خه‌ڵكی موسڵ نایانه‌وێت شاره‌كه‌یان جێبهێڵن
K24 – هه‌ولێر:
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له به‌ری رۆژهه‌ڵاته‌وه سوپای عێراق ده‌ستیگرتووه‌ته‌وه به‌سه‌ر چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی شاvی موسڵدا و هێڵێكی له نێوان خۆی و چه‌كدارانی داعشدا كێشاوه، به‌ڵام ئاماژه‌كان ده‌ریده‌خه‌ن خه‌ڵێكی كه‌م له شاره‌كه ده‌رچوون و ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كرا ده‌رچوونه گه‌وره‌كه رووینه‌دا كه بگاته یه‌ك ملیۆن كه‌س،ته‌نها رێژه‌یه‌كی كه‌م شاره‌كه‌یان جێهێشتووه.
رۆژنامه‌ی"ئۆبزێرڤه‌ر" بریتانی له موسڵه‌وه راپۆرتێكی له‌و باره‌یه‌وه بڵاوكردووه‌ته‌وه و نوسیوویه‌تی" سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی موسڵ له دۆخی ئه‌منی و سه‌ربازی دڵنیانین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خه‌ڵكی ئه‌و شاره نایانه‌وێت ماڵه‌كانیان جێبهێڵن.
رۆژنامه بریتانییه‌كه ئاماژه‌ی به گه‌ڕانه‌وه‌ی ژیان بۆ گه‌ڕه‌كی "گۆگجه‌لی" داوه كه وه‌ك یه‌كه‌م گه‌ڕه‌ك و ده‌روازه‌ی شاری موسڵ له لایه‌ن هێزه عێراقییه‌كانه‌وه كۆنترۆڵكرایه‌وه،له‌و باره‌یه‌وه نوسیوویه‌تی" ژیان به هێواشی ده‌گه‌ڕێته‌وه دۆخی سروشتی خۆی،فرۆشیاره‌كان به‌و عاره‌بانانه‌وه ده‌بینرێن كه له گوێدریژه‌كان ده‌به‌سترێن،سه‌رتاش دووكانه بچووكه‌كان و شوێنه‌كانی فرۆشتنی دانه‌وێڵه هێدی هێدی ده‌كرێنه‌وه،پیاوه به ته‌مه‌نه‌كان كۆمه‌ڵ كۆمه‌ڵ هاتوونه‌ته‌وه ده‌ره‌وه و خۆیان ده‌ده‌نه به‌ر تیشكی خۆری به‌یانیان.
راپۆرته‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه" تا ئێستا رێژه‌یه‌كی زۆر كه‌م له‌و "73" هه‌زار ئاواره‌یه‌ی پارێزگای نه‌ینه‌وا خه‌ڵكی ناو شاری موسڵن،زۆرینه‌یان خه‌ڵكی گوند و شاره‌دێ ده‌وروبه‌ری شاره‌كه‌ن.
رۆژنامه بریتانییه‌كه له زاری خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ی گواستووه‌ته‌وه و به‌شێكیان گوتوویانه" باشتره له موسڵ بمرین نه‌ك بچین له خێوه‌تگه پیسه‌كاندا بژین،كاره‌با و ئاومان نییه، به‌ڵام ره‌وشه‌كه رۆژ دوای رۆژ به‌ره‌و باشی ده‌ڕوات.
خه‌ڵكی ئه‌و گه‌ڕه‌كانه هه‌روه‌ها گوتوویانه" ئێمه تا ئێستا ئاسووده‌ین و سوپای عێراق نه‌رم و نیانن له‌گه‌ڵماندا.
راپۆرته‌كه وێنه‌یه‌كی له ژیانی رۆژانه‌ی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه به‌رچاو خستووه و نوسیوویه‌تی" ژنان و كچان له به‌رده‌م بریكاری خۆراكه‌كه و نانه‌واكه‌دا كۆببوونه‌وه، له ناكاو بڵاوه‌یان كرد و دیار نه‌مان،سه‌رتاشخانه و دووكانه‌كان داخران،ئه‌وه‌ش به‌هۆی دروستبوونی بۆردوومان له نێوان هێزه عێراقییه‌كان و چه‌كدارانی داعشدا.
ژماره‌یه‌ك له دانیشتووانی ئه‌و ناوچه‌یه به رۆژنامه بریتانییه‌كه‌یان گوتووه" ئه‌وان پێشبینی ئه‌وه‌ده‌كه‌ن له هه‌ر ساتێك‌دا بێت چه‌كدارانی داعش بگه‌ڕێنه‌وه بۆ گه‌ڕه‌كه‌كانیان،چونكه ئه‌و چه‌كدارانه به‌په‌له چۆڵیان كردووه و به راستی گه‌ڕه‌كه‌كانیان جێنه‌هێشتووه.
چه‌ند كه‌سێك ئاماژه‌یان بۆ باڵه‌خانه‌كانی ده‌وروبه‌ریان ده‌كرد و ده‌یانگووت" هێشتا له‌و باڵه‌خانانه‌دا چه‌كدارانی داعش هه‌ن،به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه نایانه‌وێت شاره‌كه‌یان به‌جێبهێڵن.