سەركردایەتی یەكێتی پرسی ھەڵوەشاندنەوەی حكوومەت تاوتوێ دەكات

kurdistan24.net

K24 – سلێمانی

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند، پرسی ھەڵوەشاندنەوەی حكوومەت و پێكھێنانی حكوومەتی رزگاری نیشتمانی كە لەلایەن باڵی ناوەندی بڕیار پێشنیاركراوە، لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی تاوتوێ دەكەن كە بڕیارە بەمزوانە ئەنجامبدرێت.

لەبارەی پێشنیاری باڵی بڕیاری ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ ھەڵوەشاندنەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و پێكھێنانی كابینەیەكی دیكە، رابەر سەید برایم ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بە كوردستان24 گوت: "دەبێ ئەو پرسە لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی یان مەكتەبی سیاسی ئەو پرسە یەكلای بكرێتەوە".

ئاشكرای كرد: "بڕیارە بەمزوانە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی ئەنجامبدرێت".

رابەر سەید برایم سەبارەت بە پێشنیاری مامەڵەكردنی راستەوخۆی بەغدا لەگەڵ پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان گوتی: "ئێمە دژی دووئیدارەیین، بە تەئیكید لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی ھەڵوێستی فەرمی یەكێتی رادەگەیەندرێت لەوبارەوە".