ئه‌ڵمانيا وه‌ڵامى هه‌ڕه‌شه‌كه‌ى ئه‌ردۆغان ده‌داته‌وه‌

پێویست ناکات ھەڕەشەی ھەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی ئەوروپا و تورکیا بکرێت.

K24 – هه‌ولێر:

ئەڵمانیا رایگه‌ياند، ھەڕەشەکردن لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە چارەسەرکردنی قەیرانی پەنابەران، کارێکی باش نییە.

لەبارەی ھەڕەشەکانی ئەردۆغانەوە، ئۆلریکا دیمەر، گوتەبێژی ئەنگێلا مێرکڵ راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، پێویست ناکات ھەڕەشەی ھەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی ئەوروپا و تورکیا بکرێت.

گوتیشی: ئەو رێککەوتنە لە بەرژەوەندی ھەردوولایە و ئەگەر کێشە ھەبێت پێویست ناکات ھەڕەشە بکرێت و باشترە کێشەکان چارەسەر بکرێن.

لە دوای ئەوەی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا، بەزۆرینەی دەنگ بڕیاری ھەڵپەساردنی گفتوگۆکانی تایبەت بە ئەندامبوونی ئەنقەرە لە یەکێتی ئەوروپا، دەرکرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەتوندی ئیدانەی ئەو بڕیارەی پەرلەمانی ئەوروپا کرد و رایگەیاند، ئەگەر ئەوروپا سنووری خۆی تێپەڕێنێت، ئەوا تورکیاش سنوورەکانی خۆی دەکاتەوە و رێگە دەدات جارێکی دیکە شەپۆلی پەنابەران روو بکەنەوە وڵاتانی ئەوروپا.