچووکانە بکەین.
كوردستان24:
من کە گوێ لە وڵامەکان وشیکردنەوەکانتان دەگرم، پرسیاری زۆر بە زەینمدا دێن، ئاماژەت بە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکاش کرد، ئایا بە ڕای ئێوە ئەمریکا دژی سەربەخۆیی کوردستانە؟. ئەگەر وڵامەکە بەڵێیە، بۆچی؟.
زهڵمای خەلیلزاد:
بە باوەری من ئەمریکا دژی سەربەخۆیی کوردستان نیە. ئەمریکا دەخوازێ پرسی سەربەخۆیی لە رێگای رێککەوتن لەگەڵ بەغدا چارەسەر ببێت.
چاو لەوە بکەن کە پاش شەڕی سارد چی لە کۆماری چیکوسلۆڤاکیا ھاتە ئاراوە،یەکەمین شت کە لەوێ تاقیان کردەوە کۆنفیدراڵی بوو، دواتر ھەر کەس رێگای خۆی گرتەبەر و ئەوەتا ئێستاش لە یەکێتی ئەوروپادا پێکەوە ھاریکاری دەکەن، دووبارەی دەکەمەوە کە بۆ ئەمریکا خۆشتر ئەوەیە کە لە نێوان بەغدا و ھەولێردا رێکەوتن لەسەر ئەو بابەتە ھەبێ و ئەمەش رێگایەکی ئاسانترە بۆ واشنتن، بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ھەموو جیھانیش.
كوردستان24:
بەڵام ئەمە ئەگەرێکی قورسە وانییە؟
زهڵمای خەلیلزاد:
باوەڕم وانیە کە ئەمە ئاسان بێ، بیستووشمە کە کورد لەگەڵ بەغدا سەرقاڵی قسە کردنن سەبارەت بەم پرسە بۆ ئەوەی لانیکەم ماوەی چەند ساڵێک بە شێوەی کۆنفیدراڵی پێکەوە بن تاکو بزانن پاشتر چی دێتەگۆرێ لە نێوان ھەولێر و بەغدا، خۆ دهكرێت ئەمە تاقیبکرێتەوە لە نێوان کوردستان عێراق دا،
كوردستان24:
پێدەچێ مەبەستت رێککەوتنێکی ئاشتیخوازانەبێ،ھەروهك باسمان کرد باشترین رێگاچارە بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەوەیە کە رێکەوتن لە نێوان بەغداو ھەولێردا بێتە کایەوە، بەڵام بەرێزتان زۆر شارەزای کاروباری عێراقن، ئایا پێتانوایە کە عێراق ئەو توانایەی ھەیە لەم رێگایەوە کێشەکە چارەسەر بکات و پارچە پارچە نەبێ؟
زهڵمای خەلیلزاد:
ئەگەر بەراستی دهیانهوێت عێراق پارچە پارچە نەبێ، ئەوە پێویستە لە نێوان کورد و شیعە و سوننەدا داھات و دەسەڵات دابەش بکەن ، ھەر چەندە شیعە و سوننە بوونهتە دوو لایەنی جیاواز، بەڵام ئەگەر پێکەوە کێشەکان چارەسەر بکەن و بۆ ئەمەش چاوێک لە دیرۆکی وڵاتانی دیکەش بکەن کە ئەم رەوتەیان تێپەڕ کردوە و ئهوهش لە رێگای دەستوورو یاسای بنەرەتییەوە مسۆگەر دەکرێ کە ئەمەش بە رێگای فیدرالیزم مسۆگەر دەبێت، چونکە کوردستان لەم رێگاوە ١٧٪ بوودجەی بەردەکەوت،بەڵام بەغدا ئەم رێكکەوتنەوەی پێشێل کرد، ھەر ئەمەش وای کرد کە کوردستان بیر لە سەربەخۆیی بکاتەوە و ئێستاش پێویستە کە رێکەوتنی نوێ لە نێوان ئهو دوو لایەنهدا بێتە ئاراوە.
ئێستاش بەشەکانی دیکە عێراق چاو لە کوردستان دەکەن و مەیلیان لەوەیە کە سەربەخۆ بن و بە گوێرەی دەستووری عێراق ئەو مافەشیان ھەیە، پێشتر حکومەتی ناوەندی عێراق رێگری لە خواست و مەیلی سەربەخۆیی دەکرد و ئەمەش پێشێلکردنی یاسای بنەرەتی وڵات بوو، کاتێکیش كه دەستووری وڵات لە بن پێ بنرێت، خەڵک بەدوای رێگا چارەی دیکەدا دەگەرێن، بۆ نموونه کوردستان كه ١٧٪ ی بووجەکەی نەدرا، ناچار بوو بە شوێن رێگای چارەی دیکەدا گەڕا. دیسان روانگەی خۆم دووپات دەکەمەوە کە ئەگەر عێراق بە نیازه بە یەک پارچەیی بمێنێتەوە، ئەوە پێویستە یاسا سەروەر بێ و گشت لایەک رێز لە پێگە و ھێزی یەکتر بگرن.
كوردستان24:
ئەم بۆچوونانەی ئێوە لە روانگەی تیۆریەوە بایەخدارن، ئەگەر مرۆڤەکان بییانزانیایە کە چۆن دەسەڵات دابەش دەکەن ئەوە لە جیھاندا شەڕو پێکدادان نەدەھاتە ئاراوە، پرسیارەکە ئەوەیە کە بەرێزتان رەخنەتان لە رێبەرانی کورد گرتوە کە ئەوان لەگەڵ ئەوەی حەز بە یەکریزی دەکەن، بەڵام بۆ گەیشتن بەم ئامانجە بەرنامەیەکی ڕوونیان نیە، دەکرێ پێمان بڵیی کە بە شێوەی کرداری دەتوانین چی بکەین بۆ ئەوەی یەکگرتوو بین و یەک گوتارمان ھەبێت ؟
زهڵمای خەلیلزاد:
بەڵێ، ھەموو نەتەوە و وڵاتێک کاتێک ڕووبەرووی قەیران دەبنەوە ئەوە دەرفهتی جۆرا و جۆریش دێته ئاراوه، ئێستاش عێراق و سوریا کە قەیران بەرۆکی گرتوون چارەسەری نوێش لەبەردەمیان دایە و کاتێکیش لە شەری نێوخۆیدا لایەنێک سەردەکەوێ ئەوە سەرەرۆیی و دیکتاتۆری دەچەسپێنێ.
ئەمانەش لە رۆژھەڵاتی ناوەراست باوە و سەدامیش ھەمان کاری کرد، بهڵام ئێستا سەردەم گۆراوە و خەڵک دەستیان بە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان ڕادەگات و مل نادەن، وەکو پێشوو دەستەوەستان بن و لەم مەیدانەدا کورد خاوەن ئەزموونێکی زۆرن. پێموایە کە کارەساتێکی مەزن دەبێ ئەگەر بێتوو رۆژھەڵاتی نێوەراست بەرەودواوە بگەرێتەوە و دیسان دیکتاتۆری ئایینی یان نەتەوەیی باڵ بەسەر ئەو دەڤەرەدا بکێشێ.
ئێمە لە ئەمریکا بەم ئەزموونەدا تێپەڕ بووین و شەری نێوخۆیمان تاقیکردوە و دواتر گەیشتین بە فیدرالیزم و دابەش کردنی داھات و دەسەڵاتمان ھێنایە ئاراوە و پێشموایە ئەمە سەرکەتوو بوو، کەواتە با رۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش لەو ئەزموونەی ئێمە فێر بێ، بەڵام ئەگەر تۆ شارەزای مێژووی رۆژھەڵاتی ناڤین بی ئەوە دەزانی کە گەیشتن بەم چارەسەرییە ئاشتیخوازانەیە ساکار و ئاسان نیە و ئەگەر ئەم رێگاچارەیە نەیەتە ئاراوە ئەوە دیسان شەر روو دەدات و بەردەوام دەبێ،ھەر بۆیە بۆ رێبەرانی کوردیش زۆر گرینگە کە ململانێی لاوەکی وەلا بنێن بۆ ئەوەی وێنە گەورەکە ببینن و ئەمەش ھێمای نەتەوەیەکی گەورە دەردەخات کە لە کاتی قەیران دا یەکریز بن، ئیدی پاش تەواو بوونی دۆخی قەیراناویش ئەوە دەتوانن بریاری چارەنووساز بدەن.
مخابن کە نەخۆشکەوتنی مام جەلال بۆشایی دروست کرد و ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی کە پهرش و بڵاوی پتر لە نێو کوردەکاندا دروست ببێ و نیش وەکو دۆستێکی کورد کە لە دەرەوەی کێشەکان راوەستاوم، ھیواخوازم کە کوردهكان بتوانن نێو ماڵی خۆیان رێکبخەنەوە.
كوردستان24:
کەواتە بەرای تۆ دەسەڵات دابەش کردن و رێکەوتن تەنیا قسەی تیۆری نین،باشە کورد چۆن دەتوانێ سوود لە مێژووی وڵاتانی دیکە، بۆ وێنە وەکوو ئەمریکا ببینی و لەوە تێبگات کە دەتوانێ تەبا و یەکریز بێ؟
زهڵمای خەلیزاد:
ئەوروپاش ھەر وا بووە، ئەوان بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لەگەڵ یەکتر شەریان کردووە، بەڵام ئەوەتا ئێستا یەكێتی ئهوروپایان ھەیە، ئەوانە ھەمووی نموونەن بەڵام دەزانم کە زووە رۆژھەڵاتی ناوەراست بگاتە چارەسەرێكی لهو شێوهیه.
كوردستان24:
باستان لەوە کرد کە نەتەوەیەکی گەورە دەتوانێ لە کاتی قەیراندا یەکگرتووبیت، بەڵام ئەوەی کە نەتەوەکان فێری دەبن لە رووی زانست و ئەزموونەوەیە و مخابن کوردیش کەمتر ئەم دەرفەتەی ھەبووە، دەبینین کە ھەنووکە کورد بەرەو سەربەخۆیی ھەنگاو دەنێ، بەتایبەتی دوای ھەڵبژاردنەکانی ئە مەریکا ، لێکدانەوەی ئێوە چیە کە ئێمە ئەم قۆناغە بە باشترین شێوە تێپەڕێنین؟
زهڵمای خەلیلزاد:
باشترین رێگا چارە رێکەوتن لەگەڵ بەغدایە و ئەگەر ئەمە سەر بگرێ لەوانەیە ھەر پێویست بە رێفراندۆمیش نەکات، یان ئەگەری ئەوە دەبێ کە بە گوێرەی سازانی ههر دوو لا كار لەسەر ریفراندۆم بکرێ،ئەمەش بڕیارێکە بە دەست سەرۆک بارزانی یە.
بەڵام بۆ عێراق و کوردستان باشتر وایە کە ئەم باسە لە نێوان دوو لایەندا تاوتوێ بکرێ ، بە تایبەتی پاش ھەڵبژاردنی ئەمریکا و رزگارکردنی موسڵ کە گشت لایەکی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە،داوا و خواستی من ئەوەیە کە کورد لە ژێر چەتری سەرۆک بارزنیدا کۆبنەوە و لەگەڵ بەغدا بکەونە دانوستاندن بۆ گەیشتن بە رێگاچارەیەکی گونجاو و دواتر باس لەوە بکەن کە ئایا پێویست بە ریفراندۆم دەکات یان نا، ئەگەر ریفراندۆمیش کرا بۆ وڵامی کام پرسیار دەبێ، ئەمەش رێگای ھەنگاوەکانی داھاتوو خۆشتر دەکات.
كوردستان24:
بەڕای تۆ سەرۆکی داھاتووی ئەمریکا چۆن دەتوانێ یارمەتی ھەولێر و بەغدا بدات بۆ ئەوەی بگەنە ئەو رێکەوتنەی ئێوە ئاماژەتان پێکرد؟
زهڵمای خەلیلزاد:
بێ گومان ئەمریکا دەتوانێ رۆڵ بگێڕێ، بەڵام ئەوەی زۆر گرینگە ئەوەیە کە کورد وعێراقییەکان خۆیان دەتوانن رۆڵی سەرەکیان ھەبێ و رۆڵی ھێزە ھەرێمییەکانی وەک ئێران و تورکیا و وڵاتانی عەرەبیش بایەخدارە کە چاویان لەسەر ئەم پرۆسەیە.
کەوایە رۆڵی ھێزە لۆکاڵی و ھەرێمییەکان و ئەمریکاش گرینگە، بەڵام بۆ ھەموو لایەک باشترە کە ئەم پرسە بە رێکەوتن چارەسەر بکرێ، رۆژئاوا بە گشتیی و ئەمریکا بە تایبەتی دەتوانن رۆڵی بەرچاویان ههبێت لەبەر ئەو باڵادەستییەی لە رووی مێژووییەوە لە جیھان دا ھەیانە بۆ گەیشتن بە چارەسەری لهو بوارهدا. بەڵام ئێمە دەبێ تەنیا کاتێک بچینە نێو ئەم باسەوە کە بەراستی پێویست بێ، دیسان هیواخوازم کە خۆیان بگەنە رێکەوتن و پێویستیان بە ئێمە نەبێ، ئەوەی ئێستا لە ئارادایە یان دەبێ سەربەخۆیی بێ یان بۆ ماوهی چهند ساڵێك به کۆنفدراڵی بچن بهڕێووه،من پێم وایە کە گەڕانەوە بۆ پاش دەتوانێ زۆر دژوار بێ.
كوردستان24:
وەک دەزانن کورد بەرەو سەربەرخۆیی ھەنگاو دەنێن و رەنگە ئەو رێککەوتنە ئاشتیانهی ئیوە باسی دەکەن بەم زووانە نەیهته ئاراوە، بە باوەری ئێوە ئەگەر کورد سەربەخۆیی کوردستانی راگەیاند،ھەڵویستی سەرۆکی نوێی ئەمەریکا چی دەبێت؟
زهڵمای خالیلزاد:
بێ گومان بۆ واشنتن زۆر ئاسانتر دەبێ کە پشتیوانی و داکۆکی لە کوردستان بکات ئەگەر ھەر دوولا لە رێگای رێکەوتنەوە ئەم پرسە چارەسەر بکەن، بەڵام لە کۆتاییدا ئەمریکا دەزانێت ئەوە دواین بڕیاری کوردەکانە و لە ئاکامدا پشتیوانی لێدەکات.
بەڵام ئەمن ئامۆژگاری کوردەکان دەکەم کە بەدوای ئەوەوە بن کە لەگەڵ بەغدا و ھێزە عێراقییەکاندا دیالۆگ بکەن، چونکە ئەگەر کوردستان سەربەخۆش بێ خۆ کوردستان لە شوێنی خۆی ناڕوات، کەوابوو تا کوردستان لەگەڵ دراوسێکانی خاوەن پێوەندیەکی باشتر بێ ئەوە بە سوودتره، ئەگەر کوردستان سەربەخۆبێ ئەوە باشترە لەگەڵ ھەموو دراوسێکانی وهك ئێران و تورکیا و دراوسێکانی دیكهیدا خاوەنی پێوەندیەکی باش و دۆستانە بێ، چونکە کوردستان سنوورێکی داخراوی ھەیە و ئەمەش وادەکات ئەگەر کوردستانی سەربەخۆ لەگەڵ دراوسێکانی خاوەن پێوەندی باش نەبێ ئەوە لە جیھانی دەرەوەش دادەبرێ.
باشتر وایە کوردستان ھەروا نیشانی جیھانی بدات کە زۆرترین ھەوڵی لەگەڵ بەغدا داوە بۆ ئەوەی بگاتە چارسەریەکی ئاشتیخوازانە.