دوو گومان لێكراو بە تۆمەتی كوشتنی ھۆشیار ئیسماعیل دەستگیركران

K24 – ھەولێر

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە كوردستان24 راگەیاند: "ئاسایشی ھەولێر دوو گومان لێكراوی بە تۆمەتی كوشتنی ھۆشیار ئیسماعیل دەستگیركردووە و لێكۆڵینەوە لەگەڵ دوو گومان لێكراوەكە دەستیپێكردووە، بەڵام تائێستا ھیچ سەرچاوەیەكی فەرمی ھەواڵەكەی پشتراست نەكردوەتەوە".

دکتۆر ھۆشیار ئیسماعیل مامۆستای وتار خوێن و پێشنوێژی مزگەوتی عومەر بندیان لە شاری ھەولێر شەوی 22 ئەم مانگە لە ماڵەكەی خۆیی تیرۆركرا.

مامۆستا ھۆشیار ئیسماعیل كادیری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بوو، تیرۆركردنی ئەو مامۆستایە ئاینییە كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا ھێناو لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ سەڵاحەدین بەھائەدین ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی رایگەیاند: "شەھیدکردنی مامۆستا ھۆشیار شەھیدکردنی دەنگی میانڕۆیی و پێکەوەژیانە، دەزگا پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە بە زووترین کات ھۆکار و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بدۆزنەوە و رادەستی یاسای بکەن".

ھاوكات زۆربەی لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان بەیاننامەیان دژی كوشتی دكتۆر ھۆشیار بڵاوكردەوە و ئەو كردەوەیان شەرمەزاركرد و داوایان كرد، بكەرانی ئەو تاوانە دەستگیربكرێن و بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت.

دوای رووداوەكە ئاسایش و دەزگا ئەمنییەكانی دیكەی ھەولێر رایانگەیاند، دەستیان بە لێكۆڵینەوەی وردكردووە بۆ ئاشكراكردنی ھۆكاری تیرۆركردنی مامۆستا ھۆشیار و دەستگیركردنی تاوانباران.