لیوایەکی حەشدی شەعبی بۆ مووسڵ پێکدەھێنرێ

"راستەوخۆ سەربە دەستەی سەرۆکایەتی حەشدی شەعبی دەبێ "

K24 - ھەولێر

ئەحمەد جبوری پەرلەمانتاری پارێزگای نەینەوا بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاند، دەستەی سەرۆکایەتی حەشدی شەعبی رەزامەندی لەسەر پێکھێنانی لیوایەک دەربڕیووە، بۆ پاراستنی ئارامی ناوچەکانی گەیارە تاکو مووسڵ.

جبوری گوتیشی: "لیواکە راستەوخۆ سەربە دەستەی سەرۆکایەتی حەشدی شەعبی دەبێ و 4 ھەزار سەرباز لە خۆدەگرێ و ھەماھەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا دەبێت".

ئەمە لە كاتێكدایە لە كۆبوونەوەی رۆژی 26/11/2016، پەرلەمانی عێراق پڕۆژە یاسای دەستەی حەشدی شەعبی پەسەند كرد، ئەو پڕۆژە یاساییە کە لەلایەن ژمارەیەک پەرلەمانتار پێشنیازکراوە، بۆ ئەوەیە دەستەی حەشدی شەعبی کە لە چەند گروپێک پێکھاتوون لە ھێزێکی میلیشیاوە بکرێن بە ھێزێکی یاسایی و سەربە فەرماندەیی ھێزە چەکدارەکان عێراق دەبێت، رووی ماف و ئیمتیازەوە وەك سەربازانی عێراق ھەژمار دەكرێن .