دەربارەی: دیوەکەی دیکەی دوا هەڵبژاردنی ئەمریکا

Kurd24

لە 8ی تشرینی دووی ئەمساڵ، هاوڵاتییانی ئەمریکی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری خۆیان بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان چوون، ئەم هەڵبژاردنەی دوایی، بایەخێكی زیاتری لەجاران لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەمریکی و جیهانی پێدرا و هەواڵ و زانیارییەکان راستەخۆ دەگواسترانەوە و لە ستۆدیۆکان شیکارییان بۆدەکرا. بایەخی زیاتری پێدرا، چونکە جاری یەکەمە خانمێک و بازرگانێكی گەورەی ناسیاسی کێربڕکێ لەسەر کورسی سەرۆک کۆمار دەکەن.

هەڵبژاردنی سەرۆک بۆ ئەمریکا، کە وڵاتێکی گەورە و زلهێز و دەوڵەمەندی جیهانە، زۆر کەس وەک هەڵبژاردنی سەرۆک بۆ هەموو دونیا ناوی دەبەن. لەراستیدا، هەندێك هەقیقیەت لەمجۆرە تێڕوانینە هەیە، بەتایبەتیش ئەگەر بزانین کلیلی ئاشتی و شەڕ لەناو دەست و لە دەستەڵاتی سەرۆکی ئەمریکادایە، بۆیە دەیان میللەتی مافخوراو و غەدرلێکراوی وەک کورد، چاوەڕێی پشتگیری و یارمەتین لە سەرۆکی ئەمریکا، دەیانی زیاتریش چاوەڕێن لە پرۆسەی بە دیموکراتی کردنی وڵاتەکەیان، سەرۆکی ئەمریکا بەهانایانەوە بچی، هێشتا زیاتریش هیوا و ئومێدیان بە سەرۆکی ئەمریکا هەیە، لە تەنگانە و هێڕشی ناکاوی دوژمن، یارمەتییان بدات و بەرگرییان لێبکا.

ئەمریکا جگە لەوەی خۆی وڵاتێکی گەورە و زلهێزە، هاوپەیمانەکانیشی وەك: بەریتانیا، فەرەنسا، کەنەدا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، یابان، ئوسترالیا...هتد بەیەکەوە بەرەیەکیان دروستکردووە و لەکاتی گرژی و ناخۆشی لە ناوەوە و دەره‌وەی سنوورەکانیان، یارمەتی یەکتر دەدەن و دژی تێرۆریزم و دیکتاتۆری شێوەی سەدام خەبات دەکەن و دەجەنگن.

جگە لەو هۆیانەی سەرەوە، هەڵبژاردنی ئەمریکا گرنگە، چونکە لەپاش جەنگی دووەمی جیهان، شەڕێكی سارد لەنێوان سۆڤیێتی کۆن و وڵاتانی سۆسیالیست، ئەمریکا و وڵاتانی سەرمایەدار، دەستی پێکرد و تا ڕووخانی سۆڤیێت لە 26ی دێسێمبەری 1992 بەردەوام بوو، ئەم شەڕە ساردە لە نێوان روسیا و وڵاتانی رۆژئاوا لەگەڵ دەستبەکاربوونی ڤلادیمیر پوتین وەک سەرۆک کۆماری روسیا لە 1-1-2000 جارێکی دیکە دەستیپێکردەوە و نائارامیێكی زۆریان لە جیهان دروست کردووە، بەتایبەتیش لە وڵاتانی باڵتیک: لیتڤا، لاتڤیا و ئیستۆنیا هەروەها لە ئۆکراینا و وڵاتانی دیکەی دراوسێی روسیا...هتد.

گرژی نێوان وڵاتانی رۆژئاوا و روسیا زۆر بە ئاسانی لە شەڕی سوریا دەبیندرێ، کە چۆن ئەو وڵاتە عەرەبی و کوردییە بۆتە قوربانی گرژییەکانی ئەم دوو بەرەیە. بەشێک لە گرژی و قەیرانەکانی ئەمڕۆی جیهان، لە ئاستێکی بەرز و ئاڵۆزدان، ئەگەر سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا نەرم و جوان مامەڵەیان لەگەڵ نەکا، بە چاوتروکانێک ژیان لەسەر زەوی نامینێ.

دوا هەڵمەتی هەڵبژاردن پیشانیدا، خەڵکێکی زۆر لە ئەمریکا جارێ ئامادەنین ژنێک ببێتە سەرۆک کۆماری وڵاتەکەیان، هێشتا زیاتریش ناڕازین، دۆنالد تڕەمپ، کلیلی چەکی ئەتۆمی پێبسپێردرێ، بەتایبەتیش لە هەڵمەتەکان بیندرا، بەشێک لە لێدوانەکانی جیهانیان هەژاند، ئەوانەی دیکە ئاگریان لێدەباری و بۆرسەکانیان دەشێواند.

 ئیهانەکردنی ژن، لێدوانی رەسیستانە، دەرکردنی 11 ملیۆن پەنابەری لاتینۆی بێ ئیقامە، نەدانی ڤیزە بە تاکی ئیسلام، کەمکردنەوەی باج بۆ دەوڵەمەندەکان، هەڵوەشاندنەوەی ڕیفۆرمی تەندروستی ئۆباما، فڕەدانی هیلەری کلینتۆن بۆ بەندیخانە، هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتنی پاریس لەسەر ژینگە، یارمەتی نەدانی جیهانی سێ، پیربوونی ناتۆ و دەرکردنی هەندێک وڵات لێی، بەتایبەتیش ئەوانەی ئابۆنەی ئەندامێتی خۆیان بۆنادرێ، سەرسامبوون بە ڤلادیمیر پوتین و روسیا، دانانی باجی تایبەت بۆ کەلوپەلی چینی، گێڕانەوەی کارگە و کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکی بۆ ناوەوەی وڵات، قەدەغەکردنی منداڵ لەباربردن، باوەڕنەکردن بە ئەنجامی هەڵبژاردن و زۆر بابەتی دیکەش، دۆناڵد ترەمپ لە هەڵمەتی هەڵبژاردن باسی دەکردن. ئەم تێڕوانینانەی ئەو، هەندێک خەڵکی هیلاک دەکرد و زیاتریشی دەترساند، بەتایبەتیش ئەوانەی دەیانزانی ترەمپ کەسێکی سیاسی نییە، ئەکتەرێكی لاوازە، قارەمانێکی گەورەی دۆکسۆپەیە، ئاشقی باسکردن و دەرچوونە لە میدیاکان.

- ترەمپ کەسێكی زۆر خەتەرە کۆدی چەکی نەوەوەی پێبدرێ، ئۆباما لە لێدوانێکی گوتی.

ئەو بەڵێنانەی ترەمپ بە دەنگدەرانی خۆی دەدا، زۆری بێبنەما و درۆبوون. هەر بۆ نموونە: ئەگەر کۆمپانیاکانی ئەمریکی بۆ ناوەوەی وڵات بهێنێتەوە، کەلوپەلەکان بە ڕێژەی ٤٠٪ گران دەبن، ئایا خەڵکی ئەمریکا ئامادەن ئەو بڕە پارە زیادە بدەن؟ زیادکردنی خەزێنەی دەوڵەت دوو ئەوەندەی ئێستا هەیە، ئابووریناسان ئەوە بەخەون و خەیاڵ ناودەبەن. دروستکردنی دیوار لە نێوان مەکسیکۆ و ئەمریکا، دیسان لە قسە نامەنتقییەکانی دۆنالدە، چونکە مەکسیک دژی ئەم دیوارەیە، بەتایبەتیش ئەگەر خۆی ناچاربکرێ، پارەی دروستکردنی بدا.

هەندێک لە رۆژنامەنووسان، دروشمەکانی ترامپ لەگەڵ دروشمەکانی هیتلەر وێکدەچوێنن، چونکە لەهەردووکیان کار لەسەر هەست و سۆزی خەڵک دەکرا، خەڵک بەدرۆ لەخشتە دەبردا. دەرچوو خەڵک تامی لە بیستنی درۆ وەردەگرت.

هەڵبژاردنی ترامپ، برینێکی گەورەی لەناو ئەمریکییەکان دروست کرد، لەشکرێک خەڵکی دژ بە رۆژنامەنووسان هاندا، چونکە بەردەوام ترامپ وەک کەسێكی سەرشێت و کڵاون باسی دەکرا و لە بەرنامەکانی تەلەفزیۆن گاڵتەی پێدەکرا و رۆژانە نهێنیێک یان تۆمارێکی دەنگی حەیابەری بڵاودەکرایەوە. لە تەواوی ئامارەکان، هیلەری کلینتۆن لە پێش پێشەوە و براوە بوو، کەچی ئەنجامەکەی پێچەوانە دەرچوو. زۆر کەس تێناگەن، چۆن ترامپ ئەم هەڵبژاردنەی بردەوە؟ لەکاتێکدا ئەو لە ئامارەکان بەردەوام ئەو دۆڕاوبوو...

ئەو دەنگانەی ترامپیان بۆ کۆشکی سپی برد، بەگوێرەی رای پسپۆران، زیاتر ئەو دەنگانەن، کە لە شارە گەورەکان ناژین و لە ئامارەکان رایان وەرنەگیرایەوە. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، دەنگدەرانی دۆنالد ترامپ، کەسانی رەسیستن، وردە بازرگانن، سپی پێستەکانن، کەمخوێندەوارەکانن.  

کارکردن لەگەڵ ترەمپ ئاسان نییە و بەتایبەتیش ئەگەر بزانین، کۆمەڵێک بەڕێوەبەری تیمی هەڵمەتی هەڵبژاردنی خۆی دەرکرد. شارەزایان لەوبڕوایەدان، ترەمپ بەئاسانی دەتوانی وەزیر و بەرپرسەکانیش بەهەمان شێوە بگۆڕی و دەربکا.

لە دوا هەڵبژاردنی ئەمریکا، زۆر کەم باس لە پرۆژە و سیاسەت کرا، بە پیسترین و خراپترین و گرانترین هەڵبژاردنیش باسی دەکرێ. نزیکەی حەوت ملیار دۆلار خەرجی بوو و تەنیا هیلەری کلینتۆن یەک ملیارد و نیو دۆلاری خەرج کرد، لەگەڵ ئەوەش ترەمپ وەک چل و پێنجەمین سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەڵبژێردرا.