فێستیڤاڵی بەرھەمە دەستییەكان لە تاران بەڕێوەدەچێت

kurdistan24.net

K24 - تاران

یەکەم فێستیڤاڵی بەرھەمە دەستییەکانی ئێران لە تارانی پایتەختی ئەم وڵاتە بەڕێوەچوو، لەم فێستیڤاڵەدا ژمارەیەک لە بەرھەمھێنەرانی بەرھەمە دەستییەكان خەڵاتکران، ھەروەھا ھەوڵدان بۆ دۆزینەوەی بازاڕ لە ئاستی نێودەوڵەتی و ھەناردە کردنی بەرھەمە دەستییەکانی ئێران خرایە بەر باس و گفتوگۆ.

لە لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 ئەمیر ئاقاجانی بەرھەمھێنەر رایگەیاند: "ھێندێک لەو کێشانەی ئێمە ھەمیشە ھەمانبووە ئەوەیە کە لە بەشی ھەناردەکردندا پشتیوانیی لێ ناکرێ، ئەگەر بۆ نموونە ھێندێک پێشانگایان بۆ وڵاتانی بیانی بەڕێوەبردبا کە بەرھەمە دەستییەکانیان زیاتر ناساندبایە بۆ ھەناردە کردن، ئەوکات ئێمە دەمانتوانی بەرھەمھێنانمان دوو ئەوەندەی دیکە زیاد بکەین".

زەھرا ئەحمەدی پوور سەرۆکی رێکخراوی کەلەپوور و بەرھەمە دەستییەکانی ئێران بە كوردستان24 گوت: "ئەمە لە بواری پیشەسازییە دەستییەکاندا بە شێوەی جیددی نەچووینەتە ناو باسی دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرھەمەکانمان، واتا پەیوەندییەکی باش لە نێوان بەرھەمھێنەری ئێمە و بازاڕدا نییە، نەیانتوانیوە بەرھەمەکانیان لە ژمارەیەکی زۆردا بخەنە بازاڕەوە، ھەڵبەت ئەوە بنەمایەکە کە بەرھەمی دەستی ناتوانێ لە ژمارەیەکی زۆر دا بەرھەم بێ، بەڵام ھەرچەندە کڕیاری زیاتر و بازاڕی باشتری ھەبێ بەرھەم ھێنانەکەشی زیاتر دەبێت".