فه‌رمانده‌ی سوپای پاسداران: چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌چنه سووریا
K24 – هه‌ولێر:
"محه‌مه‌د عه‌لی جه‌عفه‌ری" فه‌رمانده‌ی سوپای پاسدارانی ئێرانی رایگه‌یاند: پاش كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌چنه سووریا و عێراقیش پێویستی به پاڵپشتی سه‌ربازیی ئێران نییه.
ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی سوپای پاسداران له میانی گوتارێكدا كه له ڤێستیڤاڵی(مالك الأشتر) پێشكه‌شی كردووه،ئه‌و قسانه‌ی كردووه.
جه‌عفه‌ری هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی" جیهانی ئیسلامی پێویستیان به‌وه هه‌یه پاڵپشتی و هاریكاری یه‌كتری بكه‌ن له‌م كاته‌دا،ناردنی چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی بۆ سووریا هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دایه.
فه‌رمانده‌كه‌ی سوپای پاسدارانی ئێران ره‌تیكردووه‌ته‌وه كه له پرۆسه‌ی سه‌ربازی موسڵ و ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و شاره‌دا ئێران ده‌ستوه‌ردانی هه‌بووبێت،له‌و باره‌یه‌وه گوتوویه‌تی" هیچ هێزێكی سه‌ربازی ئێرانی له موسڵ نین،ته‌نها له‌وانه‌یه ژماره‌یه‌كی دیاریكراوی راوێژكارانمان له‌و ناوچانه‌دا هه‌بن،چونكه شۆڕشگێڕانی عێراق و هێزه ئازاكانی حه‌شدی شه‌عبی پێویستیان به هێزی ئێرانی نییه.