په‌رله‌مانتارانى ئه‌وروپا داواى راگرتنى گفتوگۆكانى ئه‌ندامێتى توركيا ده‌كه‌ن

دوای لێدوانەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا

K24 – هه‌ولێر:

چەند پەرلەمانتارێکی دیاری پەرلەمانی ئەوروپا داوای راگرتنی گفتوگۆکانی ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا دەکەن.

دوای لێدوانەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە بارەی یەکێتی ئەوروپا و ئاشکراکردنی ویستی وڵاتەکەی بۆ چوونە ناو ھاوپەیمانێتی رووسیا و چین لە جیاتی ئەوروپا، چەند پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی ئەوروپا داوا دەکەن گفتوگۆکان بۆ بە ئەندامبوونی تورکیا لە ئەوروپا رابگیرێن.

ھۆکارێکی دیکە لە پشت داواکەی پەرلەمانتارانی ئەوروپاوە سیاسەتەکانی حکومەتی تورکیایە لە دوای کودەتاکەی 15ى تەمموز و دەستگیرکردنی کەسانی نەیار و سیاسیەکان و داخستنی دەزگاکانی راگەیاندنە.

نەمسا و لۆکسیمبۆرگ بەئاشکرا داوای راگرتنی گفتوگۆکان دەکەن، ئەڵمانیا و فەرەنساش ترسی ئەوەیان ھەیە لەگەڵ راگرتنی گفتوگۆکان رێککەوتنەکەی ئەوروپا و تورکیا لەبارەی پەنابەرانەوە ھەڵوەشێتەوە.