پارێزگاری سلێمانی: سوتاندنی ئۆتۆمبێلی مامۆستایان ھەوڵێكە بۆ تێكدانی ئارامی شار
K24 - سلێمانی
لە راگەیاندراوێكدا سەردار قادر لە بری پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند: "سوتاندنی ئۆتۆمبێلی مامۆستایان ھەوڵێكە بۆ تێكدانی ئارامی شار و شێواندنی بیرورا و ھەڵوێستی جیاواز".
ئەوەشی خستوەتەڕوو: " دەستێکی رەش ھەستاوە بە سوتانی ئۆتۆمبێلی مامۆستایان گوڵاڵە سدیق و ئاوات حەسەن ، کە ھەردووکیان ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازین لە شاری سلێمانی، ئێمە لە پارێزگاری سلێمانی زۆر بەتوندی ئیدانەی سوتانی ئۆتۆمبیلی ئەو مامۆستا بەرێزانە دەکەین".
لە راگەیاندراوەكەدا ھاتووە: "پێکەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی و لایەنی پەیوەندیدار لە ھەوڵی جدیداین بۆ دۆزینەوەی ئەو دەستە رەشانەی کە ھەوڵی تێکدانی ئارامی شار دەدەن و دەیانەوێت دەنگی جیاواز و بیروراو ھەڵوێستی مەدەنیانەی مامۆستایان تێکبدەن".
شەوی رابردوو لە شاری سلێمانی ئۆتۆمبێلی دوو ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی سوتێنران، تا ئێستا ھۆكار و بكەرانی ئەو كردەوەیە ئاشكرا نەكراون.