شەقامی 120 مەتری ھەولێر دەكرێتەوە

ئەندازیاری پڕۆژە: شەقامەكە ترافیكی تێدانییە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بڕیارە 15 ئەم مانگە بەشێک لە شەقامی 120 مەتری ھەولێر بە ڕووی شوفێراندا بکرێتەوە، ئەندازیارێکی ئەم پرۆژەیەش دەڵێت، کرانەوەی شەقامی 120 مەتری قەرەباڵغی لەنێو شاردا ناھێڵێت، شەقامی 120 مەتری لە سێ بەش پێکھاتووە و سەرۆکی بەشی ھونەریش لە سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر ھۆکاری دواکەوتنی بەشەکانی دیکە دەخاتەڕوو.

شوان یوسف سەرۆکی بەشی ھونەری لە سەرۆکایەتی شارەوانی ھەو‌لێر، بە كوردستان24 گوت: "ھۆكاری دواكەوتنی پڕۆژەكە قەیرانی داراییە كە حكوومەت ناتوانێ ئەو پێشینانەی ھەیە خەرجی بكات، ئەمەش وایكردبوو كارەكانی ئەو پڕۆژەیە بوەستێنرێت".

ئەندازیار ئەمیر عەبدولخالق بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی ڕێگاوبان لە کۆمپانیای گروپی ھێمن بۆ كوردستان24 گوتی: "شەقامی 120 ھەولێر ھیچ ترافیكێكی تێدا نییە، ھەموو ئەو شوێنانەی كە لە دەرەوە و ناوەی شار ئۆتۆمبێل لێی دێتە سەر شەقامەكە بە بەرزە پرد و ژێر پرد بەستراوەتەوە".

شەقامی 120 مەتری درێژییەکەی 38 کم بەسەر سێ بەش دابەشکراوە و بە گوژمە 140 ملیۆن دۆلار پڕۆژەكە ئەنجامدەدرێت.