ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت

راپرسییەکان ئەنجامی جیاواز لەبارەی سەرۆکایەتی ئەمریکا باسدەکەن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

پاڵێوراوانی ھەردوو پارتی سەرەکی کۆماری و دیموکرات و پاڵێوراوە سەربەخۆکان بە ھیواوە چاوەڕوانی ئەنجامی ھەڵبژاردنن، راپرسییەکانیش لە گۆڕانی بەردەوامدان، بە پێی توێژینەوە و پێشبینییەکانیش، ویلایەتی فلۆریدا بە 29 کورسییەکەی، دەتوانێت ھاوشێوەی خوولی ھەڵبژاردنی ساڵی 2000 کە جۆرج دەبلیو بوش و ئال گۆڕ تێیدا رکابەر بوون بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات.

چرکە بە چرکە لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا نزیک دەبینەوە و ھەر یەکە لە دۆناڵد ترەمپ پاڵێوراوی پارتی کۆماری و ھیلاری کلینتۆن پاڵێوراوی پارتی دیموکرات، بە متمانەوە دەردەکەوەن. راپرسییەکانیش تا ئێستا لە گۆڕانی بەردەوام دان.بە پێی رۆژنامەی واشنتن پۆست و سی بی سی، ھیلاری بە ٤ خاڵی سەدی لە پێشەوەی ترامپە، بە تەنھا 2 خاڵ دیار دەکات، جگە لەو دەنگانەی بۆ پاڵێوراوانی دیکە دەچن، کە زیاترن لە 30 کاندید.

دواجار تەنھا سندووقەکانی دەنگدان ئەو پرسە یەکلا دەکەنەوە، ئەو ئەنجامەش تەواو پشت بە رێژەی زۆرینەی نوێنەری پارتەکان دەبەستێت لە ھەر ویلایەتێک بە پێی ئەو دەنگانەی بۆیان دانراوە.

زۆربەی ئاماژەکانیش بەو ئاراستەن ھەلەکان بۆ ھیلاری رەخساوترن تاوەکوو ترەمپ، ئەوەش بۆ زۆر ھۆکار دەگەڕێتەوە، لەوانە پاڵپووتیەیکی دیاری میدیای و کەسایەتییە ھونەری و میدیاییەکان و تەنانەت خودی سەرۆک ئۆباماشە، کە کاریگەری لەسەر دەنگی ئەفریقیی و ئاسیایی و ئەمریکییەکان زیاترە.

ھیلاری و ترەمپ بۆ بردنەوەی 270 نوێنەری ویلایەتەکان پێشبڕکێ دەکەن. لە رووی جواگرافیاشەوە، دابەشبوونێکی روون دیارە، ناوەراستی ئەمریکا بە تەواوی یان زۆرینە کۆماریین و ویلایەتەکانی رۆژھەڵات و رۆژئاواش زیاتر دیموکرات، بەڵام ھەندێک ویلایەت ھەن کە دەنگدانەکە یەکلایی دەکەنەوە، پێیان دەگوترێت سوینگ ستێیتس، کە فلۆریدا و ئایاوا و کۆلۆرادۆ و کارۆلاینای باشور و باکورن و 125 دەنگ لەخۆ دەگرن: ئاراستەی دەنگەکانیان دەگۆڕن و پێشبینی نەکراون.

بۆ ھیلاری، تەنھا زۆرینە لە  فلۆریدا، کە دەکاتە بردنەوەی 29 دەنگی ئەلێکترال کۆلیج یان نوێنەر، ھەلی بردنەوەی زۆر بەرزتر دەبێتەوە. لە کاتێکدا، ترەمپ ھاوشێوەی سەرۆکی پێشووتر، جۆرج دەبلیو بوش، ھیوا بۆ بردنەوە لە فرلۆریداو ویلایەتەکانی تریش دەخوازێت بۆ ئوەی بتوانێت 109 دەنگ کۆبکاتەوە. ھەڵبژاردنەکە کەمێک ئاڵۆزە و لە ئێستادا وا دەردەکەوێت ھیلاری دەەرفەتی باشتری ھەبێت، بەڵام نەبردنەوەی فلۆریدا ھاوکێشەکان بە تەواوی دەگۆڕێت و دەرفەتی ترەمپ زیاتر دەبێت.