مه‌لا به‌ختيار ستايشى ئێران و توركيا ره‌خنه باران ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:
مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوى ده‌سته‌ى كارگێڕى مه‌كته‌بى سياسيى يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان له چاوپێكه‌وتنێكيدا بۆ رۆژنامه‌يه‌كى ئێران رايگه‌ياند، له سه‌رده‌می هه‌خامنشییه‌کان تورکیا به‌شێک بووه له خاکی ئێران.
به ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر، رۆژنامه‌ی شه‌رق له تاران گفتوگۆیه‌کی له‌گه‌ڵ مه‌لا به‌ختیار بڵاوکردووه‌ته‌وه، تێيدا ناوبراو له ناوچه كوردستانييه رزگاركراوه‌كانه‌وه رايگه‌ياندووه، ئێمه به هیچ شێوه‌یه‌ک ئاماده نین له‌و ناوچانه بکشێنیه‌وه، تاکوو به ڕوونی ماده‌ی 140 و هه‌موو به‌نده‌کانی که به‌شێکی گرنگ له یاسای بنه‌ڕه‌تی عێراقه جێبه‌جێ نه‌کرێت.
ئه‌و سه‌باره‌ت به پرسی سه‌ربه‌خۆبوونی هه‌رێمى کوردستان جه‌ختیکرد: ئه‌مه شتێکی سروشتییه و مافى ئێمه‌يه،.. وه‌ک خۆشم له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌م که دۆخی ئێستا و ناوچه‌که و کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تيش بۆ شتێکی له‌و جۆره له بار نییه.
ئه‌و سه‌باره‌ت به ناکۆکییه ناوخۆییه‌کانی هێزه کوردییه‌کان وتی: به‌داخه‌وه دۆخه‌که باش نییه، دوای دامه‌زراندنی حكومه‌تى بنكه فراوان پارتی و گۆڕان نێوانیان تێکچوو. دواتر به هۆی هاوپه‌یمانی نێوان گۆڕان و یه‌کێتی، نێوانی پارتی و یه‌کێتیش ئاڵۆز بوو، دۆخه‌که یه‌کجار ئاڵۆزه. ئێمه وه‌ک یه‌کێتی هه‌وڵ ده‌ده‌ین رێگه‌ی میانه بگرینه به‌ر و ببینه هه‌وێنێک بۆ لێک نزیک بوونه‌وه له یه‌کتر تێگه‌یشتن.
مه‌لا به‌ختیار سه‌باره‌ت به خواستی تورکیا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی موسڵ بۆ سه‌ر توركيا وتی: باشه شتی وا چۆن ده‌بێت، تورکیا له سه‌رده‌می ئاکه‌دییه‌کان به‌شێک بووه له عێراقی ئه‌مڕۆ که وایه با بێته‌وه سه‌ر عێراق، یان نه‌خێر سه‌رده‌می ئومه‌وییه‌کان و عه‌باسییه‌كان تورکیا به‌شێک بووه له خاکی عه‌ره‌به‌کان که وایه با تورکیا بێته‌وه سه‌ر خاکی عه‌ره‌به‌کان، یان له سه‌رده‌می هه‌خامنشییه‌کان به‌شێک بووه له خاکی ئێران ده‌ی که وایه با تورکیا بێته‌وه سه‌ر خاکی ئێران، ئه‌م داواکارییه سه‌یر و سه‌مه‌رانه هیچ بایه‌خێکی نییه و ئه‌م شتانه مردووه و ته‌واو بووه.
ئه‌و سه‌باره‌ت به ڕۆڵی تورکیا له هه‌رێمی کوردستان وتی: به داخه‌وه تورکیا دژایه‌تی کوردی سووریا و ناوخۆی ده‌کات، ئه‌وه دژی هه‌رێمی کوردستانیش هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێت یه‌که‌م تورکیا به تووندی دژی جێبه‌جێ بوونی ماده‌ی 140ه که په‌یوه‌ندی به‌ویشه‌وه نییه و بابه‌تێکی ناوخۆیی عێراقه، دواجار دژی هه‌ر جۆره مافێکی زیاتر بۆ خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستانه و بۆ ئه‌م کاره‌ش هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێت. شێخ مه‌حموودی حه‌فید به خۆی و 500 بۆ 600 پیشمه‌رگه توانی په‌یمان نامه‌ی سوور به واژۆ کردن به‌گه‌یه‌نێت، باشه ئێسته زیاتر له 150 هه‌زار پێشمه‌رگه و هێزی سه‌ربازی له هه‌رێم هه‌یه تورکیا چۆن ده‌توانێت مێژوو بۆ دواوه بباته‌وه. تورکیا کاری باشی له سه‌ره‌تا کرد، به‌ڵام به داخه‌وه بۆ دواوه گه‌ڕاوه‌ته‌وه ئه‌مه‌ش دواجار له دژی خودی تورکیایه.
ئه‌و سه‌باره‌ت به ئێران له‌م گفتوگۆیه‌دا وتی: به نیسبه‌ت ئێمه‌ی کورده‌وه ئێران گرنگی زۆری هه‌یه، ئێران یه‌که‌م وڵات بوو که دانی به‌سه‌ر فیدراڵی هه‌رێمدا نا، هه‌روه‌ها ئێران یه‌که‌م وڵات بوو که له شه‌ڕی داعشدا یارمه‌تی داین، ئه‌وکات هاوپه‌یمانی هێشتا نه‌یده‌زانی که ده‌بێت چی بکات له داعش و ته‌نات به‌غداش هیچی له ده‌ست نه‌ده‌هات چون خۆشی تووشی لافاوی داعش ببوو، به‌ڵام ئێران له هه‌مان سه‌ره‌تاوه پشتی هه‌رێمی کوردستانی گرت و له هه‌موو به‌ره‌کاندا یارمه‌تی داوین و خودی سه‌رۆکی هه‌رێمیش ئه‌وکات نامه‌یه‌کی ڕێز و سپاسی بۆ ده‌وڵه‌تی ئێران نارد.
مه‌لا به‌ختیار جه‌ختی کرد: ئێران بۆ کورد وڵاتێکی گرنگه، ئێران به‌رده‌وام یارمه‌تی کوردی عێراقی داوه و په‌یوه‌ندی باشی هه‌یه له‌گه‌ڵی، پیشی خۆشه کوردی تورکیا و سووریاش سه‌رکه‌ون و به مافه‌کانی خۆیان بگه‌ن. ئێران هه‌ر له کۆنه‌وه یارمه‌تی داوین ئه‌گه‌ر ئێران نه‌دبوو که‌س له جیهاندا به کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ى نه‌ده‌زانی، ته‌نانه‌ت ئێسته‌ش سه‌دان هاووڵاتى هه‌ڵه‌بجه له گۆڕستانی ئه‌لزه‌هرای تاران به خاک سپێردراون، به‌ڵام ئایا تورکیا قه‌ت ئه‌م پشتیو‌انیانه‌ی له کورد کردووه؟ به تاکید نه‌خێر، ته‌نانه‌ت بۆ یه‌که‌مین جار ئه‌وه ئێران بوو که ئاڵای هه‌رێمی کوردستانی به فه‌رمی له دیداره فه‌رمییه‌کانی نێوان هه‌رێم و ئێران دانا. تورکیا به‌رده‌وام خه‌ریکی پیلانگێڕییه له دژی کورد و له‌م کاره‌ش ناتوانێت ده‌ست هه‌ڵبگرێت. ئێمه ناتوانین چاو به‌سه‌ر په‌یوه‌ندی تورکیا بشۆرین چون دراوسێمانه، به‌ڵام هه‌م پارتی و هه‌م یه‌کێتی ده‌بێت ئه‌وه باش بزانن که ناتوانن له سنووری جوگرافیای خۆیان تێپه‌ڕن.
مه‌لا به‌ختيار بۆ رۆژنامه‌كه ئه‌وه‌شى وتووه: لای هه‌مووان روونه له رووی فه‌رهه‌نگی و مێژووییه‌وه په‌یوه‌ندی زۆر قووڵ له نێوان ئێرانییه‌کان و کورددا هه‌یه و ئێمه له‌م رووشه‌وه ئه‌وه‌ی بتوانین بۆ په‌ره‌دان به‌م بابه‌ته ئه‌نجامی ده‌ده‌ین، هه‌ر بۆیه ئێمه له فيستیڤاڵی گه‌لاوێژدا گرنگییه‌کی زۆر به هاتنی نووسه‌ر‌ان و رۆشنبیرانی ئێران ده‌ده‌ین و ده‌مانه‌وێت له نزیکه‌وه زیاتر پێکه‌وه ئاشنا بین و ئه‌مه‌ش به تاکید کاریگه‌ری خۆیی ده‌بێت. له داهاتووشدا دڵنیام که په‌یوه‌ندی ئێران و کورد کاریگه‌ری باشی له سه‌ر سه‌قامگیری و ئاشتی ناوچه‌که ده‌بێت.