گۆڕان بەبێ نەوشیروان مستەفا ناتوانێ بڕیار بدات

كوردستان24 ناوەرۆكی كۆبوونەوەیەكی گۆڕان ئاشكرا دەكات
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ئەوەی شەرعییەت نەدات بە دوورخستنەوەی لە کابینەی ھەشتەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕیاری کشانەوەی نەداوە و دوای خستووە بۆ ئەوەی زیاتر تاوتوێی بکات، وەک دەگوترێت گۆڕان لە نەبوونی نەوشیروان مستەفا ناتوانێت زۆر بڕیاری سیاسی یەکلاکەرەوە بدات، ھەرچەندە رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان تەواوی دەسەڵاتەکانی خۆی داوە بە جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەکەی.

کوردستان24 لە زاری سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی نێو بزووتنەوەی گۆڕان زانیارییەکانی نێو کۆبوونەوەی 12 ئەم مانگەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان ئاشکرا دەکات، ئەو سەرچاوە دەڵێ بە درێژایی 8 کاتژمێری کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕاندا ململانێیەکی زۆر بەدیکراوە لەسەر دەنگدان بۆ ھەردوو بڕیاری کشانەوە و دووبارە بوون بە ئۆپۆزسیۆن یان مانەوە لە نێو کابینەی ھەشتەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دواجار سیاسەتمەدارە بەئەزموونەکانی نێو بزووتنەوەکە توانیویانە یارییەکە لە گەنجەکانی گۆڕان ببەنەوە و کشانەوەیان لە حکوومەت دوابخەن. بە پاساوی ئەوەی گەر ئەوان بکشێنەوە ئەوا ھەنگاوەکەیان لە بەرژەوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێت و شەرعییەت دەدەن بە دابڕاندنیان لە حکوومەت.