کۆپیکردنی سیستێمی پەروەردەی سویدی بۆ کوردستان هەڵەیە

Kurd24

لە کابینەی پێنجی حکومەتی هەرێم، (٧ی مایسی ٢٠٠٦ – ٢٧ تشرینی یەکی ٢٠٠٩) ڕیفۆرمێکی خێرا و بێبەرنامە و خراپ لەسەر سیستێمێکی خوێندن لە کوردستان دەستی پێکرد، نزیکەی دە ساڵ ڕەتی کردووە هێشتا دایک و باوک بە گشتی و قوتابی و مامۆستایان بە تایبەتی بەدەستییەوە دەناڵێنن.

گورێنی سیستێمی خوێندن لە هەرێمی کوردستان بۆ سیستێمی خوێندنی وڵاتێکی وەک سوید لە باکوری ئەوروپا، هەڵەیەکی گەورە و زیانبەخش لە زانست و فێربوون بوو.

ئەگەر بەخێرایی لاپەڕەی مێژووی خوێندن و قوتابخانەکانی سویدی هەڵبدەینەوە ئاسانتر لە خراپی ئەو ڕیفۆرمەی خوێندن و پەروەردە لە کوردستان دەگەین.

یەکەم قوتابخانە لە سوید لە ساڵی ١٠٨٥ لەلایەن domkyrka (کەنیسە) لە شاری لوند (Lund) کرایەوە و یەکەم قوتابخانەی تازە یان کەمتر لەژیر کاریگەری و دەستەڵات و دەستێوەردانی کەنیسە لە ساڵی ١٥٧١ کرایەوە. یەکەم قوتابخانەی ئامادەیی لە ساڵی ١٦٢٣ لە شاری ڤێستێرۆس کرایەوە و یەکەم زانکۆش لە سوید لە شاری ئۆپسالا لە ساڵی ١٤٧٧ کرایەوە.

هەرچەندە لە کۆن خوێندن زیاتر بۆ منداڵی دەوڵەمەند و کەسانی پارەداربووە، بەڵام لە ساڵی ١٨٤٢ەوە خوێندن لە سوید بۆ هەموو هاوڵاتیێک بووە. ئەم مێژووە دوور و درێژەی خوێندن، بۆتە یارمەتی، کە لە ٢٠٠ ساڵی ڕابردوو، لە تەواوی جیهان کەمترین ڕێژەی نەخوێندەواری لە وڵاتانی سکەندەناڤی بن.

ئەگەر وڵاتێک خاوەنی ئەم مێژووە دوور و درێژ و دەوڵەمەندەی خوێندن و خوێندنەوە و پیشکەوتن و قوتابخانە و زانکۆبێ، بێگومان کۆپیکردن و بەکارهێنانی سیستێمی ئەوان لە وڵاتێکی دواکەوتوو و داگیرکراو و تازە کەمێک ئازادی وەک کوردستان، کە یەکەم قوتابخانەی بەگوێرەی هەندێک بەڵگە لە ١٩٢٧ کرابێتەوە، جگە لەوەی باش و دروست نییە، بەڵکو لاوازی کابینەی پێنجی حکومەتی هەرێم و پسپۆرانی بواری پەروەردەش پیشان دەدا.

لەوانەیە هێنانی سیستێمی خوێندنی وڵاتێکی دراوسێی وەک: سوریا، ئوردەن، یەمەن، ئێران، پاکستان، ئەفغانستان، بەنگلادیش... هتد، بۆ کوردستان کێشەی زۆری دروست نەکردبا و ئاسانتر پەیڕەوکرابا و لەگەڵ کات، جێگەی خۆی کردبایەوە، چونکە هەر نەبێ ئاستی پێشکەوتنی ئەوان لەگەڵ ئاستی پێشکەوتنی ئێمە لەیەک نزیکە و دابونەریتی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش جیاوازی زۆریان لەنێواندا نییە، بەڵام هێنان یان کۆپیکردنی سیستێمی وڵاتێکی یەکجار پێشکەوتووی وەک سوید، کە نزیکە پێنج هەزار کم لە کوردستان دوورە و هیچ شتێکی هاوبەشیش لەنێوان وڵاتانی سکەندناڤی ورۆژهەڵاتی ناوین نییە و ئایین و مێژوو و دابونەرت، بە قۆناغی جیای پێشکەوتن ڕەت بووین، هێنان یان کۆپیکردنی سیستێمێکی بەوشێوە پێشکەوتوی خوێندن، غەدرێکی گەورەیە لە قوتابی و مامۆستا ئینجا لە زانست، بێگومان ئەگەر ژینگەی باش و تەواوی بۆ نەرەخسێندرێ و ئامادە نەکرێ.

منداڵانی سوید سوود لەم سیستێمەی خوێندنی خۆیان وەردەگرن چونکە:

- پێش ئەوەی منداڵ بۆ خوێندن بڕوا، ئەلفوبێ لەماڵ و لە باخچەی ساوایان فێربووە و سەدان کتێبی منداڵانەی بۆخوێندراوەتەوە و خۆشی بەردەوام قەڵەمی بۆ نووسین و نەخش کێشان لەدەستە.

- لە قوتابخانەکانی سوید یەک دەوام دەکرێ و قوتابی تا تەمەنی ١٢ ساڵ، لە کاتژمێر ٦.٣٠ تا ٥.٣٠ی ئێوارە دەتوانی بمینێتەوە.

- لەهەر پۆلێک بەگوێرەی ڕێنماییەکان نابی لە ٢٥  - ٣٠ قوتابی زیاتر هەبی و شیوەی دانیشتنیشیان گروپ گروپە و لە دەورەی مێز کۆبوونەتەوە.

- لە قوتابخانەکانی سوید بەتایبەتی بۆ منداڵانی تا ١٢ ساڵ، قوتابی رۆژانە بەلای کەم یەک جەم نان دەخوا و دوو جاریش لەفەی سوک و تەڕە دەخوا.

- نوێترین تەکنۆلۆژیای ئێلیکترۆنی و سەردەم بەکاردێ.

- خوێندن لە قوتابخانە حکومی و ئەهلییەکان بەخۆڕاییە.

- لە قۆناغی سەرەتایی دایک و باوک بڕیار دەدەن منداڵەکەیان لە چ قوتابخانەیەک لە شوێنی نیشتەجێبوونیان بخوێنێ و لە ئامادەیش دیارە قوتابی خۆی بڕیار دەدات و زۆربەی ئامادەییەکانیش بەگوێڕەی نمرەی قوتابی وەردەگرن.

- لە قوتابخانەکانی سوید قۆپییە ناکرێ و ئەگەر منداڵێک پێویستی بە یارمەتی زیاتر هەبی، دوای دەوام، مامۆستایان بە خۆڕایی بۆ دیاری دەکرێ، بۆئەوەی باشتر تێبگا.

- ساڵانە دوو جار دایک یان باوک مامۆستای سەرپەرشتیار لەگەڵ منداڵەکەیان بەیەکەوە بۆ ماوەی نزیکەی ٣٠ خولەک دەبینن و قسە لەسەر چۆنێتی بەرزکردنەوەی نمرە و پەیڕەوکردنی دیسپلینی قوتابخانە و بەرزکردنەوەی ئاستی قوتابی دەکرێ.

ئەو خاڵانەی سەرەوە سیستێمی خوێندنی سویدی پیشان دەدەن و دیاری دەخەن، کە وەزارەتی پەروەردە بەو نزیکانە ناتوانی سوود لە سیستێمێکی بەوشێوە پێشکەوتوو وەربگرێ، لە کاتێدا لە کوردستان کێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و نیشتەجێبوون و زۆری دیکەش هەیە.

هێنانی ئەم سیستیمەی خوێندن دیارە بەیارمەتی چەند کەسێکی شارەزا لە سیستێمی خوێندنی سویدییەوە بووە، بەڵام چۆن ئەو بڕیاردەرانەی کوردستان هیچ یان زۆر کەم شارەزاییان لەسەر خوێندن و ژیان و کارکردن لە سوید هەبووە، بەهەمان شێوە شارەزایانی سوید یان عەقڵە گەورەکانی پشت ئەم پڕۆژە (ریفۆرمە) سەقەتە، هیچ شارەزاییان لە ژیان و کار و پەروەردە و خوێندن لە کوردستان نەبووە.

کوردستان وڵاتێکی زۆر تایبەتە و بەکات و قۆناغێکی ناسک و هەستیار ڕەت دەبی، بەرتیل و خزم خزمانێ، هەموو جومگەکانی ژیانی گرتۆتەوە، بۆیە لەراستیدا ئێستا و لە داهاتوێکی نزیکیش نەدەبا، قوتابخانە و زانکۆی ئەهلی مۆڵەتیان پێدرابا، چونکە ئەو مۆڵەتەیان بە خراپ بەکار دێنن و دەبینین ڕۆژانە بە ئاشکرا لە لایەن مامۆستا و ئیدارەوە، بەتایبەتیش لە خوێندنگە و زانکۆ ئەهلییەکان، یاری بە نمرەی قوتابی دەکرێ.

چاوەڕێ دەکرا، لە کابینەی شەش یان دواتر دەست لەم ریفۆرمەی خوێندن هەڵبگرن، نەکرا، چونکە لەوانەیە حکومەت لەبەر کێشەی دیکە، نەپڕژابتە سەر خوێندن بەتایبەتیش، کە دەبینین منداڵانی بڕیاردەران لە جۆرە قوتابخانەیەک دەخوێنن، سیستێمی سویدی لێیانەوە دوورە. 

کوردستان وڵاتێکی جیا و تایبەتمەندێتی خۆی هەیە، بۆئەوەی بیرۆکەکان سەربگرن، دەبی لە کوردستان لەدایک ببن...

د. مەغدید سەپان

٢٧ – ١١ - ٢٠١٦