بووك له ژێر چارشێوی ره‌شدا
K24 – هه‌ولێر:
ئاهه‌نگ و سه‌ما له پشت ده‌رگا داخراوه‌كانی سه‌ر زه‌مینی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی داعش و مۆبایلی له گۆڕنراو له ناو نایلۆن و گوێنییه‌ی برنج،ئه‌مه ژیانی ئه‌و عێراقییانه‌یه له ژێر فه‌رمانڕه‌وایی داعشدا ژیان ده‌گوزه‌رێنن،له موسڵ دوور له چاوی چه‌كداره‌كانی داعش و سیخوڕه‌كانیان، هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی رانه‌گه‌یێنراو له ناو ماڵه‌كانه‌وه ده‌ستی پێكردووه.
زۆرێك له‌و خه‌ڵكه‌ی ئاژانسی هه‌واڵی فرانس پرێس چاوی پێیان كه‌وتووه به ناوی خوازراوه‌وه قسه‌یان كردووه،ره‌تیانكردووه‌ته‌وه له به‌رده‌م كامێراكاندا ده‌ركه‌وون،چونكه ئه‌وانه ده‌ترسن كه‌سوكاره‌كانیان كه هێشتا له موسڵن به‌ر نێزه‌ی داعش بكه‌وون.
"عه‌لی" یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌یه به ناوی راسته‌قینه‌ی خۆی قسه‌ی نه‌كردووه، ته‌مه‌نی 24 ساڵه و پێش 4 مانگ له موسڵ هاوسه‌رگیری كردووه،له سه‌ره‌تای مانگی 11 ئاوا‌ره بووه و ئێستا له خێوه‌تگای حه‌سه‌ن شامه له رۆژهه‌ڵاتی شاری موسڵ.
چیرۆكی هاوسه‌رگیرییه‌كه‌یان ده‌گێڕێته‌وه ده‌ڵێت: شه‌یمای هاوسه‌ری ئه‌و رۆژه جلی سپی بوكێنی پۆشیبوو،پرچی به مۆدێلێكی نوێ رێكخستبوو، ده‌م و چاوی ماكیاژ كردبوو، به‌ڵام له‌و كاته‌ی له ماڵی باوكییه‌وه بووكیان گواسته‌وه، عه‌بای درێژ و چارشێوی ره‌شی به‌سه‌ردا دراوه تا له ماڵی خۆیانه‌وه گه‌یشتووه‌ته ماڵی ئێمه.
به‌ڵام دواتر له ماڵی خۆمان ده‌رگاكانمان داخستووه و موه‌لیده‌یه‌كی كاره‌باییمان خستووه‌ته كار بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی گۆرانی و سه‌ما و شادی ژووره‌وه نه‌چێته ده‌ره‌وه، عه‌لی به پێكه‌نیینه‌وه گووتی" گۆرانی و موزیك به ده‌نگێكی نزم له ماڵه‌وه لێده‌درا و كچه‌كان له ژووره‌وه شاییان ده‌كرد و منیش له‌گه‌ڵیان بووم، به‌ڵام پیاوه‌كانی دیكه هه‌موویان له ده‌ره‌وه بوون.
چونكه داعش له ناوچه‌كانی ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌ویی خۆیدا گۆرانی و موزیكی قه‌ده‌غه كردووه،ناهێڵێت كچان و ژنان ده‌م و چاویان به‌دره‌وه بێت،ناچاری كردوون ده‌بێت رووپۆش"نیقاب" بپۆشن، بۆ پیاوه‌كانیش بڕیاری له‌و جۆره توندی هه‌یه، ده‌بێت ریشیان بهێڵنه‌وه و نابێت جگه‌ره بكێشن و هیچ جۆره یاری و خۆشییه‌ك بۆ خۆیان درووست بكه‌ن.
عه‌لی ده‌ڵێت ئاهه‌نگ و شاییه‌كه هێنده خۆش نه‌بوو كه له خه‌یاڵی خۆمدا وێنه‌م كێشابوو،چونكه من ده‌مویست جل و به‌رگی مۆدێرنی زاوایه‌تی بپۆشم و له‌گه‌ڵ خزم و كه‌سوكارم به كاروانی ئۆتۆمبێل به شه‌قامه‌كانی موسڵدا بسورێینه‌وه و هه‌موو شار بگه‌ڕێین.
شه‌یما كه به چارشێوێكی مۆری كاڵه‌وه له ته‌نیش هاوسه‌ره‌كه‌ی دانیشتبوو،له‌و قسانه شه‌رمی ده‌كرد و ده‌م و چاوی سوورهه‌ڵگه‌رابوو،ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ی گووت: نه‌یانهێشت ئاهه‌نگێكی گه‌وره به دڵی خۆمان سازبكه‌ین،ده‌مانویست به شاردا بسوڕێنه‌وه به‌ڵام له ترسی ده‌ستگیركردن و سزادانمان له لایه‌ن داعشه‌وه نه‌مانوێرا وابكه‌ین.
ئه‌و كاته‌شی پێشڕه‌وی هێزه عێراقییه‌كان گه‌یشتووه‌ته نزیك ماڵی باوكی عه‌لی وه‌ك زۆر كه‌سی دیكه به‌په‌له ماڵه‌كه‌یان جێهێشتووه، به‌ڵام ئه‌و وێنه‌یه‌ی له ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیرییه‌كه‌یان گرتبوویان له‌گه‌ڵ خۆیانهێناوه.
عه‌لی وێنه‌كه‌ی گرتبوو به ده‌ستییه‌وه، له وێنه‌كه‌دا بووك له ته‌نیشت عه‌لی به جلی سپییه‌وه وه‌ستاوه و پێده‌كه‌نێت،له‌و باره‌وه ده‌ڵێت"چاپكردنی ئه‌و جۆره وێنانه له موسڵ قه‌ده‌غه‌یه،من خۆم دووكانی وێنه‌گری و چاپم هه‌بووه،چوومه‌ته ناو دووكانه‌كه‌م و ده‌رگاكه‌یم داخستووه و په‌رده‌كانیشم داداوه‌ته‌وه تا به نهێنی ئه‌و وێنه‌یه‌م چاپكردووه.
عه‌لی و شه‌یما له ناو هاوڕێ و دراوسێكانیان له خێوه‌تگای حه‌سه‌ن شام دانیشتوون، له‌وێ گاڵته و گه‌پیان ده‌كرد و پێده‌كه‌نین،ئه‌وه‌ش ئه‌و كاره‌یه كه له ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وی داعشدا نه‌یانده‌توانی بیكه‌ن.
"سه‌میحه" كچێكی ته‌مه‌ن 23 ساڵه و له‌و ئاهه‌نگه نهێنییه‌ی عه‌لی و شه‌یمادا به‌شدار بووه،ئه‌و چیرۆكی زیاتر ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێت: ئه‌و زه‌ماوه‌نده ته‌نها كارێك نه‌بووه له ماوه‌ی زیاتر له دوو ساڵی فه‌رمانڕه‌وایی داعشدا به نهێنی كردوومانه،به‌ڵكو به‌هۆی هیدفۆن گوێمان له‌و گۆرانیانه‌ش ده‌گرت كه له سه‌ر ئامێری مۆبایله‌كانمان هه‌بوو،ئه‌ویش هه‌ر به‌نهێنی و به ترسه‌وه،هیدفۆنه‌كه‌مان له گوێ ده‌كرد و له پشت ده‌رگا داخراوه‌كانه‌وه ئه‌و كاره‌مان ده‌كرد.
چونكه داعش مۆبایلی قه‌ده‌غه كردبوو،مۆبایلیان به هه‌ر كه‌سێك بگرتایه سزایه‌كی توندیان ده‌دا.
سه‌میحه به‌رده‌وام بوو له سه‌ر گێڕانه‌وه‌ی ره‌وشی ژیانیان له سایه‌ی چه‌كدارانی داعشدا،ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر بمانویستبایه په‌یوه‌ندی به كه‌سێكی نزیكی خۆمانه‌وه بكه‌ین به تایبه‌تی له ده‌ره‌وه‌ی موسڵ،چه‌ند ساتێك ده‌مانتوانی ئه‌وه بكه‌ین، ته‌نها ده‌مانپرسی"چۆنی، باشی، خوات له‌گه‌ڵ".
زه‌ینه‌ب دراوسێی سه‌میحه یه و ئه‌ویش ئاواره‌ی موسڵه و نزیكه‌ی مانگێكه له گه‌ره‌كی "ئینتیسار"وه هاتووه" قسه‌كانی به سه‌میحه بڕی و گوتی: ئه‌وكاتانه ده‌بووایه پیاوێكیشمان له به‌ر ده‌رگا دانابووایه تا بزانێت كه‌س نایه‌ت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه كورته ئه‌نجام بده‌ین.
سه‌میحه ئه‌و میمۆرییه‌ی گۆرانییه‌كانی له سه‌ر دانابوو، له ناو تابلۆیه‌كی قه‌د دیوار پاراستبوو،به‌ڵام خه‌ڵكانی دیكه هه‌ن داهێنانیان كردووه بۆ شاردنه‌وه‌ی مۆبایله‌كانیان له ترسی چه‌كدارانی داعش.
له خێوه‌تگای"خازر" له رۆژهه‌لاتی موسڵ ژنێك به ناوی"عالیه" كه ته‌مه‌نی "40" ساڵانه گوتوویه‌تی: ته‌نها گوێمان له ده‌نگی ده‌رگا ده‌بوو، یه‌كڕاست مۆبایله‌كانمان ده‌شارده‌وه،من جارێكیان له ناو لۆكه‌دا شاردبوومه‌وه، به‌ڵام زۆر كه‌س هه‌بوون له ناو گوێنییه‌ی برنج و ئارددا ده‌یانشارده‌وه.
زۆر كه‌سی دیكه‌ش قسه‌یان له‌وباره‌یه‌وه كردووه گوتوویانه: مۆبایله‌كانیان له ناو باخچه و كیسه‌ی پلاستیكیدا شاردووه‌ته‌وه و زۆر جار خستوویانه‌ته ناو ئاوده‌سته‌كانه‌وه.
عه‌دنان ته‌مه‌نی 46 ساڵه و ئاوا‌ره بووه بۆ خێوه‌تگای خازر، چیرۆكی خۆی هه‌یه له‌باره‌ی چۆنییه‌تی ته‌ماشاكردنی ته‌له‌فزیۆن، ده‌ڵێت ئه‌و كاتانه‌ی چه‌كدارانی داعش هاتوون و داوای سینی و ئامێری وه‌رگرتنی سه‌ته‌لایته‌كه‌یان كردووه، دانه‌یه‌كم پیادان، به‌ڵام له راستیدا خۆم سێ دانه‌م هه‌بوو، به جۆرێك شاردبوومه‌وه كه‌س نه‌یده‌بینێ،بۆیه كه ده‌گه‌ڕامه‌وه ماڵه‌وه به نهێنی ته‌ماشای ته‌له‌فزیۆنم ده‌كرد.
عه‌دنان هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: رۆژانه سێ كاتژمێر ته‌ماشای ته‌له‌فزیۆنم كردووه،ئه‌ویش شه‌وان له كاتژمێر 8:00 تا 9:00 شه‌و به‌سه‌ره‌وه ئه‌و كاره‌م ده‌كرد،به‌ڵام عه‌دنان چانسێكی باشی هه‌بووه كه چه‌كداره‌كان شه‌وێك له‌و كاتانه‌دا هه‌ڵیان نه‌كووتاوه‌ته سه‌ر ماڵه‌كه‌ی ده‌نا تووشی سزایه‌كی گه‌وره و ئازارێكی زۆر ده‌بوو،ئه‌و چاوبه‌سته‌كیشی له چه‌كداره‌كان كردووه و له ده‌ره‌وه هه‌موو رێنماییه‌كانی ئه‌وانی جێبه‌جێ كردووه و ته‌نانه‌ت په‌یوه‌ندی به كه‌سه‌وه نه‌بووه و شه‌رواڵه كورته‌كه‌شی له به‌ركردووه.