پەرلەمانتارێك: ھیچ پێشنیارێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق لەبەرچاو نەگیراوە
K24 - بەغدا
لە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق ئەو مادانەی کە پەیوەستە بەھەرێمی کوردستانەوە دەنگی لەسەردراوە، بە گوتەی ھەندێك لە پەرلەمانتاران، ئەوەی دەنگی لەسەردراوە دووبارەکردنەوەی ھەمان ئەو رێكکەوتنە نەوتییەی نێوان حکوومەتی ھەرێم و بەغدایە تەنیا برگەی گرنگیدان بە مووچەی فەرمانبەرانی بۆ زیادکراوە.
لە لێدوانێكدا بۆ كوردستان24، ئەشواق جاف پەرلەمانتاری كورد لە فراكسیۆنی پارتی رایگەیاند: "ھاوپەیمانی نیشتمانی كۆبوونەوەی خۆیان ئەنجامدا و نە پێشنیاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستانی وەرگرت نە پێشنیاری برادەرانی یەكێتی و گۆڕانیش، بەڵكو پێشنیاری خۆی ھێناو خستییە ناو رەشنووسی بودجە و دەنگی لەسەردا".
گوتیشی: "دەنگ نەدان لەسەر پڕۆژەی برادەرانی یەكێتی و گۆڕان بەڵگەیەكی ئاشكرایە كە ئامانجی ھاوپەیمانی نیشتمانی تەنھا قوڵكردنەوەی ململانێی نێوان كوردستانییەكانە".
ھوشیار عەبدوڵڵا پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بە كوردستان24 گوت: "جێبەجێكردنی ئەم رێككەوتنەی لە نێوان بەغدا و ھەولێرھەیە، تەنھا پەیوەست نییە بە پارتی، تۆپ لە قاچی یەكێتییە، چونكە ئیدارەی كەركووك بە دەست یەكێتییەوەیە، واتا ھەردوو ھێزەكە ئەگەربیانەوێت پابەندن ئەوا دەتوانن، ئەگەرنا نایانەوێت".