پنتاگۆن بۆ كوردستان 24: ئێمه‌ هاوكارى حه‌شدى شه‌عبى ناكه‌ين

بڕیارێکی ناوخۆیی عێراقییە
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لەبارەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە ناساندنی حەشدی شەعبی وەکو بەشێکی تایبەت لە سوپای عێراقی، وەڵامی پەیامنێری کوردستان24 دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، ئەو بڕیارە، بڕیارێکی ناوخۆیی عێراقییە و ئاشکراشی دەکەن کە ئەوان تا ئێستا ھاوکاریی سەربازییان بۆ حەشدی شەعبی دابین نەکردووە.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پیتەر کووك، گوتى: "لەسەرەتادا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئەوە بابەتێکی ناوخۆیی عێراقە، بەڵام بەبڕوای ئێمە ئەمە دوا بڕیاری عێراق نییە و جارێکی ھەندێ قۆناغی ماوە بە تەواوەتی پەسەند بکرێت. ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە ئێمە بەردەوام دەبین لە ھاوکاریکردنی حکومەتەکەی حەیدەر عەبادی و ھەروەھا ھاوکاریکردنی سەرجەم ئەو ھێزانەی لەژێر سەرپەرشتی ئەودان، بەڵام ئەوەش ئاشکرایە کە ئێمە ھیچ ھاوکارییەکی حەشدی شەعبی ناکەین و ئەوەش گۆڕانکاریی بەسەردا نەھاتووە".