کوردستان24 وێنەی پاش گیان لە دەستدانی وێنەگرەکەی دەڤەری ئامێدی بڵاودەکاتەوە

ھۆکاری گیان لە دەستدانی ئاشکرا دەبێت

K24 - دھۆك

بەگوێرەی راپۆرتی پزیشکی دادی دھۆک ئەو ھاووڵاتییەی لە ناوچەیەکی شاخاوی ئەو پارێزگایە گیانی لەدەستداوە، شوێنی ھیچ گولـلەیەک بە جەستەیەوە دیارنییە.

راپۆرتی پزیشکی دادی دھۆک ئەوەی دەرخستووە کە تەنھا شوێنەواری لێدانی ئاژەڵ بە جەستەی"شوکری زەینەددین" ەوە و ھیچ گولـلەیەک بەر جەستەی نەکەوتووە.

"نیعمەت زەینەدین" برای ئەو ھاووڵاتیەی لە شاخ گیانی لە دەستداوە بە کوردستان24 راگەیاند: "ئێمە ھیچ گومانمان نەماوە کە براکەم نەکوژراوە و بەراز پەلاماریداوە، ئەمە قەزا و قەدەرە و ھیچ شتێکی دیکە نییە".

لە بەدواداچوونی کوردستان24 لەسەر گیان لەدەستدانی ئەو ھاووڵاتییەی خەڵکی قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دھۆک کە وێنەگر و رۆژنامەنووسی کەناڵێکی راگەیاندنی ناوخۆیی ھەرێمی کوردستان بووە، دەرکەوتووە دوای ئەو تەقە لە بەراز کردووە، ئەویش پەلاماری داوە و بەوھۆیەوە گیانی لە دەستداوە.

بە گوتەی بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی دھۆک، شوکری زەینەدین ھاووڵاتیەکی شاری دھۆکە تەرمەکەی لە ناوچەیەکی شاخاوی دۆزراوەتەوە کە ئەو ناوچەیە بەھۆی گەریلاکانی پەکەکە و بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ھاتووچۆکردن لێی ئەستەمە.

 میرزا رێکانی کە ھاوەڵی ئەو ھاووڵاتییە بووە لە شاخ بە کوردستان24 گوت: "ئێمە سێ رۆژ بەیەکەوە لە شاخ بووین، کاتێک لە یەکتر دابراین، شوکری بە منی گوت، بەراز لەم ناوە ھەیە دەچم چاودێریان دەکەم و راویان دەکەم، منیش پێم گوت، پەلە مەکە نوێژ دەکەم پێکەوە دەچین، بەڵام ئەو رۆیشت گوتی، تۆ دوای وەرە، دوای کە رۆیشتم و دوای گەڕانێکی زۆر تەرمەکەیم دۆزیەوە، منیش شتێکم خستەسەر تەرمەکەی و بەپەلە بە پیادەڕۆ گەڕامەوە ھەواڵ بە کەسوکاری بدەم".